بەیتی کوردی لە خوێندنەوەیەکی بەراوردکارانە، بهشی کۆتایی
بەیتی کوردی لە خوێندنەوەیەکی بەراوردکارانە لەگەڵ ئەدەبی کلاسیکدا
بهشی کۆتایی
بەر لەوەی بپهرژێینە سەر چۆنیەتی وەدی هاتنی ئاڵ و گۆڕ لە فۆرمی بەربڵاوی بەیتی کوردی دا، با بە شێوەیەکی بەراوردکارانە، ئاوڕ لە بەستێنی ئەدەبی کلاسیک بدەینەوە و قسە لە سەر قالبێکی شێعری کلاسیک بکەین کە لکی چکۆڵەتری لێ بووهتەوە و دواتر ئەم لکە وەکوو قالبێکی تازە لە بەستێنی ئەدەبی کلاسیکدا بەڕەسمی ناسراوە، ڕووداوێک کە لە بەستێنی بەیتی کوردیش دا ڕووی داوە بەڵام زۆرکەم ئاوڕی زانستی لێ دراوەتەوە.
قەسیدە قالبێکی شێعریی زۆر گرینگ لە شێعری کلاسیکی عەرەبی و فارسی دایە، گرینگی قەسیدە بێژی لە شێعری عەرەب دا تەنانەت بۆ دەورانی بەر لە ئیسلامیش دەگەڕێتەوە و ئەو حەوت پارچە قەسیدە فەسیح و بەلیغە کە بە "معلقات سبع" ناویان دەرکردووە و دەڵێن هۆنراوەی حەوت شاعیری بە نێوبانگی عەرەبی زەمانی جاهیلین و وەختی خۆی لە دیواری کابە هەڵاوەسراون، شاهیدی ئەم بۆچوونەن. فارسەکان ئەم قاڵبە شێعرییەیان لە عەڕەبەکان وەرگرتووە و بۆ مەدحی پادشا و ئەمیرە گەورەکانیان بە کاریان هێناون. (لە بەر ئەوەی لە کۆمەڵگای کوردی دا، حکوومەتێکی نەتەوەیی بەهێز نەبووە کە بە دیاریکردنی ناوەندێک، حوکم بەسەر هەموو بەشەکانی وڵاتی کوردان دا بکا، یان ئەگەر هەبووە وەکوو نموونەی فەرمانڕەوایی بەدرخان، زۆرکەم خایەن بووە، هەر بۆیە دەرباری ئاواش نەبووە کە بە پووت زێڕ و زێو بخاتە بەردەمی ئەو شاعیرە مەدداح و پەسن بێژانەی کاریان هەر بەتەنیا هۆندنەوەی قەسیدەی مەدحی بێ. ئەوەتا لە ئیرانیش دا، لە سەدەی شەشەم و حەوتەم بەم لاوە، بە دوای تێک چوونی فەرمانڕەواییەکی بەهێزی ناوەندی لە ئاکامی هێرشی مەغوول دا، گوتنی قەسیدەش بەم شێوەیە لەناو چوو و قەسیدە بێژەکانیش لە مەدحی پادشاکانەوە بایان داوە بۆ پەسنی وەلی و پیاوچاکان.
