تێک‌هه‌ڵچوونی گه‌شبینیی پۆپێری و ڕه‌شبینیی فرانکفۆرتی
تێک‌هه‌ڵچوونی گه‌شبینیی پۆپێری و ڕه‌شبینیی فرانکفۆرتی
ڕوانینێکی تیشکهاوێژ بۆ به‌شێک له گوت‌وبێژی ئه‌بازه‌ری و فه‌رهادپوور
ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده
دوای کاره‌ساتی یازده‌ی سێپتا‌مبر به مه‌به‌ستی شرۆڤه و لێك‌دانه‌وه‌ی لایه‌نه جۆراوجۆره‌کانی ئه‌م ڕووداوه، گوت‌وبێژێک له نێوان یووسف ئه‌بازه‌ری و مراد فه‌رهادپوور سازکرا[1]. ئه‌م گوت‌وبێژه له زۆر باره‌وه سه‌رنج‌ڕاکێش بوو و هه‌ڵگری زانیاریی هه‌مه‌جۆری به‌که‌ڵک بوو. له‌م یادداشته دا له به‌شێکی ئه‌م گوت‌وبێژه که هه‌ڵگری ناواخنێکی فه‌لسه‌فی‌تر و ئاماژه‌ی میتۆدۆلۆژیکه ورد ده‌بینه‌وه.
فه‌رهادپوور له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌نتیقی هێگێلی، باسی سێ جۆر پێوه‌ندی له نێوان پاژ و گشت‌دا ده‌کا:
یه‌که‌م. پاژه‌کان له ڕێگای نێونج و نێوبژیوانی له‌گه‌ڵ گشت، پێوه‌ندییان پێکه‌وه ده‌بێ. له‌م حاڵه‌ته‌دا ـ که هه‌ر به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کان ده‌توانن لێی نزیک بنه‌وه ـ پاژه‌کان وێڕای پاراستنی جوداوازی و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانیان، له هه‌ناوی گشت‌دا به‌یه‌که‌وه ته‌با و یه‌کانگیر ده‌بن.
دووه‌م. گشت له ڕێگای سه‌رکوت کردن و ستڕینه‌وه‌ی جوداوازییه‌کان و لغاو کر‌دنی هه‌موو پاژه‌کان، خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه؛ نموونه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌ی عه‌قڵانییه‌تی مۆدێڕن له‌گه‌ڵ پێکهاته‌ی گشتیی بایه‌خه‌کان و دامه‌زراوه‌کانی عه‌قڵانییه‌تی مۆدێڕنه. له‌م جۆره پێوه‌ندییه‌دا یه‌کپارچه بوون و یه‌کده‌ست بوونی گشت له ڕێگای سه‌رکوتی پاژه‌کانه‌وه به‌دی دێ.
سێیه‌م. گشت له ڕێگای پاراستن و ته‌نانه‌ت داکۆکی کردن له‌سه‌ر جوداوازیی پاژه‌کان خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه به‌ڵام ئیتر ئه‌و پاژه جوداوازانه پاژی به‌تاق‌که‌وتوو و بێ‌مانا و له‌خۆڕان که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به شێوه‌ی فیزیکی له نزیک یه‌کن و ته‌نانه‌ت به‌یه‌که‌وه نووسراون، هیچ چه‌شنه پێوه‌ندییه‌کیان له‌گه‌ڵ گشت و له‌گه‌ڵ یه‌کدی نییه و هه‌ربۆیه شوناسی ئه‌م پاژانه به‌شێوه‌ی ده‌مارگرژی کوێرانه‌ی ئایینی و قه‌ومی و به‌شێوه‌ی جۆره‌ها ڕه‌گئاژۆیی ڕق‌ئه‌ستوور و شه‌ڕانگێز به‌دیار ده‌که‌وێ. ئه‌م دۆخه، دۆخی پۆست‌مۆدێڕنه. ئه‌م دۆخه له شاری گه‌وره‌ی ئه‌مریکا وه‌ک نیۆیۆرک، به‌ڕاست گه‌ڕاوه.
