شه‌وی فڕینی کوند
شه‌وی فڕینی کوند
خوێندنه‌وه‌ی وتارێکی مراد فه‌رهادپوور
ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده
ئه‌لف. شیکاری
1ــ فه‌رهادپوور له سه‌ره‌تای وتاری خولگه‌ی کورت[1] دا باسی ئه‌وه ده‌کا که پێکه‌وه لکانی تیفکرین و ته‌جروبه یا فه‌لسه‌فه و ژیان له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه ده‌کرێ به ئیتتسا‌لی کردنی ئامێره کاره‌باییه‌کان بشوبهێندرێ. له ئیتتسا‌لی کردنی ئامێرێکی کاره‌بایی‌دا دوو ته‌ل یا دوو به‌شی ئه‌و ئامێره که نابێ به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندیان پێکه‌وه هه‌بێ، وێک ده‌که‌ون. له‌م ڕووداوه زۆر کورته دا سه‌ره‌تا چه‌خمایه‌کی پڕنوور لێ‌ده‌درێ، دواتر سووکه دووکه‌ڵێک به بۆنێکی تیژ ساز ده‌بێ و ئینجا ئه‌وه‌ی هه‌یه، له‌کار که‌وتنی ئامێر و وه‌ستان و داوه‌ستانه.
پرسیارێک که ده‌ورووژێ ئه‌مه‌یه که سه‌رچاوه و ده‌لاله‌ته فیکرییه‌کانی ئه‌م شوبهاندنه‌ی فه‌رهادپوور چ شێوه تێفکرینێکه؟ بۆ وڵام‌دانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره ده‌بێ بڵێین که ئه‌م هێله فیکرییه‌ی باسی لێ ده‌که‌ین خۆی تێکه‌ڵه‌یه‌ک له دوو هێڵی فیکری تر واته ئایدیالیزمی ئاڵمانی و ده‌روون‌شیکاری لاکانی‌یه. نه‌ریتی فه‌لسه‌فی ئایدیالیزم به گشتی به هه‌موو ئه‌و جوداوازییانه‌ی له ناوی‌دا هه‌یه په‌رچه‌کردارێک بوو له به‌رانبه‌ر سوننه‌تی ڕوشنگه‌ری‌دا. ده‌زانین دروشمی سه‌ره‌کی بزووتنه‌وه‌ی ڕۆشنگه‌ری، سه‌ره‌تی دان به عه‌قڵانییه‌ت بوو. زانایانی ئه‌و سه‌رده‌مه پێیان وابوو حه‌قی عه‌قڵ به قازانجی هێندێک ئۆتۆریته‌ی تر نه‌دراوه و دروشمی سه‌ره‌کییان ئه‌وه بوو: ئازایه‌تی بیرکردنه‌وه‌ت هه‌بێ. ئایدیالیسته‌کان پێیان وابوو له سوننه‌تی ڕۆشنگه‌ریش‌دا حه‌قی هه‌ست و سۆزی مرۆڤ به قازانجی عه‌قڵ پێشێل کراوه؛ که‌وایه ئه‌وانه پێیان وابوو دادی هه‌ست و سۆزی مرۆڤ ده‌بێ بدرێ. چه‌مکی دژ به عه‌قڵ، شێتی‌یه. گڵین داڵی له وتاری ژیژه‌ک، قومار له‌سه‌ر بابه‌تی مه‌حاڵ[2] دا باسی ئه‌وه ده‌کا که به گوێره‌ی بۆچوونی ئایدیالیسته ئاڵمانییه‌کان شێتییه‌کی ئه‌وتۆ که له شیکردنه‌وه نایێ به قووڵایی cogito واته من بیر ده‌که‌مه‌وه دا و به قووڵایی سووژه‌مه‌ندی و زه‌ینییه‌ت دا تێده‌په‌ڕێ. کانت ئه‌م لایه‌نه‌ی مرۆڤ به پانتایی شه‌ڕڕی ئه‌هریمه‌نی لێک ده‌داته‌وه به‌ڵام هێگڵ به شه‌وی ڕۆح و شلینگ به شه‌وی جیهانی ناو ده‌با.
