بەراییەک بۆ ناسینی قوتابخانەی شێعری موکریان

ڕەهبەر مەحموودزادە

(١)

ئەگەرچی زۆربەی توێژەرانی بواری ئەدەبی کوردی، سەرەتای قوتابخانەی شێعری موکریان دەگێڕنەوە بۆ سەیفی قازی و مه‌لا مارفی کۆکه‌یی و لەم بارەیەدا کۆدەنگییەکی ڕێژەیی لە گۆڕێ‌دا هەیە، بەڵام وا هەبووە هەندێک توێژەر ئەم سەرەتایە هەتا وەفایی و میسباحوددیوانی ئەدەبیش بۆ دواوە بگێڕنەوە. دیارە ئەم ڕایەش لەم سۆنگەیەوە دەربڕدراوە کە شوێنی لەدایک‌بوون و ژیانی وەفایی و ئەدەبیش، هەرێمی موکریان بووە. ئەوەی ڕاستی بێ، چ خودی دەقە شێعرییەکان بکەین بە پێوانەی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی لەم بارەیەدا و چ بە گوێرەی جوداوازی قۆناخە مێژووییەکانەوە دەست بدەینە پۆلێن کردنی قوتابخانە ئەدەبییەکان، لە هەردوو پێودان دا بەم ئاکامە دەگەین کە گێڕانەوەی سەرەتای قوتابخانەی موکریان بۆ ئەدەب یا وەفایی ڕاست نیە. چونکە هەم شێوازی شێعری ئەم دوو شاعیرە لەگەڵ شاعیرانی قوتابخانەی موکریان و هەم ئەو دەورەیەی ئەوان تێی‌دا ژیاون لەگەڵ دەورانی گووران و گەشەکردنی قوتابخانەی شێعری موکریان جوداوازی هەیە.

جارێ لە باس کردنی چۆنیەتی جوداوازی شێوازی شێعری ئەم دوو شاعیرە لەگەڵ شاعیرانی دواتری ئەم مەڵبەندە خۆم دەبوێرم و لەمەڕ جوداوازی قۆناخە مێژووییەکانی ژیانی ئەو شاعیرانەشەوە هەر بە تەنیا ئەوەندە دەڵێم لە حاڵێکدا وەفایی لە ساڵی ١٩٠٢ و ئەدەب لە ساڵی ١٩١٦دا کۆچی دواییان کردووە، دەست‌پێ‌کردنی ئەو بزاڤە ئەدەبییەی بە قوتابخانەی موکریان ناودێر کرا، دەگەڕێتەوە بۆ کەش‌وهەوای ساڵانی بەر لە هەڵ‌ئایسانی شەڕی دووهەمی جیهانی و ئاخر و ئۆخری دەسەڵاتداریەتی ڕەزاشای پەهلەوی. لەبیرمان بێ سەیفی قازی لە ساڵی ١٩٤٤دا، واتە نزیکی ساڵێک بەر لە دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، کۆچی دوایی کردووە. ئەو کاتەی هەژار و هێمن لە خانەقای بورهان بۆ یەکەم‌جار چاویان بە سەیف کەوتووە، تەمەنیان بە گوتەی مامۆستا هەژار دە دوازدە ساڵێک بووە. کەواتە ئەگەر سەیفی قازی بە مامۆستای شاعیرانی موکریان بزانین- وەک مامۆستا هێمن دەڵێ- سەرەتای قوتابخانەی موکریان هاوکات بووە لەگەڵ سەرەتای بڵاوبوونەوەی شێوە بۆچوونێکی نەتەوەیی نوێ کە ئەنجامەکەی لە دامەزرانی کۆماردا خۆی نواند. هەر بۆیە سەیر نییە دوو کەس لە دیارترین سیماکانی قوتابخانەی موکریان واتە هێمن و هەژار لە لایەن سەرۆکی ئەو کۆمارەوە وەک شاعیری میللی ناسێندران. دیسان سەیر نیە کە سەرۆکی کۆماریش برازای مامۆستای شاعیرانی موکریان و دەست‌پەروەردەی ئەو بووە.

ڕاستە لە کاتی دوایین ساڵەکانی ژیانی عەبدوڵڵا بەگی میسباحەوە هەتا ئەم ساڵانە ماوەیەکی زۆر درێژ تێپەڕ نەبووبوو، بەڵام کەش‌وهەواکە زۆر گۆڕابوو. لەوانەیە بۆ تێگەیشتن لە ڕادەی جوداوازی کەش‌وهەوای سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو دوو دەورەیە، هەر ئەم پێکەوە هەڵسەنگاندنە بەس بێ کە لە حالێک‌ دا سەرۆکی کۆمارێکی کوردی لە مەهاباد، نازناوی شاعیری میللی دەدا بە دوو کەس لە شاعیرانی بیست و چوار- بیست و پێنج ساڵەی قوتابخانەی موکریان، ئەدەب هەر لە تەمەنێکی نزیک لەم تەمەنەی هەژار و هێمن لە تەورێز کە ئەوکات وەلیعەهدنشینی قاجارییەکان بوو، لە لایەن محەممەدعەلی میرزای وەلیعەهدی قاجاریەوە، نازناوی میسباحوددیوانی پێ‌دەدرێ. کەواتە وەکو هێمایەک دەڵێم جوداوازی ئەو دوو کەش‌وهەوایە، بە قەرا جوداوازی کۆمارێکی لاوی کوردی لەگەڵ پاتشایەتییەکی پیری ئێرانی‌یە.