قەسیدە پارچە شێعرێکی درێژە و تەنانەت جاری وایە هەتا حەفتا بەیتیش خۆی لە بەریەک دەکێشێتهوە. ئەم قاڵبە شێعرییە لە چوار بەش پێک دێ. بەشی یەکەم (تەشبیب)ی پێ دەڵێن. وشەی تەشبیب کە لەگەڵ وشەی (شباب) هاوریشەیە، بەمانای یادکردنەوەی هەڕەتی لاوی یە. لەبەر ئەوەی قورسایی زۆرتری هەست و سۆزی ئەم دەورەیە، دەگەڕێتەوە بۆ خۆشەویستی و ئەوینداری، کەواتە ئەم بەشەی قەسیدە، زیادتر لەخۆگری شێعری ئەویندارانەیە. هەربۆیە ئەو بەشە سەرەتاییە، جگە لە (تشبیب) بە (تغزل) واتە گوتنی شێعری ئەویندارانە و هەروەها بە (نسیب) واتە گوتنی شێعری ناسک بۆ ژنانیش ناسراوە. دیارە لە بەر ئەوەی بەشی سێهەمی قەسیدە، مەدح و پێهەڵگوتنی پیاوێکی گەورە لە خۆی دەگرێ، دەبێ شاعیر بتوانێ بە شێوەیەکی زیرەکانە بەشی یەکەم یان بەشی تەشبیب لە بەشی سێیەم واتە بەشی مەدح گرێ بدا و لێکیان ببەستێتەوە. ئەوبەشەی کاری ئەو پێوەندی ساز کردنە ماناییە دەکا (تخلص)ی پێ دەڵێن کە بەشی دووەمە و سەرکەوتنی بەرچاوی شاعیریش بۆ رێکخستنی ئەم پاژە کە ئەگەرچی لە هەموو بەشەکانی دیکەی قەسیده کورت ترە بەڵام لە هەمووشیان دژوارترە، (حسن تخلص)ی پێ دەگوترا. دوای بەشی مەدح کە زۆرترین پێوانە لە ڕووبەری قەسیدەکە دەگرێتەوە، لە دوایین بەشی دا کە (شریطه)ی پێ دەڵێن، شاعیر دوعای بەخێر بۆ کەسایەتییە گەورەکە (مەمدووح) دەکا و لە بەر ئەوەی شاعیری قەسیده بێژ لەم بەشەدا زۆرتر هیوای تەمەن درێژی هەتاهەتایی و ژیانی ئەبەدی بۆ مەمدوح دەخواست، ئەم بەشە، (دعای تابید)یشی پێ دەگوترێ کەبەمانای دوعای هەتا ئەبەد مانەوەیە.
نموونەیەک لەم قەسیدە مەدحییانە بەهەر چوار بەشەکانییەوە ئەم پارچە شێعرەی خاقانی یە:
(تشبیب)
ما فتنه بر توایم و تو فتنه بر آینه ما را نگاه در تو، ترا اندر آینه
تا آینه جمال تو دید و تو حسن خویش تو عاشق خودی، ز تو عاشق تر آینه
.........
در آینە دریغ بود صورتی کزو ببیند هزار صورت جانپرور آینه
(تخلص)
از روی شاه گیرد نور و ضوء آفتاب و ز روی تو پذیرد زیب و فر آینه
(مدح)
سلطان اعظم آنکه اشارات او زغیب چونان دهد نشانی کز پیکر آینه
شاهنشهی که بهر عروس جلال اوست هفت آسمان مشاطه و هفت اختر آینه
(شریطه)
بادت جلال و مرتبه چندان که آسمان هر صبحدم برآورد از خاور آینه
ئەوە قاڵبی تایبەتی و فۆرمی گشتی قەسیدە بوو. بەڵام ئهم بابەتەی دەمانهەوێ لەم وتارە دا جەختی لەسەر بکەین، باسێکی واوەی باسی ئەم قالب و فۆرمەیە. قەسیدە لە لایەکەوە لەبەر ئەوەی دوور و درێژ بوو و بێبەری بوو لە تایبەتمەندی کورت بڕینەوە و لە لایەکی تریشەوە لە بەرئەوەی بەردەنگەکەی هەر بەتەنیا کەسێک یان کەسانێکی تایبەت بوون، وێڕای ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتییانەی باسمان کردن، بەرەبەرە لە کورتی و لە کزی دا. بەڵام لە جیاتی ئەو، بەشی یەکەمی واتە تەشبیب هەم لە بەر ئەوەی ناسک ترین و هونەری ترین بەشی قەسیدە بوو و هەم لەبەر ئەوەی سەرنجی جەماعەتێکی یەکجار زۆری بۆلای خۆی ڕادەکێشا، بەرەبەرە لە قەسیدە جودا بووهوە و وەکوو قاڵبێکی شێعریی سەربەخۆ بە ناوی "غەزەل" ناوی دەرکرد. لە غەزەلدا بەگوتەی نووسەرێکی ئێرانی، مەعشووق جێگای بە مەمدووح لێژ کرد و بە سیمایەکی دڵڕفێنی ئەوتۆ کە تێکەڵاوێک بو لە سێ سیمای مەعشووق و مەعبوود و مەمدووح، هاتە مەیدانی شێعری کلاسیک. لەبەر ئەوەی شاعیر لە قەسیدەدا، بەر لە دەستپێکردنی بەشی مەدح، تەخەللوسی بەناوی مەمدووحهکەوە دەکرد، دوای لەکزی دانی قالبی قەسیدە و وە رمێن کەوتنی قالبی غەزەل، تەخەللوس بوو بە کۆتایی غەزەل و شاعیر لە جیاتی ناوی مەمدووح، ناوی خۆی دههێنا.