هه‌ڵبه‌ت له‌بیرمان نه‌چێ هێگڵ ده‌ڵێ کوندی مینروا ــ خوازه‌یه‌ک بۆ بیری فه‌لسه‌فی ــ هه‌ر به ته‌نیا به‌شه‌و ده‌فڕێ. ئه‌و قسانه یانی چی؟ ئه‌وانه ده‌یانهه‌وێ بڵێن فه‌لسه‌فه و به گشتی به‌رهه‌می بیریی مرۆڤ، ئه‌وه‌نده‌ی به‌رهه‌می عه‌قڵی ئینسانن ئه‌ونده‌ش به‌رهه‌می شێتیی مرۆڤن. له‌ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه هه‌ر له‌جێ‌دا له ئاکامی پێک گه‌یشتن و وێک که‌وتنی عه‌قڵ و شێتی‌یه که فیکر و فه‌لسه‌فه وه‌دی دێ. لێره‌دا ده قسه‌ی فه‌رهادپوور ده‌گه‌ین. ئه‌و ده‌یهه‌وێ بڵێ ئه‌وه ئیتتیسالی کردنی ئاوه‌ز و شێتی مرۆڤه که چه‌خماخه‌یه‌کی فیکری لێ وه‌دی دێ. ئه‌وه ڕووداوێکه که له پانتایی ده‌روونی مرۆڤ دا ڕووده‌دا و ئه‌و ڕووداوه له لایه‌نی ترۆماتیک و کاره‌ساتاوی به‌تاڵ نییه.
2ــ فه‌رهادپوور له شوێنیكی تری وتاره‌که‌ی دا ده‌ڵێ کاتێک ده‌ڵیێن پێکه‌وه‌لکانێک له نێوان فه‌لسه‌فه و ژیان‌دا ڕووده‌دا له ڕاستی‌دا پێمان وابووه له نێوان ئه‌م دووه دا که‌لێن و به‌تاڵاییه‌ک هه‌یه. لێره‌دا نووسه‌ر بۆچوونێكی مه‌ته‌ڵ‌ئاسا ده‌رده‌بڕێ که به گه‌ڕانه‌وه بۆ بۆچوونه‌کانی لاکان ته‌م‌ومژی قسه‌که لاده‌چێ. نووسه‌ر ده‌ڵێ تاقه شێوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی وێک که‌وتنی فه‌لسه‌فه و ژیان ــ که له ڕوانگه‌ی فه‌رهادپووره‌وه ئه‌م شێوه تاقانه‌یه شێوه‌یه‌کی هێگڵی‌یه ــ بریتی‌یه له ڕاگواستنی که‌لێنی نێوان ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره بۆ ناو یه‌کێک له‌وان. مانای ئه‌م قسه ته‌م‌ومژاوییه چی‌یه؟
بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره هێنانی پێشه‌کییه‌ک پێویسته. سوو‌ژه له لای بیرمه‌ندان و فیلسووفان، پێناسه‌ی زۆر جۆراوجۆری بۆ کراوه. کاتێک دێکارت ده‌ڵێ: من بیر ده‌که‌مه‌وه، پێش‌گریمانه‌ی ئه‌م قسه‌یه ئه‌وه‌یه که منێکی یه‌کپارچه و خۆگرتوو و پێناسه‌بۆکراو هه‌یه که ده‌توانێ بیر بکاته‌وه. به گشتی له سوننه‌تی مۆدێرنیستی‌دا سوو‌ژه وه‌کوو مه‌وجوودییه‌تێک چاوی لێ‌ده‌کرێ که ده‌توانێ به یه‌کپارچه‌یی بگا. له به‌رانبه‌ر ئه‌و بۆچوونه دا پۆست‌مۆدێڕنه‌کان پێیان وایه سوو‌ژه به هیچ کلۆجێک بوونێکی یه‌کپارچه و پێناسه‌بۆکراوی نییه به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه لێک ترازاو و له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شاوه. له لای بیرمه‌ندانێکی وه‌ک ژیژه‌ک کام بۆچوو‌ن ڕاسته؟ هیچ کامیان. ژیژه‌ک ده‌ڵێ سوو‌ژه به‌تاڵاییه‌کی بنیاتنه‌ری بناغه‌یی‌یه که هه‌موو کات پێواژۆی به سوو‌ژه بوون ده‌باته پێش به‌ڵام له ئه‌نجام‌دا ئه‌م به‌تاڵاییه پڕ نابێته‌وه.
ده‌زانین به‌تاڵایی خۆ ناگرێ و هه‌میشه مه‌یلی پڕ بوونه‌وه‌ی هه‌یه. به‌ڵام له ڕوانگه‌ی ژیژه‌که‌وه هه‌ر که به‌تاڵایی سوو‌ژه به‌ره‌و پڕ بوونه‌وه ڕۆیشت واته هه‌رکه سوو‌ژه به‌ره‌و ئه‌وه چوو که بوونی یه‌کپارچه‌ی خۆی پێناسه بکا، ئه‌م سووژه‌یه که هاتووه خۆی بگرێ به‌هۆی هانه و بزوێنه‌ی ئه‌و به‌تاڵایی له‌بن‌نه‌هاتووه خه‌تێکی به‌سه‌ر دا ده‌کێشرێ و پێواژۆی به سوو‌ژه بوون دیسان درێژه‌ی ده‌بێته‌وه. هه‌ر بۆیه لاکان نیشانه‌ی $ واته سووژه‌ی خه‌ت لێ‌دراو و به‌تاڵ بۆ سوو‌ژه هه‌ڵده‌بژێرێ.