هەڵبەت با ئەوەندەش بە قسەکانمەوە زیاد بکەم، بەمە کە سەرەتای قوتابخانەی موکریان بگێڕینەوە بۆ دوای وەفایی و ئەدەب، نابێ پێمان وابێ داوەرییەکی رەخنەییمان لەسەر شێعری ئەم شاعیرانە کردووە. ئەم باسە مەنتیقێکی مێژوویی هەیە و پێوەندی بە پۆلێن‌کردنی قوتابخانەکانی شێعری کوردییەوە هەیە. ئەگینا باس‌کردنی هونەری شێعری وەفایی سابڵاخی یا عەبدوڵڵابەگی میسباح، پێویستی  بە مەجالێکی دیکە هەیە.

 

(٢)

کە دەڵێین سەرەتای قوتابخانەی موکریان دەگەڕێتەوە بۆ سەیفی قازی، ئەو گوتەیە، بەم مانایە نیە نەتوانین شوێنی شێوازی شاعیرانی دیکە لە شێعری سەیف‌دا هەڵگرین. بە پێچەوانە شێعری سەیف لە لایەکەوە لە ژێر کارتێ‌کردنی قوتابخانەی بابان و لە لایەکی‌ترەوە شوێن‌وەرگرتوو لە قوتابخانەی حاجی قادری کۆیی بووە. مامۆستا هێمن دەڵێ "[سەیف] لە شێعری دڵداری‌دا... شاگردی قوتابخانەی... نالی بووە... [و] لە شێعری نیشتمانی و شۆڕشگێڕانەش‌دا یەکەم شاگردی قوتابخانەی شاعیری نەمر... حاجی قادری کۆیی بووە ." [1]  

هەڵبەت نابێ پێمان وابێ سەیف بە یەک شێوە و بە قەرا یەک کەڵکی لەو دوو قوتابخانەیە وەرگرتووە. سەیف ئەو کاتەی لە حاڵی گەڕان و پشکنینی شێوازێکی شێعری لەبار بووە کەڵکی لە شێوازی نالی وەرگرتووە، بەڵام ئەو کاتەی ناسیاریی لەگەڵ قوتابخانەی حاجی قادر پەیدا کردووە، هەرێمێکی دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی دەواری پەیڤی شاعیرانەی خۆی لێ هەڵبدا و تێیدا بگیرسێتەوە. پێوەندی سەیف بە دوو قوتابخانەی نالی و حاجی، پێوەندییەکی وەکوو یەک و بەرابەر و پێکهەڵپێک نیە. سەیف بە ڕاگوزاری بە هەرێمی قوتابخانەی نالی دا تێ‌پەڕیوە. بەڵام قوتابخانەی حاجی بۆ مانەوە هەڵ‌بژاردووە و سامانێکی بەوەجیشی پێوە زیاد کردووە و سنوورەکەی بەرفراوان‌تر کردووەتەوە.

ئێستا پرسیارێک دێتە گۆڕێ؛ ئەگەر قوتابخانەی حاجی بەم شێوەیە کاری کردۆتە سەر سەیف، هەر لە بنەڕەتدا بۆچی سەیفی قازی بە بناخەدانەری قوتابخانەیەکی سەربەخۆ دەزانین و جوداوازی قوتابخانەی ئەو لەگەڵ هی حاجی لە چی دا دەبینین؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە هەر لە سەرەتادا دەبێ بڵێین ئەو بۆچوونە کە قوتابخانەی سەیفی قازی و بە گشتی قوتابخانەی موکریان، درێژەی قوتابخانەی حاجی‌یە، بۆچوونێکی ناراست نیە، هەروەک چۆن ئەگەر بڵێین قوتابخانەی حاجیش لە درێژەی قوتابخانەی نالی‌دا بووە، ئەویش هەر بۆچوونێکی راستە. بەڵام وەڵامی راشکاوانەی ئەم پرسیارە ئەمەیە کە شوێن‌وەرگرتنی سەیفی قازی لە حاجی قادر، بە شێوەی لەبەرهەڵگرتنەوە نەبووە بەڵکو بە شێوەی ئاماژە وەرگرتن و قۆستنەوەی ئیدەیەکی بنیاتنەر بووە. ئەم گوتەیە یانی چی؟

مەبەستم ئەوەیە تەنانەت ئەگەر سەیف شێعری حاجیشی نەدیتبایە و هەر ئەو ئاماژەیەی لەبارەی حاجی‌دا بیستبا کە ئەو هەر لە قالبی شێعری عەرووزی‌دا گەڕاوتەوە بۆ زمانی ساکاری خەڵکی کرمانج و کەڵکی لە تەعبیراتی جووتیار و شوان و سەپانی کورد وەرگرتووە، هەر ئەو ئاماژەیە بەس بوو بۆ ئەوەی سەیف بگا بەو شێوازە شێعرییەی بەدوایدا دەگەڕا. مامۆستا ئەحمەدی قازی لە پێشەکی دیوانی سەیفولقوزات‌دا دەڵێ:" کاتێک [سەیف] دەگاتە هەڵبەستەکانی کە بە زبانی دێهاتی ناوچەی مەحاڵی مەجیدخان بۆ عەزیزئاغای [عەبباسی] نووسیون، ئەوجار زبانی راستینی خۆی دەس‌دەکەوێ و نیازی بە فارسی و ترکی و عەرەبی نامێنێ و ئەو لیباسە قورس و گران و نالەبارە لەبەر هەڵبەستەکانی دادەڕنێ و بە جلوبەرگی جوان و ڕەنگاوڕەنگی کوردی دەیانڕازێنێتەوە."[2]  ئەگەر بۆچوونەکەی مامۆستا هێمن لەگەڵ بۆچوونی کاک ئەحمەدی قازی لێک‌دەینەوە، دەگەینە ئەو بۆچوونەی لە چەند دێڕی پێشوودا دەرمان‌بڕی. مامۆستا هێمن باسی کارتێکردنی شێعری حاجی قادر لە شێعری سەیف دەکا و کاک ئەحمەد باسی کەڵک‌وەرگرتنی سەیف لە زمانی خەڵکی کرمانج دەکا. لێکدراوی ئەو دوو بۆچوونە دەبێتە ئەوە کە سەیف ئیدە و ئاماژەی کەڵک‌وەرگرتن لە زمانی هەڕەمەی خەڵکی لە حاجی وەرگرت و بە گوێرەی ئەم ئاماژەیە، ڕووی لە زمانی خەڵکی ئاسایی ناوچەکەی خۆی کرد.