غەزەل تا ئەو ڕادەیە لە لایەن شاعیران و شێعرناسانەوە گرینگی پێ درا کە دیوانی زۆریەک لە شاعیره گەورەکان، لە راستیدا دیوانی غەزەلیات بوو. بەڵام دیسان ئەو قسەیە هەتا ئێستاش لە سەرزاری شێعرناسان بووە کە: "غەزەل تەشبیبی قەسیدەیە". بەم شێوەیە غەزەلێک کە ئەوپەڕی هەتا دە بەیت درێژ دەبووهوە جێگای قەسیدەی حەفتا بەیتی گرتەوە و ناوەرۆکی تەڕی وەسفی ئەویندارانە جێگای نێواخنی ئیشکی وەسفی دەستەڵاتدارانی گرتەوە.
حافز لە قەسیدەیەک دا بۆمەدحی دەستەڵاتدارێک دەڵێ:
وزیر شاهنشان، خواجهی زمین و زمان که خرمست بدو حال انسی و جان
قوام دولت و دنیا محمد بن علی که میدرخشدش از چهره فر یزدان
بڵێی بەلای شێعر ناسانەوە زیادتر ئەم دوو بەیتەی سەرەوە پەسند بێ یان ئەم دوو بەیتەی خوارەوە کە هەر لە غەزەلێکی حافزەوە هەڵبژێردراون.
آه از آن نرگس جادوو که چه بازی انگیخت واه از آن مست که با مردم هشیار چه کرد
اشک من رنگ شفق یافت ز بی مهری یار طالع بیشفقت بین که درین کار چه کرد
بەیتی کوردی مەدحی دەستەڵاتداران ناکا. وێکچوونی بەیت و قەسیدە، نەک لەم لایەنە ناوەرۆکییەدا بەڵکوو لە لایەنێکی فۆرمی و پێکهاتەییدا زەق دەبێتەوە. بەیتە درێژەکان لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی چەندین بەشی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرن کە مەنتیقی فۆرمیی و ناوەرۆکیی ئەم بەشە جۆراوجۆرانە تاڕادەیەک پێکەوە جوداوازییان هەیە.
بەیت لە هەندێک بەشیدا بە وەسفی ناسک و ئەویندارانە شێوازێکی لیریک و غینایی بەخۆیەوە دەگرێ. لەم بەشانەدا زۆرتر وەسف و نزایەکی ئەویندارانە و پاڕانەوەیەکی دڵسووتاوانە لە قاڵبی مۆنۆلۆگ دا بەدی دەکرێن:
مەرزینگان هەر لە کن من مەرزینگانە
لە کن من چاوی کۆترە ولێی ون بووە هێلانە
لەکن من بەرخە کۆرپەڵەی دوای مێگەلانە
لە کن من گەوهەری خەزێنەی شاە و سوڵتانە
هەر لە کن من موحتەبەرە، لەبەر دڵانە
یان دەبێ سەری خۆم بەرمەوە گۆڕ و گۆڕخانە
یان دەبێ سەری خۆم بکەم بە کۆی مەیدانە
لە هەندێک بەشی تردا، بەهۆی زەق بوونەوەی کێشەکان (کێشه به مانا دراماتیکییهکهی)، ڕەنگی دراماتیکی بەیت بەشێوەیەکی تۆختر خۆی دەنوێنێ. بەیت ئەگەر لە بەشە لیریکییەکەیدا مەنتیقێکی ستاتیک و نەرم و نیانی هەیە لە بەشە دراماتیکەکەیدا خاوەنی مەنتیقێکی دینامیک و پڕ جووڵەترە. لەم بەشانەدا کارەساتە تراژێیدییەکان بە خێراییەکی زۆر لە حاڵی قەومان دان:
دەجا سواران با وەخڕ بن. جڵەوگیری دوژمن بکەن رۆژی لێ قەومانە
کەلاک دەکەوێتە گۆڕێ و رۆژی دڵ هێشانە...