ئێستا با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر قسه‌که‌ی فه‌رهادپوور: تاقه شێوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی وێک که‌وتنی فه‌لسه‌فه و ژیان یا بیر و ته‌جروبه، بریتی‌یه له ڕاگواستنی که‌لێنی نێوان ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره بۆ ناو یه‌کێک له‌وان. ئێستا به لانی که‌مه‌وه ده‌زانین ڕاگواستنی که‌ڵێن و بۆشایی بۆناو یه‌کێک له‌و دوو جه‌مسه‌ره واته فه‌لسه‌فه و بیر (یا له ڕاستی‌دا سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵقوڵینی بیر و فه‌لسه‌فه واته سوو‌ژه) چی‌یه. نووسه‌ر ده‌یهه‌وێ بڵێ به‌رهه‌م هاتنی بیر و فه‌لسه‌فه یه‌کێک له ئاکامه‌کانی پێواژۆی به‌سووژه بوونی سووژه‌یه. ئه‌وه‌شمان گوت له ڕوانگه‌ی ئه‌مانه‌وه ئه‌م پێواژۆیه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای که‌لێن و بۆشاییه‌ک ده‌چێته پێش. دیسان گه‌یشتینه‌وه سه‌ر به‌تاڵایی، بابه‌تی مه‌نفی، نه‌بوون و شێتی. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه هه‌موو له خوازه‌ی شه‌و دا کۆ بکه‌ینه‌وه قسه‌ی هێگڵ دیسانه‌کانه له گوێمان دا ده‌زرینگێته‌وه: کوندی مینڕوا به شه‌و نه‌بێ نافڕێ.
ب. ڕه‌خنه‌کاری
3ــ له ناسین‌ناسی نوێ‌دا جوداوازییه‌ک له نێوان ئاستی دۆزینه‌وه و ئاستی پاساودان بۆ تیۆرییه‌کان داندراوه. له لێک‌دانه‌وه‌ی ئه‌م جوداوازیه دا گوتوویانه ئاستی پاساو دان پێوه‌ندی به‌مه‌وه هه‌یه که چۆن یه‌که‌م‌جار چه‌خماخه‌ی تیۆرییه‌ک له زه‌ینی مرۆڤ‌دا لێ‌ده‌ردرێ و ده‌گوورێ به‌ڵام له ئاستی پاساودان‌دا ئه‌م تیۆرییه و به‌ڵگه‌کانی بڕواپێ‌هێنانی به شێوه‌یه‌کی ماقووڵ ڕوون‌ده‌کرێنه‌وه. له نه‌ریتی عه‌قڵانییه‌تی ڕه‌خنه‌گرانه‌دا باسی ئه‌وه ده‌کرێ که ئاستی دۆزینه‌وه ده‌کرێ بخرێته که‌وانه و ئه‌وه‌ی بۆ قبووڵ کردن یا ره‌ت‌کردنه‌وه‌ی تیۆرییه‌ک، گرینگایه‌تی هه‌یه ئاستی پاساودانه. به گوته‌یه‌کی تر ئه‌مانه پێیان وایه تیۆرییه‌ک هه‌رچۆنێک به میشکی که‌سێک گه‌یشتووه گرینگ نییه؛ له‌وانه‌یه که‌سێک له‌خه‌ون‌دا یا له‌سه‌رخۆشی‌دا یا له شێتی‌دا گه‌یشتبێ به گه‌ڵاڵه‌کردنی تیۆرییه‌ک، له‌وانه‌شه له کۆنه کتێبێکی دۆزیبێته‌وه ڕه‌نگه له ئه‌فسانه کۆنه‌کانی ئیلهام وه‌رگرتبێ و له‌وانه‌شه له زه‌ینی خۆی‌دا به شێوه‌یه‌کی نبووغ‌ئامێز چه‌خماخه‌ی لێ‌درابێ. ئه‌وانه هیچ‌کامیان بۆ قبووڵ کردن یا ره‌ت‌کرنه‌وه‌ی ئه‌م تیۆرییه گرینگ نین. گرینگ ئه‌وه‌یه ئه‌م تیۆرییه چۆن پاساوی بۆ ده‌درێ. لێره‌وه ئه‌گه‌ر بۆ بۆچوونه‌کانی باس‌کراو له به‌شه‌کانی پێشوو بگه‌ڕێینه‌وه ده‌زانین ئه‌و وه‌سفه‌ی که‌سانێکی وه‌ک فه‌رهادپوور له ڕه‌وتی گۆڕانکارییه‌کانی سوو‌ژه و خۆ مات دانی شێتی له ناو ئاوه‌ز و شتی له‌م چه‌شنه ده‌که‌ن گشتی پێوه‌ندی به ئاستی دۆزینه‌وه هه‌یه. بیر ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت له ئاستی دۆزینه‌وه دا شێتانه‌ش گوورابێ، له ئاستی پاوساو دان دا نابێ شێتانه پاساو بدرێ. ئه‌گه‌ر گریمان شێتانه‌ش پاساو درا ئه‌وا ده‌بێ سه‌رنج بده‌ینه ئه‌م خاڵه گرینگه که بیر و تیۆری کاتێک ده‌رده‌بڕدرێ ئیتر ده‌بێ به شتێکی عه‌ینی و له‌ناو جیهانی دوو واته جیهانی پڕۆسه ده‌روونییه‌کان دێته ده‌ره‌وه و ده‌چێته ناو جیهانی سێ واته جیهانی به‌رهه‌مه عه‌ینییه‌کانی فیکر. لێره‌دا چونکه له حاڵه‌تێکی سۆبژه‌کتیڤ هاتووه‌ته ده‌ر و حاڵه‌تێکی ئۆبژه‌کتیڤی به‌خۆوه گرتووه ئیتر شوناسێکی له‌گه‌ڕ و ڕه‌وان و به‌کۆمه‌ڵ په‌یدا ده‌کا و به زه‌بری چه‌کوچی ڕه‌خنه‌ی به‌رده‌وام، به درێژایی ساڵ و زه‌مانان هه‌ر دێ و له ڕاستی نزیک‌تر ده‌بێته‌وه.
کاتێک فه‌رهادپوور باسی تاقانه شێوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی پێکه‌وه‌لکانی بیر و ته‌جروبه ده‌کا، ده‌بێ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بداته‌وه که ئه‌و تاقانه شیوه‌یه، بۆ گه‌یشتن به بیرۆکه‌کانه یا بۆ پاساو دانیان؟ ئه‌گه‌ر بۆ گه‌یشتن به بیرۆکه‌کانه ئه‌وا ده‌بێ بڵێین ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌کی ئاشکرای ئه‌پیستمۆلۆژیکه پێمان وا بێ ڕاسته‌قینه، بابه‌تێکی ئه‌وتۆیه له ئاستی دۆزینه‌وه‌ی بیرۆکه‌کان‌دا دێته گۆڕێ. ئه‌گه‌ریش بۆ پاساودانیانه دیسان ده‌بێ بڵێین ته‌جروبه‌ی شێتی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له ئاستی که‌شف‌دا جێگای بۆ بکرێته‌وه له ئاستی پاساودان و پشت‌ڕاست‌کردنی‌دا که‌م و زۆر چ جێگه و پێگه‌یه‌کی نییه.ڕووداوه‌کانی ناو جیهانی سوو‌ژه، چ ترۆماتیک بن و چ ئارام، چ ئاوه‌زمه‌ندانه بن و چ شێتانه پێوه‌ندییان به جیهانی دووه هه‌یه نه‌ک جیهانی سێ؛ که‌چی پاساو دان پێوه‌ندی به جیهانی سێوه هه‌یه نه‌ک جیهانی دوو.
[1] ـ بڕوانه : مهرگان، امید، تفکر اضطراری،گام ن‌و، تهران، لل196-191
[2] ـ ژیژک، اسلاوی، گزیده‌ی مقالات: نظریه، سیاست، دین، گزینش و ویرایش مراد فرهادپور، مازیار اسلامی،امید مهرگان،تهران،گام ن‌و
خێوه‌ت وێبلاگێکی دوو زمانه‌ی کوردی و فارسی یه. ئامانجه سه‌ره‌کییه‌که‌ی توێژینه‌وه‌ی هزر و ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخه. ئه‌م خێوه‌ته له هۆبه و هه‌واری سازگاری بیر و ئه‌ندێشه‌ی کوردی‌دا هه‌ڵدراوه.له‌م خێوهتهدا گرینگیی به بابه‌تی پێوه‌ندیدار به ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و زمانه‌وانی و فه‌لسه‌فه ده‌درێ. خێوه‌ت هێمایێکه بۆ کۆچ کردن؛ کۆچ کردنی به‌رده‌وام له هه‌رێمێکی تێفکرینهوه بۆ هه‌رێمێکی تر.به‌رده‌نگی خێوه‌ت هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ن که له جوغڕافیای هه‌راوی تێفکریندا خۆیان به ههوارچی ده‌زانن نه‌ک به پهیکهرهیێکی چه‌قیو.