دیاره له ڕوانگه‌ی فه‌رهادپووره‌وه جۆری یه‌که‌می پێوه‌ندیی نێوان پاژ و گشت که پێوه‌ندییه‌کی دیالێکتیکی‌یه سڵامه‌ت‌ترین جۆری پێوه‌ندییه. ئه‌وه‌شمان له‌بیر بێ چونکه تێفکرینی فه‌رهادپوور شێوه تێفکرینێکی دیالێکتیکی‌یه، له‌مێژه چۆنیه‌تی پێوه‌ندی نێوان پاژ و گشت که‌ڵکه‌ڵه‌ی سه‌ره‌کیی ئه‌م بیرمه‌نده‌یه. فه‌رهادپوور له وتاری " هه‌ندێک یادداشت له‌مه‌ڕ دیالێکتیکی پاژ و گشته‌وه" دا ده‌ڵێ چاره‌سه‌ر کر‌دنی پرسی پاژ و گشت پێش‌مه‌رجی چاره‌سه‌ر کر‌دنی کۆمه‌ڵێکی زۆر له پرسگه‌لی سیاسی، فه‌لسه‌فی،جوانی‌ناسانه، مێژوویی و هی‌تره.[2] هه‌روه‌ها یه‌کێک له‌و کتێبه گرینکانه‌ی فه‌رهادپوور بۆ سه‌ر زمانی فارسی وه‌رگێڕواه کتێبێکه به‌ناوی "حلقه‌ی انتقادی" له نووسینی ده‌یو‌ید ک. هۆی. نووسه‌ری ئه‌م کتێبه له سه‌ره‌تای باسه‌که‌ی دا ده‌نووسێ: ئه‌م ئاڵقه‌یه [ ئاڵقه‌ی هێرمنۆتیکی ] ... به گشتی ده‌په‌رژێته لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه که چۆن پاژ و گشت له پێواژۆی تێگه‌یشتن و ڕاڤه دا به شێوه‌ی ئاڵقه‌یی ده پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌ک دان: تێگه‌یشتنی پاژه‌کان بۆ تێگه‌یشتنی گشت پێویسته که‌چی له‌ولاشه‌وه تێگه‌یشتنی پاژه‌کان خۆی به‌ستراوه‌ته‌وه به تێگه‌یشتنی گشت... دۆزینه‌وه و وه‌سف‌کردنی مه‌رجه‌کانی ئه‌م شێوه تێگه‌یشتنه ئه‌رکی فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌یه[3].)
فه‌رهادپوور ده‌ڵێ به‌جیهانی بوون مه‌وداکان تێکه‌وه ده‌پێچێت و کاتێک مه‌ودا نه‌ما، کابول و نیۆیۆرک پێکه‌وه ده‌نووسێن. ئه‌و شێوه پێوه‌ندییه له دۆخی پۆست‌مۆدێڕن‌دا ڕوو ده‌دا. [ له‌م دۆخه‌دا کابول له هه‌ناوی نیۆیۆرک‌دا ئاماده ده‌بێ و به پێچه‌وانه نیۆیۆرک له هه‌ناوی کابۆل‌دا ئاماده‌یه] نموونه‌ی ئاماده بوونی کابول له هه‌ناوی نیۆیۆرک: ته‌قینه‌وی یازده‌ی سێپتا‌مبر؛ تێکنۆلۆژی و بانک‌داری و عه‌قڵانییه‌ت و سه‌رمایه‌داری به بزاڤێکی ڕه‌گئاژۆیانه‌ی تێرۆریستیی به دوور له تیکچندراویی تیکنۆلۆژیک و ته‌شکیلاتی، وه له‌رزین ده‌که‌وێ و له‌ولاشه‌وه له ده‌وروپشتی کابول شاهیدی ئاماده بوونی ماشێنێکی ئاخرین مۆدێلی ته‌یار به کامپیۆتێر و په‌یوه‌ست به ئینترنێت له کوێره‌دێیه‌کی وه‌دواکه‌وتووین. واته ئاوێته بوونی ته‌مه‌ددون و ته‌وه‌ححوش له هه‌ر دوو جه‌مسه‌ر دا ده‌بیندرێ.