 

(٣)

ئەو وەرسووڕانەی لە قوتابخانەی حاجی قادردا بەدی دەکرێ، بریتی‌یە لە بادانەوەی حاجی لە زمانی مەدرەسیی (ئەسکۆلاستیک)ی قوتابخانەی نالی بۆ زمانی ساکاری خەڵکی کرمانجی کورد.

بۆچی بە زمانی نالی دەڵێین زمانی مەدرەسیی؟ پێشان چونکە زمانی نالی پڕیەتی لەو وشە و دەستەواژە غەیرە کوردییانەی هەر بە تەنیا خوێندەواری ئەودەم لە نووسراوە و باس و خواسەکانیان دا بەکاریان دەهێنا. پاشان ئەو بۆچوونانەش کە لە دووتوێی شێعرەکان‌دا دەردەبڕدران، لە سەرینچاوەی فەلسەفە و کەلامی ڕەسمی ئیسلامییەوە هەڵ‌دەهێنجران.

نالی لەو شێعرەی‌دا کە گوایە لە وەڵامی بۆچوونە مەیلەو موعتەزیلییەکانی موفتی زەهاوی‌دا هۆنیویەتەوە، لە قالبی بۆچوونی زانایەکی ئەشعەری‌دا دەڵێ:

ئەحوەلی تەفرەقەنەظەر تەقوییەتی سەبەب دەکا

عاریفی وەحدەت ئاشنا لەم قسەیە ئەدەب دەکا

بەندە ئەزەل بە خەططی خۆی قابیلی قیسمەتی بووە

ئێستە بە ئیقتیضای عەمەل جێگەیی خۆی طەلەب دەکا

بێجگە لەوەی ئەم شێعرە دارماڵە لە وشە و تەعبیری غەیرە کوردی، ناوەرۆکی شێعرەکەش لە قالبی بەرەوڕوو بوونەوەی دوو شێوە بۆچوون لە فیکر و تیۆلۆژی ئیسلامی‌دا پەروەردە کراوە. بۆ تێگەیشتنی ئەم ناوەرۆکە، چارمان ناچارە، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی ڕووکەشیش بێ، دەبێ ئاگاداری جوداوازی ئەم دوو فەلسەفەیە بین.

بە تێ‌ڕادیوییەوە دەڵێم وێنەی ئەم ناوەرۆکە بە کاکڵەی نالی لەم شێعرەی‌دا بۆ داکۆکی کردن لە بیری ئەشعەری و بەگژداچوونی بیری موعتەزیلی خستوویەتە ڕوو، لە پەیڤی زانا ئیسلامییەکان‌دا زۆر کەم بەدی دەکرێ.

خاڵی سەرەتا بۆ حاجی قادر ئا ئەم زمانە و ئەم شێوە دەربڕینەیە. کەواتە سەیر نیە ئەگەر زمانی حاجیش لە بەرایی تەمەنی شاعیریەتی‌دا زمانێکی لەم چەشنەیە:


جەبەرووتی کە شکا دڵ لە حوضووری مەلەکووت

هاتە ئەم عالەمی ناسووتە غەریبێکی نەسووت

ئەشعەث و باقلی‌یو حاتەم و گەر حەسسانی

دەوڵەتی تۆ بە فەنای نەفسە، سکوونت بە سکووت

قسە لێرەدایە تەنانەت کاتێک حاجی لەم زمانەش دادەبڕدرێ و بەرەو دەکارکردنی زمانێکی ڕەسەنی خۆماڵی کوردیش دەچێ، دیسان بە حوکمی بارودۆخ و قۆناخی دەڵەمەبوونی زمانی نووسینی کوردی، هێشتا ئەو کەرەستە زمانییەی لەبەردەست دا نیە بتوانێ زمانێكی تەواو خۆماڵییانە دەستەمۆ بکات.

لە قەسیدە بەنێوبانگەکەی حاجی دا کە بە "گوتم بە بەختی خەواڵوو" ناوی دەرکردووە، دوو بەیت هەیە کە بە شێوەیەکی نەوعی (typical)، زۆر جوان ئەم دووفاقێتییە نیشان دەدەن و ئاماژەی زۆر وردیان بۆ توێژەر و رەخنەگر لەبارەی ئەم پێڕەوکە بوونە زمانییە، لە خۆیان‌دا حەشار داوە.