لەشکر بەرانبەری یەکتری دەبوون، دەنگی قەرەبینایە و رمبی دەم رەشی هەژدە قەماوە شۆڕ مەحموود هەرجارێکی رکێفی بۆ وڵاغی شێرخەزاڵی (؟) دەهێناوە
دوازدە کەسی لە ئەمیر و سەردار عێلان لەسەر پشتی رکێفی فرێ دەداوە.
مەستی مەرزینگانە، دەربەستی مردن نییە هیچ ئاگای لەخۆی نەماوە
وادەزانێ دەستی لە گەردنی مەرزینگان دایە، هەر نازانێ ڕۆژی دڵ هێشانە و قەوماوە
جودا لەم دووبەشە، لە هەندێک بەشی تردا، شێوازی بەیت نە ئەوەندەی شێوازە دراماتیکە پڕ جووڵەکە، تەژی لەکێشە یەو نە ئەوەندەی شێوازە لیریکە نەرم و نیانەکە، ڕاوەستاوە یان بڵێین هەم جووڵەیەکی دراماتیک و هەم نەرم و نیانییەکی لیریکی تێدایە. لەم شوێنانەش دا هۆی دراماتیک بوونی دەق، گوتوبێژێکی بەردەوام لە نێوان دووکەسە و هۆی لیریک بوونیشی، ئەوەیە کە ئەم گوتوبێژانە زۆرتر ئەویندارانەن و لەبەر ئەوەی وەسفەکان درێژ دەبنەوە و دەلالەت بۆ کردە و کێشە بگۆڕەکان ناکەن بەڵکوو دەلالەت بۆ حاڵەت و وسفە نەگۆڕەکان دەکەن، خەسڵەتێکی راوەستاویان هەیە:
شۆڕ مەحموود هاتە بەر پەنجەرە بانگی مەرزینگانی کرد و گوتی:
کێژێ بێ بەعسەتی، بەعسەت پێ نەدراوی
رەشە رێحانەی ئێستا دەست لێ نەدراوی، نەژاکاوی و هەڵنەکەندراوی
زەردە مەمامن حەفس کردووە لە ژێر کراسی مەخمەڵ دارایی دا بەمیسالی هەرمێ گوڵاوی
تێچووی تەرکە و تورکومانم دەیە بۆم هەڵێنە گۆشە چاوی ...
مەرزینگان ئەگەر چاوی بەشۆڕە مەحموود کەوت، بەرۆکی ئاواڵە کرد و گوتی:
ئەوە کاری بابمە دەتنێرێ بۆ جەنگی جوکلی هەمەوەند و سمێڵ سپی کامەرییە
ئاگاداری تۆبێ ئەلیاس لە بەحرێ و خدر لە چۆلی و لە بەرییە ...
لە پاشت بە جێ نەمێنێ بەژنێکە باریک و دوو کوڵمەی لیمۆییە
لە هەندێک شوێنی تر دا، قورسایی بەیت دەکەوێتە سەر شین گێڕی و نزای عەوداڵانە. لەم بەشانەدا، دیالۆگی ئەویدندارانە جێگای خۆی دەدا بە وایلۆکی مەزڵوومانەی کەسێکی لێقەوماو:
سوارینە وەرن لە دڵێکە من گەڕێن ئەوە چ بووە چ قەوماوە
ئەی لەوی خەبەری لە نەدیو و لە نەکاوە!
کوڕە خۆ ڕاستە دەڵێن شۆڕ مەحموود لە گێزی دەریایە دا خنکاوە
سەڵای گەورە و گرانم لێ ڕابوو کەسم لە ماڵە باوانی نەماوە
شەرت بێ پاش تۆ یەخەی کەتانی من بۆ کەس ئاواڵە نەکراوە
تا ئەو رۆژەی دەڵێن رۆژی قیامەتە و رۆژی عەرشە و خودا دیوانی داناوە.