فه‌رهادپوور ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی له‌و دۆخه دژوار و مه‌ترسی‌داره ده‌بێته زامنی ڕزگاری و ده‌سته‌به‌رکه‌ری پاراستنی مرۆڤایه‌تی، پێوه‌ندی دیالکتیکی‌یه. له‌م دۆخه‌دا پاژ و گشت هه‌رکامه ئه‌وی‌تر له هه‌ناوی خۆی‌دا به به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی خۆی، به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه. جاری وایه پاژ خۆی ده گشت‌دا هه‌ڵده‌قورتێنێ ـ وه‌ک بزووتنه‌وه‌ی زاپاتیسته‌کان له مێکزیک‌دا؛ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به دژی سیاسه‌تی گشت‌خوازانه و توێنه‌ره‌وه‌ی سه‌رمایه‌داریی جیهانی و بۆ داکۆکی کردن له به‌رژه‌وه‌ندی و شوناسی تایبه‌تی وه‌رزێڕان و سوورپێستان وه‌ڕێ‌خرا به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته‌دا که‌ڵکی له خودی ده‌ره‌تانه‌کانی مودێڕن وه‌ک ئینترنێت وه‌ر‌گرت هه‌تا توانی لایه‌نی به‌رانبه‌ری ملزه‌م به ئاشتی بکا ـ جاری واشه پێواژۆکه پێچه‌وانه‌یه و گشت خۆی ده پاژ هه‌ڵده‌قورتێنێ ـ وه‌ک خۆ‌تێ‌هه‌ڵقوتاندنی سیاسی و سه‌ربازی ناتۆ له بۆسنی و کۆزۆڤۆ بۆ به‌رگرتن یا ڕاگرتنی کۆمه‌ڵکوژی.
ئایا ئاماده بوونی کابول له هه‌ناوی نیۆیۆرک‌دا یا به پێچه‌وانه، خۆی نموونه‌یه‌ک له ئه‌سڵی نائه‌م‌ئه‌وبوون (عدم این همانی) که یه‌کێك له ئه‌سڵه بنه‌ماییه‌کامنی مه‌نتیقی هێگڵه، نییه؟ ئه‌وه مه‌نتیقی دیالێکتیکه پێمان ده‌ڵێ a له هه‌ناوی نهa دا ئاماده‌یه و به پێچه‌وانه. له‌وانه‌یه وه‌ڵام بدرێته‌وه له‌م دۆخه‌دا(ئه‌و دۆخه‌ی کاره‌ساتی یازده‌ی سێپتامبرێ لێ خولقا) پێوه‌ندییه‌کی دیالێکتیکی له نێوان ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره دا بوونی نییه و پێوه‌ندییه‌که له جۆری پێوه‌ندییه‌کی پۆست‌مۆدێڕنه وه‌ڵام ده‌ده‌ینه‌وه گه‌لۆ ئاماده بوونی a له هه‌ناوی نهa دا خۆی شاهیدێک بۆ بوونی پێوه‌ندی دیالێکتیکی نییه؟ به‌ڕاستی میسداقه‌کان چۆن دیاری ده‌کرێن؟ فه‌رهادپوور ده‌خاله‌تی سه‌ربازیی ئه‌مریکا له ئه‌فغانستان به ئاکامی ئیجابیی پێوه‌ندی دیالێکتیکیی گشت له‌گه‌ڵ پاژ ده‌بینێ به‌ڵام هه‌ر له‌وکاته دا زۆریه‌ک له‌و چه‌په نوێیانه‌ی بنه‌ما فیکرییه‌کانیان ڕێک وه‌ک فه‌رهادپووره له سه‌رانسه‌ری جیهان‌دا،ئه‌و کرده‌وه‌ی ئه‌مریکا به وه‌حشیگه‌رییه‌ک وه‌کوو وه‌حشیگه‌رییه‌کانی دیکه‌ی ئه‌مریکا ده‌زانن. ئایا له‌ڕوانگه‌ی فه‌رهادپووره‌وه بزووتنه‌وه‌ی فه‌له‌ستینییه‌کان به دژی ئیسرائیلییه‌کان ئاکامی دۆخی ته‌وه‌ححوشی پۆست‌مۆدێڕنه یا پێوه‌ندی دیالێکتیکی پاژ له‌گه‌ڵ گشت؟
ئه‌گه‌ر به ڕاستی ئاماده بوونی a له هه‌ناوی نهa دا، دۆخێکی پۆست‌مۆدێڕن بێ، ئه‌وا ده‌بێ بڵێین هه‌یاران خۆ دۆخی پۆست‌مۆدێڕن هه‌مان دۆخی دیالێکتیکی‌یه! ئه‌بازه‌ریش له وه‌ڵامی فه‌رهادپوور دا هه‌ر ئه‌وه ده‌ڵێ که ئه‌و قسانه وێرژێنی تازه‌ی هیندێک بۆچوونی پۆست‌مۆدێڕنی کات‌به‌سه‌رچووه.