لە گۆلەشینێ کە قاز و مراوی دێن و دەچن

نەظیری ماە و ستارەن لە قولزومی مینا

دیارە ئەم بەیتە ( و بەیتی خوارەوە) بە هەڵکەوت وا دەرچوونە بەڵام بۆ پێشان‌دانی مەبەستی ئێمە زێدە لەبارن، لە میسرەع یا نیوەبەیتی یەکەم‌دا وشە و وێنە و تەعبیر و شێوەی داڕشتنی ڕستە، تەواو کوردی‌یە و ئەگەر ئەم نیوەبەیتە بۆ کەسێکی شێعری حاجی نەدیتبێ، بخوێنینەوە و پێی‌بڵێین هی شاعیرێکی هاوچەرخە، زەحمەتە بڕوامان پێ‌نەکا. بەڵام لە نیوەبەیتی دووهەم‌دا ئەو زمانە خۆماڵییەی بۆ ساتێک لە نێو دەستی حاجی‌دا بەیدەست ببوو، دیسان سرک دەبێتەوە و ڕادەکا و تەعبیرەکان دیسان بۆ لای شێوە دەربڕینە مەدرەسییەکەی پێشوو با دەدەنەوە. بەیتەکەی دیکە، ئەمەیە:

لە ژووری مێگەلی هەورە لە ژێری مێگەلی مەڕ

شەبیهی گوڵشەنی خەضرایە توودەیی غەبرا

زمانی حاجی ئەم زمانەیە کە ساتێک کەوی‌یە و ساتێکی‌تر ئاوەکی‌یە. دیسان دەیڵێمەوە ئەوە لە سۆنگەی بێ‌توانایی حاجی‌یەوە نیە بەڵکوو ئەو دۆخەی زمانی کوردی تێی‌دا بوو لەوە زیادتری هەڵنەدەگرت. هەنبانەی زمان لەو عەسری‌دا لەوە پتری نەدەبرد. زمانی کوردی بە گوێرەی قانوونی تەکامول دەبوایە ماوەیەکی ئەوتۆی تێپەڕ کردبایە هەتا ژیوەڵەتر و باوخۆشتر ببایە بە چەشنێک گونجانەکەی بگاتە ڕادەیەک، شاعیرێکی وەک سەیفی قازی بتوانێ شێعری "زستان"ی پێ‌بڵێ.

شێعری زستان هەر ئەو شێعرەیە کە ئەحمەدی قازی پێی وایە سەیف لەوێ‌دا گەیشتووە بە زمانی راستەقینەی خۆی و هەر ئەو شێعرەیە کاتێک سەیف خۆی لە خانەقای بورهان لە هەژاری مێرمنداڵ دەپرسێ کامە شێعری منت لەبەرە، هەژار ئاماژەی پێ‌دەکا و ناوی دەهێنێ:

گا لەبەر کزی هەڵ‌ناگرێ نیری                           نە مەڕ ماستی ما نە مانگا شیری

لۆک چەمبەرەی بوو ماین مشمشە                   گا گوێ‌ڕەپەی گرت گامێش خشخشە

کەڵ و گامێشیان بوونە چەکچەکی                     وشتریان بە عەین بێچووی لەگلەکی

بزن و مەڕ ڕووت بوون وەک سوورەساقە               یەک دانوو دەی‌کوشت یەک بەلەباقە

نایە فیتەی شوان لەسەر شەوێنێ                    مێگەلان چێشتان لە کوێ دەنوێنێ

کوان شەنگەبێری لە چیا و کوێستانان                 شڵقەی مەشکەیان بەری بەیانان

قۆڵیان هەڵ‌دەکەن دەڵێی بلوورە                        سینگیان دەردەخەن پارچێک لە نوورە

دەرزی بەرۆکیان کە دێن دەرێنن                         رۆژ لە عاسمان‌ڕا بۆ عەرزی دێنن

قەد و باڵایان وێنەی نەمامان                             کێ دی نەمامان بگرن شەمامان

لەمەڕ خۆماڵی بوونی ئەم کرە زمانییە، هەرچی بڵێم، لە هێزی خۆ دەرخستنی ئەو شێعرەم کەم کردووەتەوە. کەواتە هەر هێندە دەڵێم زەحمەتە هێمنیش توانیبێ تەنانەت لە شاکارەکەیدا- بەهاری کوردستان- لەم زمانە خۆماڵییەی تێ‌پەڕێنێ.

 

(٤)

هاوبەشیی شێعری سەیف لەگەڵ شێعری حاجی قادر هەر بە تەنیا لەو زمانە ڕەسەنەدا نیە کە لە شێعرەکانیان‌دا بەدی دەکرێت. هاوبەشییەکی دیکە لە گۆڕێ دا هەیە کە لە مەیان بناغەیی‌ترە و لە ڕاستی‌دا هۆکاری وێک‌چوونی زمانی ئەو دوو شاعیرە هەر ئەم تایبەتمەندییە بناغەییەیە کە تا ئێستا سەرنجی پێ‌نەدراوە.

ئێستا لە باسەکانی ئەدەب و زمانناسی‌دا ئەو بابەتە سەلمێندراوە کە زەمینە و هەڵکەوتی پەیڤ (کلام) مۆرکی خۆی لە پەیڤەکە دەدا. بە گوتەیەکی‌تر، پەیڤ دیاردەیەکی دابڕاو لە زەمینە نیە. گوتەیەکی بە کەسێکی‌ ناسیاو بگوترێ، شێوەیەکی تایبەت بە خۆی دەگرێ. ئەگەر بەردەنگەکە لە جیاتی کەسێکی‌ ناسیاو، کەسێکی غەوارە بێ، روخساری گوتەکەش دەگۆڕێ. ئەوجار ئەگەر بەردەنگەکان هەر ئەو دووەی پێشوو بن بەڵام لە جیاتی بەرەوڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆ بمانهەوێ بە نامە، گوتەکەیان پێ‌بگەیێنین. دیسان ڕوخساری گوتەکە گۆڕانکاری بەسەردا دێ. ئەگەر بەردەنگێکی خەیاڵیمان لە مێشک دابێ و بۆ خۆمان کۆمەڵە تایبەتمەندییەکی بۆ گریمانە بکەین، پەیڤەکەمان لەو کۆمەڵە تایبەتمەندییە گریمانەکراوانە، شوین‌وەردەگرێ.