کەواتە وەکوو ئەنجامگیرییەک دەکرێ بڵێین، لە بەیتەکاندا، چەند بەشێکی وەک وەسف و نزا، گێڕانەوەی ڕووداوەکان و شینگێڕی، کری بەیت دەچنن، ئینجا لە بەشی گێڕانەوەشدا جاری وایە ڕەوتی رووداوەکان خێرا و پڕکێشە دەبێتەوە و جاری واشە بە هاتنی گوتو بێژێکی دوولایەنە بێ ئەوەی رەوتەکە تەواو بوێستێ، تاڕادەیەک لە خێراییەکەی کەم دەبێتەوە. لە بەشی وەسف و نزا دا، هیچ ڕەوت و ڕووداو و ئاڵوگۆڕێک بەدی ناکرێ و ئەوەی هەیە پێهەڵگوتنە. بەشی شینگێڕی بەچەند هۆ تارادەیەک تایبەتمەندی بەشەکانی تریشی پێ دەبڕێ. هۆی یەکەم ئەوەیە کەسی شینگێڕ بە بیانووی شینگێڕییەوە، بەشێک لە ڕووداوە تراژێدییەکە دەگێڕێتەوە ڕەنگدانەوەی کێشەکان لەم بەشەدا تاڕادەیەکی کەم وەبەر چاو دەکەوێ. هۆی دووەم ئەوەیە چونکە کەسی قوربانی نزیک و خۆشەویستی کەسی شینگێڕە، کەواتە وەسف و نزا و پێهەڵگوتنیش دێتە ناو شینگێڕییەکەوە.
لە نێو ئەم بەشە جۆراوجۆرانەدا، جوانترین و ناسکترین و سەرنجڕاکێشترین بەش، دیالۆگی ئەویندارانەی کیژ و کوڕە. هەر ئەو بەشەیە کە لە پێکهاتەی بەیت جودا بووهتەوە و وەکوو جۆرێکی فۆلکلۆری سەربەخۆ بەناوی حەیران، درێژەی بە ژیانی خۆی داوە. ئەگەر غەزەل تەشبیبی قەسیدە بێ، حەیرانیش ئەو غەزەلەیە کە لە تەغەزوللی بەیتەکانەوە سەرچاوەی گرتووە. حەیران بە پێچەوانەی بەیتە درێژەکان، دەتوانێ تەنانەت هەتا سێ ڕستەش کورت بێتەوە. کەواتە هیچ سەیر نییە کە حەیران لەبەر ئەم سووک و چکۆڵە و گردو کۆ بوونە لە لایەک و لە بەر ناسکبێژی و جوانکارییەکانی لەلایەکی ترەوە، جێگای بە بەیت لێژ کردبێ و زیادتر لە جۆرە فۆلکلۆرییەکانی تر وەڕمێن کەوتبێ. ئێستا بەم ئاکامە گرینگە دەگەین کە بەر لەوەی لە بارەی جوغرافیاییەوە پرسیار لە شوێنی سەرهەڵدانی حەیران بکەین، دەبێ لەباری فۆرمی و پێکهاتەییەوە، لە چۆنیەتی ئەم سەرهەڵدانە ورد بینەوە. ئەوە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە بڵێین حەیران لە دەشتی هەولێر یان ناوچەی موکریانەە سەری هەڵداوە. ئەگەرچی ئێستا ئەم دوو هەرێمە، وەک دوو ناوچەی جوداواز لە ناو جۆغرافیای دوو وڵاتی جیران چاویان لێ دەکرێ، بەڵام لە کاتی سەرهەڵدانی حەیران دا، رۆژهەڵاتی موکریان هەتا رۆژاوای دەشتی هەولێر لە ناو یەک یەکە (واحید)ی جۆغرافیاییدا بوونە. لە زەمانی زوو دا ئەو هۆزانەی نیوەی ساڵیان لە کۆیە و بیتوێن و پشدەر، ڕابواردووە، نیوەی تری ساڵیان لە شنۆ و لاجان و سندووس و شاروێران بردووهتە سەر و بە پێچەوانە ئەو هۆزانەی نیوەی ساڵ لە کوێستان ژیابێتن، نیوەکەی تری لە گەرمین ژیاون. راستە هۆزی واهەبووە مەودای هێڵی گەرمێن و کوێستان کردنەکەی مەودایەکی بەرتەسک بووبێ، بەڵام بەگشتی ئەو هێڵەی دەشتی هەولێر بە موکریان دەلکێنێ، بەسەر ئەو ناوچانە تێدەپەڕێ کە هەموویان بۆ هۆزە کوردەکان ئاشنا بوونە. هۆی ئەوەی هەندێک تەعبیر و زاراوەی وەکوو بەری سوێسنایەتی و بەری پیران و وڵاتی مەرگە و پشدەرییان و زۆر زاراوەی تری لەم دەستەش هەر لە کۆنەوە لە ئاخاوتنی کوردی دا باوبوونە، ئەمەیە هۆزە کوردەکان سەرەڕای هەموو گەرمێن و کوێستان کردنەکانیان بۆ کاروباری ئاژەڵداری، ناچاربوون بۆ کار و باری کشت و کاڵیش، تارادەیەک خۆیان بە شوێنێکەوە ببەستنەوە. بەڵام کێ هەیە حاشا لەوە بکا کە ئەو خۆ بەستنەوە و مانەوەی وەک ئەو دامەزران و مانەوەیە نەبووە کە کوردەکان لەسەدەکانی نۆزدە و بیست دا بەرەبەرە وەکوو شێوەی ژیان هەڵیانبژاردووە و ئەم شێوە ژیانە بەهۆی سنوورەکانیشەوە هێندەی دیکە پەرەی سەند.