له ڕوانگه‌ی ئه‌بازه‌رییه‌وه ئه‌و تیۆرییه گشتایه‌تی‌خوازه یا وه‌ک فه‌رهادپوور ده‌ڵێ دیالێکتیکی‌یه بۆیه مه‌ترسی‌داره چونکه پێی وایه ده‌توانێ هه‌ر شتێک له هه‌ر شتێکی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه ببه‌ستێته‌وه و هه‌موویان پێکه‌وه لێک بداته‌وه. به‌ڵام ئه‌و تیۆرییه له‌بارێکی تریشه‌وه مه‌ترسی‌داره چونکه خراپ‌ترین جۆری تووش بوون به ئوستووره‌ی چوارچێوه یا پێکهاته‌خوازی‌یه. له‌م بۆچوونه‌دا هیچ ده‌ره‌تانێک بۆ کرده‌کار (کنشگر) و هه‌ڵسووڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تی نامێنێته‌وه چونکه هه‌موو وه‌کوو یه‌ک قوماری ده‌ستی پێکهاته و چوارچێوه‌ن. ئه‌و بۆچوونه وێکچوونێکی زۆری له‌گه‌ڵ وهمی پیلان هه‌یه. له‌م بۆچوونه‌دا پێکهاته و نیزام به‌رهه‌م‌هێنه‌ری هه‌موو شتێکه و له وه‌همی پیلا‌ن‌دا پیلان‌گێڕێکی پیس و ناجسن. له‌م بۆچوونه دا عه‌قڵ و عه‌قڵانییه‌ت و ئه‌و عاقڵانه‌ی داکۆکی له‌سه‌ر گوت‌وبێژ ده‌که‌ن هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی دژه‌عه‌قڵه‌کان و لایه‌نگرانی توندوتیژی ئاچه‌ر فه‌ڕانسه و ئامرازی ده‌ستی نیزامن؛ چونکه هه‌ردووکیان له‌لایه‌ن نیزامه‌وه به‌رهه‌م دێن. ئه‌و گریمانه‌یه که نێلسۆن ماندێللا و ماهاتما گاندی و سه‌ددام حوسێن و ئاریێل شارۆن هه‌موویان سه‌ر به نیزامێکن و به‌رهه‌م‌هاتووی پێکهاته‌یه‌کن بۆ تێگه‌یشتنی ئه‌و نه‌ریتانه‌ی ئه‌و که‌سانه لێیانه‌وه هه‌ستاون، تۆزقاڵێک چییه یاریده‌مان نادا.