دەگەڕێینەوە بۆ ئەو شێعرەی لە دێڕەکانی پێشوودا لە نالیمان بە نموونە هێناوە. گوتمان نالی لەو شێعرەدا، لە خەیاڵی‌دا، موفتی زەهاوی کردووە بە بەردەنگ. موفتی زەهاوی ئەو کەسەیە شێخ‌ رەزا لەبارەی دا دەڵێ:

مومکین نیە ئیدراکی حەقایق بە تەواوی

مومکین نیە ئیدراکی نەکا زێهنی زەهاوی

هەروەک باسمان کرد زەمینەی شێعرەکەی نالیش، زەمینەیەکی فیکری و فەلسەفی‌یە. ئینجا ڕوو لە جەمسەرێکی دژ بەو جەمسەرەی نالی‌ هەڵیبژاردووە دەکەین. ئایا قەت لەمە ورد بوونەتەوە کە حەیران‌بێژی کورد زۆر جار حەیرانەکەی بە دەستەواژەی "گەلی دە دۆستان و دە برادەران" دەست پێ کردووە؟ کاتێک حەیران‌بێژی نەخوێندەواری کورد، بەردەنگەکەی گەلی دە دۆستان و برادەرانی خۆی بووە و پێشینەی پەیڤەکەشی فۆلکلۆری کوردی بووە، پەیڤەکەی حەیرانی لێ دەرچووە و کاتێکیش نالی بەردەنگەکەی کەسێکی وەک موفتی زەهاوی بووە و زەمینەی پەیڤەکەشی فیکر و فەلسەفە و ئەدەبێکی کلاسیکی عەرەبی و فارسی و کوردی بووە، پەیڤەکەی بووە بەو شێعرەی دەی‌بینن.

لەبارەی شێعری حاجی قادر و سەیقولقوزات‌دا چی دەتوانین بڵێین؟ چ زەمینەیەک شەقڵی تایبەتی خۆی لە شێعرەکانیان داوە؟

حاجی قادر لە زۆر یەک لە شێعرەکانی‌دا بەردەنگی ڕاستەوخۆی هەیە و بەردەنگەکەشی هەڕەمەی خەڵکی کوردە. حاجی، میر و شوانی کوردی وەکوو یەک بە بەردەنگ داناوە. لە زمان‌ناسی‌دا، باسی تاقمی زمانی دەکرێ. ڕاستە هەر تاقمێکی زمانی شێوەی دەربڕین و ڕاوێژی تایبەتی خۆی هەیە. بەڵام لەبیرمان نەچێ کاتێک کەسێک ڕووی لە پڕایی خەڵکە، گوتەکەشی ڕەنگی زمانی زۆرینەی ئەو خەڵکە بە خۆیەوە دەگرێ. حاجی لەو کاتەوە کە بیری نەتەوەخوازی لە مێشکی‌دا چەکەرەی کرد، هەڕەمەی خەڵکی کورد لە میرەوە هەتا شوان بوون بە بەردەنگی.

  لە شێعرەکەی نالی‌دا، شاعیر بە شێوەیەکی شاردراوە و ناڕاستەوخۆ روودەکاتە بەردەنگەکەی و ئەگەر خوێنەر ئاگای له‌ چۆنیه‌تی گوتنی ئەم شێعرە نەبێ، هەر نازانێ شاعیر، رێک رووی لە کێیە. بەڵام لەم شێعرەی خوارەوەدا بزانن چۆن حاجی ڕوو لە خەڵک دەکات:

لەم بەینە ئیتتیفاقێ پەیدا بکەن بەمەردی

فەرقی نەبێ شوان و جووتیار و میر و گاوان

گەر هیچ نەبێ بە ئۆین تابیع بە دەوڵەتێ بن

بێگانە چاکە دوشمن، نەک دوشمنی لە خۆتان

رۆمی وەکوو بەنی ‌موون، کەس پشتیان پێ‌نەبەستی

کەوتوونە داوی خۆیان، سەرگەشتە ماون و حەیران

وشیاریی سەیفی‌قازی لەمەدا بووە کە زاینویەتی زمانی رەسەن و خۆماڵی وەکوو پنجەگیایەک وایە کە لە خاکی خۆی‌دا نەبێ شین نابێ و پێویستیی بە چوارچیوەیەکی لەبار هەیە. ئەو زانیویەتی وەرگرتنی شێوازێکی تایبەت، لە پێش‌دا پێویستی بە وەرگرتنی چوارچێوەکەی هەیە. ئەو چورچێوە لەبارە برێتی‌یە لە " بە بەردەنگ دانانی خەڵک". بزانن سەیف چۆن ئەو خەڵکە دەدوێنێ:

کوردینە تاکەی ئێمە لە کێوان میسالی دێو

دێین و دەچین و بۆمە نەبێ قەت خودان و خێو

خەڵکی هەموو لە‌باغ و لە شارانە کەیف خۆش

ئێمە بڵاو بێ سەرە ماوین لە دەشت و کێو

بۆ عاسمان دەڕۆن و لە بەحران دەکەن سەفەر

هەر عەرزە نیشتگاهی مە، سنعاتە وەرد و شێو

بە بەردەنگ دانانی خەڵک لە دوایی‌دا دەگاتە ئامۆژگاری کردنیان:

فکرێ لە حاڵی خۆ بکەن و بگرین بە حاڵی خۆ

هەر بێ‌سەری و عەداوەتی خۆتانە دێتە رێو

چون دوژمنن دەگەڵ ‌یەک و نیتانە یەکیەتی

راتان‌دەدەن بە جارێ لە هەوڕاز و نشێو

 

 (٥)

کاتێک لە شێعردا ڕوو دەکرێتە خەڵکی و زمانی خەڵکی ئاسایی دەبێتە پێوانەیەک بۆ دەکارکردن، هەمووکات مەترسی ئەوە دەکرێ ئاستی هونەری شێعریش داببەزێ. ئەوە ڕاستییەکە و حاشای لێ‌ناکرێ. شێعرە نیشتمانیەکانی حاجی‌قادر لە باری هونەری و ئەدەبییەوە لە شێعری نالییان تێنەپەڕاندووە و بگرە ئاستیان لە ئاستی شێعری نالی ژێڕاترە. بەڵام شێعری حاجی زەرفییەتێکی لە‌ناو خۆی‌دا حاشاردا کە ساڵانێک دواتر لە قوتابخانەی موکریان‌دا زەرفییەتەکە دۆزرایەوە و بە شێوه‌یەکی هونەری کەڵکی لێ‌وەرگیرا.

کەڵک وەرگرتن لە زمانی خەڵکی ئاسایی، هەر بە تەنیا لە وەرگرتنی ئەو وشە و دەستەواژانەی خەڵک لە قسەکردنی رۆژانەیان‌دا کەڵکیان لێ‌وەردەگرن، کورت نابێتەوە. قسە‌کردنی ئاسایی جگە لەوەی وشە و دەستەواژەی تایبەت بە خۆی هەیە، "ڕاوێژ"ی تایبەت بەخۆشی هەیە. ئەوە زۆر گرینگە شاعیرێک بتوانێ ڕاوێژی قسەکردنی ئاسایی، نەک هەر وشە و تەعبیری قسەکردنی ڕۆژانە، بهێنێتە ناو شێعرەکانی و بتوانێ ئەو راوێژە بە رەوانی دەستەمۆ بکا.

شێوازی شێعری حاجی دەبوایە هێندە دەستاودەستی پێ‌کرابا و لەو دەستاودەست پێ‌کرانە‌دا هەر هاتبا و دەوڵەمەندتر ببا هەتا لە دەستی شاعیرێکی وەکوو هێمن‌دا پتانسیەلێکی شاردراوەی دۆزراباوە و هونەرمەندانە ئازاد کرابا. هێمن لە شێعری "شەنگەبێری"دا ڕاوێژی گوتاری رۆژانەی بە باشترین شێوە گواستووەتەوە بۆ ناو زمانی شێعری:

شەنگەبێری ساڵی ساڵان لە کوێستانێ لە ناو مەڕی

بۆ مەڕدۆشین هەڵت‌دەکرد ئەو باسکی سپی مەڕمەڕی

لەبەر هاڕەی گۆبەرۆک و گوارە و کرمەک و ژێرچەنە

نێوەڕۆیە لە بەر بێرێ کۆڕی مەڕی رادەپەڕی

 

کە ئێواران کەزیت دەکردن سێبەنگی و چاوت دەڕشت

بەو کەزی وچاوە نەرمانە بێ‌‌ڕەحمانە شوانت دەکوشت

شەنگەبیزا بە سروەبا موژدەی دەبردە بەربەژنت

ئاخر ئەتۆش هەوای کوێستانی ئەو کوردستانەت هەڵدەمشت

هێمن بۆخۆی ئاگاداری ئەوە بووە لەو شێعرەدا کارێکی تازەی کردووە، بەڵام زۆر بە لێڵی باسی ئەو تازەگەرییە دەکا. ماموستا لە دووشوێن‌دا یەکەمیان لە وتارێک‌دا و دووهەمیان لە وتووێژێک‌دا باسی ئەو شێعرەی کردووە. لە وتارەکەدا دەڵێت: " گومانم لەوە دانیە ئەگەر "شەنگەبێری"م  لەسەر وەزنی عەرووزی دابنایە ئەم چیژەی ئێستای نەدەبوو".[3] لەو وتووێژەش‌دا کە کاک فەرهاد شاکەلی لە گەڵی‌دا کردووە، دەڵێ:" لەباری قالب‌دا تەنیا شێعرێکی .. کە من پێم وایە پێش من  هیچ شاعیرێکی کورد دەو قالبەی‌دا شێعری نەگوتووە، شەنگەبێری‌یە." [4] بڵێی مەبەستی ماموستا هێمن لەو قالبەی‌ بۆ خۆی دایهێناوە چی بووبێ؟ لە رووی چۆنیەتی و رێکخرانی قافیەکانەوە، ئەم شێعرە لە هەموو بەندەکانی‌دا لە مۆدێلی abaa کەڵک وەردەگرێ کە مۆدێلێکی تازە نیە و پێشتریش کەڵکی لێ‌وەرگیراوە کەواتە مەبەستی لە قالبە تازەکە هەر ئەو کێشە ناعەرووزییەیە کە پێشتر دەکار نەکراوە. بەڵام بە بڕوای من تازەگەرییەکی لەمەش گرینگتر کەڵک‌وەرگرتن لە راوێژی قسەکردنی ئاسایی‌یە. شاعیر بە سەمیمییەتێکی ئەوتۆ شەنگەبێری دەدوێنێ کە خوێنەر هەست بە ئامادەبوونی شەنگەبێری لە لای شاعیر دەکا.