بەراستی کێ هەیە بڵێ عەشیرەتێکی وەکوو مەنگوڕ هەر بەتەنیا خەڵکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن یا بڵێ هەر بەتەنیا خەڵکی باشوورن. پەرژ و بڵاوی ئەو شوێنە جۆغرافیاییانەی عەشیرەتی هەرکی تێیاندا نیشتەجێن لە شوێنی نیشتەجێ بوونی مەنگوڕەکانیش زۆرترە و هەر سێک هەرێمی باشوور و باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە. کەواتە با چیتر بە پرسینی ئەو پرسیارە ساویلکانەیە کە حەیران لە کامە ناوچەی کوردستان سەری هەڵداوە، خەریکی دۆزینەوەی وەڵامی لەویش ساویلکانەتر نەبینەوە و نەمانهەوێ بە دەمارگرژییەکی ناوچەییەوە خۆمان لە قەرەی بابەتێکی زانستی بدەین. شوێنی سەرهەڵدانی حەیران، هەموو ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە لە نێوان موکریان و دەشتی هەولێر هەڵکەوتوون. دیارە دوایەش بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەم و بە هۆی لێکدابڕانی ئەو ناوچانە، حەیرانی دەشتی هەولێر و حەیرانی موکریان لەباری چۆنیەتی بەکارهێنانی تەعبیرەکانەوە نەختێک لێک جوداواز بوونە.
کەواتە لە جیاتی ئەوەی دەربارەی شوێنی سەرهەڵدانی حەیران پرسیار بکەین، باشتر وایە ئەو پرسیارە بهێنیینە گوڕێ کە پێکهاتەی حەیران لە چ پێکهاتەیەکیترەوە سەری هەڵداوە. بۆ ئەوەی باشتر ئەو بابەتە بسەلمێنین کە پێکهاتەی حەیران، بەشێکە لە پێکهاتەی بەیت، با ئەم بەشەی خوارەوە لە گوتوبێژی لاس و خەزاڵ لهگهڵ بەشێکی تر کە لە حەیرانێک هەڵبژێردراوە، هەڵسەنگێنین:
خەزاڵ دەڵێ:
بریا ئەمن دیوە خانێک بوایەم بەرەو قوبڵە، شوعرەی منیان بکێشایە
پەنجەرەی سێدەریان لە پێشی من لێ بدایە
ئێوارە و سبحەینان لێی بدرایە شوبایە
کەسێکی ماندوو بوایە و عێجز بوایە
بیکوتایە ئەوە جێگای ئیسڕاحەتگایە.
لاس دەڵێ: ...
چاوت بە من بمێنێ بە ئەستێرەکەی رۆژێ ئەگەر تازە هەڵدێ پڕیشکان داوێ
بەژنت بە من بمێنێ بە چووزەی پیرە لاولاوێ
سبحەینان تاو لێی نادا گوڵی لاولا وگەشە، نیوەڕۆیان هیچ کەس لێی نابینێ کام و کاوێ
...
حەیران:
دەجا براینە برادەرینە بریا ئەمن گولێک بام لە گوڵی کەس نەناسی
رەخسابام لە نەویان، لە کەویان، لە قووچەکەی بڵباسی
دەلێم بریا شتڵە رێحانێک بام لە سەر هەیوانی ماڵە بابی نازدار حەیرانێ
هەموو ئێوارە و سبحەینانێ ئاوی ئیستکانی دەبن کردبام...