ئه‌بازه‌ری له‌به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانی‌دا ده‌ڵێ زێده‌ڕۆیی کردن له شه‌ڕڕی تێکنۆلۆژی و بازار، گرفته‌کان چاره‌سه‌ر ناکا. ئه‌م بۆچوونه‌ی ئه‌بازه‌ری وه‌ک دژایه‌تی کر‌دنی له‌گه‌ڵ ئوستووره‌ی چوارچێوه گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م بیرمه‌نده‌مان بۆ بۆچوونه‌کانی پۆپێر پێ‌ده‌سه‌لمێنێ. ده‌زانین ئوستووره‌ی چوارچێوه.[4] ناوی یه‌کێک له کتێبه به‌ناوبانگه‌کانی پۆپێڕه که به فارسیش وه‌رگێڕدراوه. پۆپێر له یه‌کێک له وتاره‌کانی ئه‌م کتێبه‌دا، پارادایمی تامس کووهن و ئه‌پیستمه و ده‌سته‌ڵاتی فۆکۆ و کایه‌ی زمانی ڤیتگێنشتاین و چین(ته‌به‌قه)ـ ی مارکس و گێشتێلی هایدگێر و چه‌نده‌ها بۆچوونی تر به وێرژێنی جۆراوجۆری بۆچوونێک ده‌زانێ که خۆی ناوی ئوستووره‌ی چوارچێوه‌ی له‌سه‌ر داده‌نێ و به توندی به‌دژی ڕاده‌وه‌ستێ. ئوستووره‌ی چوارچێوه له ڕسته‌یێک‌دا و به زمانی ساکار له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه دامه‌زراوه که حه‌قیقه‌ت له چوارچێوه‌یه‌که‌وه بۆ چوارچێوه‌یه‌کی‌تر ده‌گۆڕێ؛ به ده‌ربڕینێکی‌تر له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه جۆراوجۆره مه‌عریفییه‌کان‌دا، حه‌قیقه‌تێکی نه‌گۆڕی ئه‌وتۆ بوونی نییه که بکرێ بۆ پێکه‌وه‌هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م چوارچێوانه ده‌ستی پێوه بگرین. یه‌کێک له ئاکامه مه‌نتیقییه‌کانی ئه‌م بۆچوونه ئه‌وه‌یه که گوت‌وبێژی به‌که‌ڵک و به‌رهه‌م‌هێنه‌ر ته‌نیا کاتێک ئیمکانی هه‌یه که لایه‌نه‌کانی ئه‌م گوت‌وبێژه له بۆچوون و گریمانه‌کانیان‌دا سه‌ر به چوارچێوه‌یه‌کی وه‌ک یه‌ک بن؛ ئه‌گینا هه‌ر له بنه‌ڕه‌ت‌دا گوت‌وبێژ نه‌گونجاو و مه‌حاڵه. پۆپێر ده‌ڵێ گوت‌وبێژی دوو لایه‌ن که وه‌کوو یه‌ک بیر ده‌که‌نه‌وه چ ئاکامێکی به‌که‌ڵکی به‌دواوه‌یه؟ به پێچه‌وانه گوت‌وبێژ ئه‌و کاته به‌که‌ڵکه که لایه‌نه به‌رانبه‌ره‌کان ناته‌بایییان هه‌بێ و وه‌کوو یه‌ک بیر نه‌که‌نه‌وه.
هه‌روه‌ها ڕیشه‌ی دژایه‌تی کر‌دنی ئه‌بازه‌ریش له‌گه‌ڵ زێده‌ڕۆیی کردن له‌مه‌ڕ شه‌ڕڕی ئه‌هریمه‌نی و جه‌هه‌ننه‌میی تیکنۆلۆژی و بازاریشه‌وه له بۆچوونه‌کانی پۆپێر دایه. پوپێر ده‌ڵێ له سه‌رده‌می هاوچه‌رخ‌دا ئایینێکی نوێ سه‌ری هه‌ڵداوه که بۆچوونه ته‌وه‌رییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که ئێمه له ده‌ورانێکی ئه‌هریمه‌نی و جه‌هه‌ننه‌می‌دا ده‌ژین. ئه‌هریمه‌نی تیكنۆلۆژی یا ئه‌هریمه‌نی بازار ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌موو شتێک‌دا گرتووه و هه‌موو شتیان وه‌به‌رخۆ داوه و به کرده‌وه ئیراده‌یان له مرۆڤ ئه‌ستاندووه‌ته‌وه و قرخه‌یان لێ بڕیوه. ئه‌و ئایینه له ڕوانگه‌ی پۆپێره‌وه ئایینی ڕه‌شبینی‌یه. له به‌رانبه‌ردا پۆپێر ده‌ڵێ گه‌و‌ره‌ترین ئه‌رکی ئێمه، ئه‌رکی گه‌شبینی‌یه؛ نه‌ک گه‌شبینییه‌کی ساویلکانه و ئه‌حمه‌قانه؛ به‌ڵکوو گه‌شبینییه‌ک وێڕای ڕه‌خنه‌ی به‌رده‌وامی هه‌نگاو به هه‌نگاو؛ گه‌شبینییه‌کی وا له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما فه‌لسه‌فییه دامه‌زراوه که داهاتوو کراوه‌یه و مێژوو به گوێره‌ی ڕه‌وتێکی له‌پێش‌دا داڕێژراو ناچێته پێش. ئه‌گه‌ر بۆخۆمان بمانهه‌وێ ده‌توانین ئه‌و داهاتووه وه‌ک جه‌هه‌ننه‌م لێ بکه‌ین و ئه‌گه‌ریش بمانهه‌وێ ده‌توانین هه‌نگاو به هه‌نگاو باش‌تری بکه‌ین. ئه‌و دۆخه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دۆخه داخراوه‌یه که هایدگێڕییه‌کان یا فرانکفۆرتییه‌کان وه‌سفی ده‌که‌ن.