هێمن تەجرەبەیەکی‌تریشی لەم چەشنە هەیە. ئەو بیست‌و پێنج ساڵ بەر لە شێعری شەنگەبێری، شێعرێکی بەناوی" بەهاری لادێ" بە شێوەی تەرکیب‌بەند گوتووە کە لەو شێعرەش‌دا راوێژی قسەکردنی ئاسایی‌ی زۆر شارەزایانە گواستووەتەوە بۆ ناو شێعر:

بەهارە کاتی کارە خۆشەویستم بۆچی بێم بۆ شار

ئەگەر من بێمە شاری کێ وەئەستۆ بگرێ کاروبار

ئەمن کرمانجم و کرمانج کەهات فەسڵی بەهار وەک هار

دەبێ بخولێتەوە کێو و تەلان و بەندەن و نیسار

هەتا پەیدا بکا نان و نەبا بۆ خەڵکی شار هاوار

جوداوازییەکەی لێرە دایە ئەوشێعرە بە پێچەوانەی " شەنگەبێری" لەسەر وەزنی عەرووزی داندراوە. دوای ئەم تەجرەبەیە، هێمن کە دەگاتە "شەنگەبێری"، بۆ ئەوەی راوێژی قسەکردنەکە، ئاسایی‌تر بنوێنێ، وەزنە عەرووزییەکەش وەلا دەنێ. بەڵام لە هەردوو شێعردا، شاعیر کەسێکی نزیکی کردووە بە بەردەنگ و دەیدوێنێ.

 لە شێعری فارسی‌دا کەڵک وەرگرتن لە پتانسیەلەکانی زمانی قسەکردنی رۆژانە، بووەتە هۆی خوڵقانی شێوازێکی شێعریی بە ناو "شێعری گوتار". توێژەرانی ئەدەبی هاوچەرخی فارسی رەچەڵەکی ئەو شیوازە دەگێڕنەوە بۆ شێعرەکانی " فروغی فەڕوخزاد" و چڵەپۆپەکەشی لە شێعری " سەید عەلی ساڵحی"دا دەبینن.

لە شێعری کوردی‌دا ئەم داهێنانە، بەرلەوەی لە شێعری نوێ‌دا کەڵکی لێ‌وەربگیرێ، لە شێعری نەریتی‌دا ناسراوە و تا ڕادیەک دەکار کراوە.

جگە لەو نموونانەی باسمان کرد، ماموستا هەژار لە " بەرەوموکریان"دا، کاتێک لە غەریبایەتی‌دا، باسی شوێن و ناوچە و کەسایەتییەکانی موکریان دەکا کە لێیان دوورە، وەک کەسێکی دوور و تاراو لەمەوتەنی خۆی باسیان ناکا، بەڵکوو لەبەر چاوی خۆی حازریان دەکا و وەکوو ناسیاوێکی کۆن دەیاندوێنێ. ئاخۆ مرۆڤ لەگەڵ ناسیاوێکی خۆشەویستی کۆن، بەڕاوێژێکی خۆمانە و سەمیمی نەبێ، دەدوێ؟

پردی سوور ئاخۆ لە بیرت ماوم                             بە نەمامی لە دەراوت ڕواوم

پێم بڵێ باغی مکایل چۆنی                                هەر وەکوو پێشوو بەڕەنگ و بۆنی

دارەتووی بەژنی خەزایی ماوی                             هەر گەش و دڵ‌تەڕی یان ژاکاوی

ئەی مهاباد گوڵی سەرتۆپی زەوی                         زیاد لە هەر جوانێ وەبەردڵ دەکەوی

سەید وەقاس هەر بە گەڕی رەشبەڵەکی                وەکو جاران بە کڵۆک و کەڵەکی

خانەقا دار و دەرت چیمەن و چیم                           لە هەمووی هەڵدەقوڵێ بیرەوەریم

تەرەغە خۆشی سەرت هەر بەرزە                         لێک جیابوونەوەمان چەند وەرزە؟

 

(٦)

جگە لە زمان و راوێژی قسەکردنی رۆژانە، ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی و ژانرە جۆراوجۆرەکانی ئەو ئەدەبەش، سەرچاوەیەکی‌تری کەڵک وەرگرتنی شاعیرانی قوتابخانەی موکریان بووە.

گرینگ‌ترین ژانری ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی بەیتە. دیارە ناوی بەیتیش لە کۆنەوە لەگەڵ ناوی ناوچەی موکریان لەیەک گرێ‌دراون. ئەو لەیەک ‌گرێدرانە بە چەشنێک بووە کە لای زۆریەک لە توێژەران ئەو چاوەڕوانییەی ساز کردووە کە هەر شاعیرێکی لەو ناوچەیەدا ژیابێ، شێعرەکەی دەبێ راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ شوێنی لە فۆڕم و ناوەرۆکی بەیتە جۆراوجۆرەکان وەرگرتبێ. لە نووسراوەیەکدا تووشی ئەو مەبەستە هاتم کە گوایە شێعری میسباحوددیوانی ئەدەب تەئسیری زۆری لە شێوەی دەربڕینی بەیتەکان وەرگرتووە. ئەو کەسانەی لە شێعری ئەدەب شارەزان، دەزانن ئەو یەکێک لە لێهاتووترین شاعیرانی پەیرەوی قوتابخانەی بابانە و زمانی شێعری ئەدەب لە زمانی نالی‌یەوە خواستراوە. ئەو کروتەونە زمانییەی ئەدەب دەکاری کردووە، سروشتەکەی بە چەشنێکە ناتوانێت دەربڕینی لە چەشنی دەربڕینی باو لە بەیت وئەدەبی فۆلکلۆری وەخۆ بکا.