بەژنی تۆ بەمن بمێنێ بە کەوێ سەهەند و سۆلاوان
سوورە قورینگێ گەردەن گۆزەڵێ، بەوی خارێ گوڵ بەدەمێ
ئەگەر شەختێ پایزانی لێدەدا لە رووباری پیرە کەڵوێ
بەژنی تۆم بە من بمێنێ بەوێنەی لکە ڕیواسی
ئەگەر بوهاران دێنەدەرێ لەسەر قەبری حاجی مەمێندی غولامکێ لەگەڵ گوڵی بێژانێ
لەوانەیە لە بەیتێکدا هەر بەتەنیا بەشی شینگێڕییکە مابێتەوە و چۆنیەتی روودانی کارەساتە تراژیکەکە لە ڕێگای شینگێڕییەوە بگێڕدرێتەوە. لە راستیدا زۆر بەیتی وەک سەیدەوان، سوارۆ، ئەحمەدی شەنگ و کاکە میر و کاکە شێخ بەم شێوەیەن لە بەر ئەوەی لەم بەیتانەدا لە جیاتی ئەو مەنتیقە مەجازییەی لە بەیتە درێژەکان دا وە بەرچاو دەکەوێ، زۆرتر مەنتیقێکی خوازەیی دەبیندرێ، دەکرێ ناوی، "بەیتی خوازەیی" لەسەر ئەم جۆرە بەیتانە دابنێین.
هەر بەم شێوەیە و بە پێی ئەو مێتۆدەی لەم وتارە دا قسەی لێ کراوە، دەکرێ چۆنیەتی سەرهەڵدانی فۆرمە چکۆڵەترەکانی فۆلکلۆری لەناو فۆرمی بەربڵاوی بەیت، شی بکەینەوە.
سەرچاوەکان:
1. ئۆسکارمان، تحفە مظفریه، پێشەکی و ساغکردنەوە مامۆستا هێمن، انتشارات سیدیان لل3-212
2. سەلاح پایانیانی، کانی مرادان، انتشارات صلاح الدین ایوبی، ارومیە، 1381، ل 195
3. سەرچاوەی پێشوو، ل 196.
4. میمنت میرصادقی، واژەنامە هنر شاعری، کتاب مهناز، چاپ دوم، تهران، 1376، ێێ 210-208
5. دکتر سیروس شمسیا، انواع ادبی، انتشارات فردوسی، چاپ پنجم، تهران، 1376، ێ 279
6. سەرچاوەی پێشوو، ل 279.
7. لسان الغیب، با تصحیح و مقدمە پژمان بختیاری، انتشارات امیرکبیر، چاپ یازدهم، تهران، 1378، ێ 515.
8. سەرچاوەی پێشوو ل 137.
9. قادر فتاحی، قاچى، شۆر مەحموود و مەرزینگان، انتشارات دانشگاە تبریز، 1348، ێ 72
10. سەرچاوەی پێشوو لل 55-54.
11. سەرچاوەی پێشوو ل41
12. سەرچاوەی پێشوو ل 89
13. قادر فتاحی، قاچى، منظومه کردی لاس و خزال، انتشارات دانشگاه تبریز، 1379، ێ 66.
14. سەرچاوەی پێشوو، ل 70
15. ئەحمەد بەحری، گەنجی سەربەمۆر. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلیمانی 2000، ل 172
16. سەرچاوەی پێشوو، ل 192
خێوهت وێبلاگێکی دوو زمانهی کوردی و فارسی یه. ئامانجه سهرهکییهکهی توێژینهوهی هزر و ئهدهبی هاوچهرخه. ئهم خێوهته له هۆبه و ههواری سازگاری بیر و ئهندێشهی کوردیدا ههڵدراوه.لهم خێوهتهدا گرینگیی به بابهتی پێوهندیدار به ڕهخنهی ئهدهبی و زمانهوانی و فهلسهفه دهدرێ. خێوهت هێمایێکه بۆ کۆچ کردن؛ کۆچ کردنی بهردهوام له ههرێمێکی تێفکرینهوه بۆ ههرێمێکی تر.بهردهنگی خێوهت ههموو ئهو کهسانهن که له جوغڕافیای ههراوی تێفکریندا خۆیان به ههوارچی دهزانن نهک به پهیکهرهیێکی چهقیو.