ئه‌بازه‌ری ده‌ڵێ ده‌کرێ به ئاوه‌زی به کۆمه‌ڵی هه‌موو به‌ره‌ی به‌شه‌ر پێش به هه‌ڵتۆز هه‌ڵتۆزی بازاڕ و مه‌ترسیی تێکنۆلۆژی بگیرێ. قسه کردن له بێ‌ئه‌نوایی مرۆڤ له به‌رانبه‌ر بازاڕ و تێکنۆلۆژی‌دا، به‌ره‌لڵا کر‌دنی مرۆڤ له‌ناو چنگوڕکی بێ‌ئه‌نوایی‌یه. گۆڕانی نیۆیۆرک بۆ کابولی پڕ له شه‌ڕ و شوور له ساتێکی زه‌مانی‌دا ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ئاشکرا ده‌کا نه‌ک هه‌ر وڵاتێک به‌ڵکوو هه‌موو لایه‌ک ده‌بێ بۆ ساز کر‌دنی ئازادی و ته‌ناهی به‌شداری بکه‌ن.
ئه‌و قسانه له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌شبینی پۆپێری دامه‌زراون نه‌ک ڕه‌شبینی فرانکفۆڕتی.
[1] اباذری، یوسف و فرهادپور، مراد، نیویورک و کابل، نشانه‌شناسی 11 سپتامبر، تهران انتشارات طرح ن‌و
[2] فرهادپور، مراد، پاره‌های فکر، فلسفه و سیاست،تهران، طرح ن‌و، ص165
[3] هوی، دیوید ک، حلقه انتقادی، هرمنوتیک تاریخ، ادبیات و فلسفه، ترجمه مراد فرهادپور، تهران، انتشارات روشنگران و مطالعات زنان، چاپ سوم، ص51
[4] پوپر، کارل، اسطوره چارچوب، در دفاع از علم و عقلانیت، ترجمه علی پایا، تهران، انتشارات طرح ن‌و
خێوه‌ت وێبلاگێکی دوو زمانه‌ی کوردی و فارسی یه. ئامانجه سه‌ره‌کییه‌که‌ی توێژینه‌وه‌ی هزر و ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخه. ئه‌م خێوه‌ته له هۆبه و هه‌واری سازگاری بیر و ئه‌ندێشه‌ی کوردی‌دا هه‌ڵدراوه.له‌م خێوهتهدا گرینگیی به بابه‌تی پێوه‌ندیدار به ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و زمانه‌وانی و فه‌لسه‌فه ده‌درێ. خێوه‌ت هێمایێکه بۆ کۆچ کردن؛ کۆچ کر‌دنی به‌رده‌وام له هه‌رێمێکی تێفکرینهوه بۆ هه‌رێمێکی تر.به‌رده‌نگی خێوه‌ت هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ن که له جوغڕافیای هه‌راوی تێفکریندا خۆیان به ههوارچی ده‌زانن نه‌ک به پهیکهرهیێکی چه‌قیو.