بەڵام دزە کردنی زمانی بەیت لە هێندێک شێعری وەفایی‌دا دەبیندرێ. وەفایی لە شێعرێک‌دا دەڵێ:

هەزار صەوم و صەڵات بێ/ چاوت لە دووی زەکات بێ/ خودات نییە حەیات بێ/ قەت وانیە تۆبەکار.

تف لە ڕەنگ و رەوانت/ دەگەڵ فیعل و ژیانت/ چی تێدانیە دوکانت/ چت [لێ] بکڕێ خەریدار

بەیتی کوردی لە رووی قالب و فۆڕمەوە هەموویان وەکوو یەک نین. کۆمەڵێک بەیت هەن وەکوو زەمبیل‌فرۆش، محەممەدی حەنیفە، شێخی سەنعان، باپیرئاغای مەنگوڕ و هەمزاغای مەنگوڕ لە مەنزوومە نزیک دەبنەوە و دەکرێ ناوی بەیتی مەنزوومەییان لەسەر دابنێن. کێش و قالبی ئەو شێعرەی وەفایی لەم بەیتانە نزیکە. وەفایی لە شێعرێکی دیکەی‌دا لە تەکنیکێک کەڵک وەردەگرێ کە لە بەیتە مەنزوومەییەکاندا زۆر دەبیندرێ. دەکرێ ناوی جومگەی مەنزوومەیی لەسەر ئەم تەکنیکە دابنێین. "لە مەنزوومەدا چۆنیەتی لێك‌بەستنەوەی بەندەکان هەندێک جاران بەم‌جۆرەیە کە دەستەواژەی کۆتایی بەندێک، لەسەرەتای بەندی دوایەدا دووپات دەبێتەوە".[5]

ئەم جومگەیە لەم شێعرەی وەفایی دا دەبیندرێ:

ئەی رەفیقان وەرنە یاریم                         زۆر زەلیلم دڵ شکاو

جان و دڵ مەحرووقی نارم                        ئاخ لەبۆ تێڕێک دراو

ئاخ لەبۆ تێڕێک دراوان                              نووری دڵ بینایی چاوان

مەرهەمی دڵ کون‌کراوان                         مۆمیای پشتی شکاو

 وێ‌دەچێ کەڵک وەرگرتنی وەفایی لە زمانی فۆلکلۆر بەشێوەیەکی بە ئاگایانە و پلان بۆ داڕێژراو نەبووبێ و هەر وەک گوتم ئەو شێوە دەربڕینە نابەئاگایانە دزەی کردبێتە ناو شێعری وەفایی‌یەوە.

حاجی قادر لە هەندێک لە شێعرەکانی‌دا بە شێوەیەکی ئیجابی ئاوڕ لە بەیتی وەک "محەممەدی حەنیفە" و " مێهر و وەفا" دەداتەوە و ناوی بەیت‌بێژی وەک عەلی حەریری و عەلی بەردەشانی بە گەورەیی دەهێنێ. کەواتە ئاسایی‌یە شاعیرانی قوتابخانەی موکریان، بە شێوەیەکی بە ئاگایانە کەڵکیان لە ئەدەبی فۆلکلۆری وەرگرتبێ. ماموستا  هێمن لە هەندێک لە نووسراوەکانی‌دا باسی ئەوەی کردووە کە ناوەرۆکی شێعری شێخ ڕەزا هێندەی رواڵەتیان جوان نیە. بەڵام لەناو هەموو شێعرەکانی شێخ‌رەزادا بە تایبەتی و بە ڕێزێکی زیادترەوە باسی بەیتێکی شێخ‌رەزا دەکا:

کارێ کە غەم و دەردی فیراقت بە منی کرد

سەرما بە هەتیو با بە دەواری شڕی ناکا

ئاخۆ چ هۆکارێک بووەتە هۆی ئەوەی هێمن ئەوا بە ڕێزەوە باسی ئەم تاکە بەیتە بکا؟ دیارە ئەم هۆکارە برێتی‌یە لە بە کار هێنانی ئەو مەسەلەی لە نیوە بەیتی دووهەم‌دا هاتووە. دیار مەسەل بەشێکە لە فۆلکلۆری کوردی. شاعیرێکی وەکوو هێمن کە ئاوا کەڵک‌وەرگرتن لە فۆلکلۆر پەسەند دەکا، دەبێ بۆ خۆی چۆنی مامەڵە لەگەڵ ئەدەبی فۆلکلۆری کردبێ.

ئەو کێشەی هێمن لە شێعری " رۆژگاری رەش" و " بەهاری کوردستان" دا کەڵکی لێ‌وەرگرتووە، کێشێکە کە خاڵی پێک‌گەیشتنی گۆرانی و بەیتی مەنزوومەیی‌یە. ئەم کێشە لە هەردووک لەم لقانەی فۆلکلۆری کوردیدا کەڵکی لێ‌وەرگیراوە.

هێمن لە رۆژگاری ڕەش‌دا دەڵێ:

ئەمنیە وەک داڵ و قەل            بڵاو بوونەوە ناو گەل

کێ ئازایە بڵێ لەل                 هەتا بیکەن شێت و شەل

ئەو سکاڵایەی هێمن لەگەڵ ئەو سکاڵایەی بەیت‌بێژی کورد لە رەزاشای دەکا، هەڵسەنگێنن:

شای پەهلەوی نازانی/ میللەتیان کوشت مەئموورانی/تەمام موحتاجن بە نانی/ رۆژێ سەد باجی دەستێنن/ وەکی گورگی دەم‌ بەخوێنن/ چی فەقیر بێ دەیمرێنن/[6]

نموونەیەکی بەرچاوی دیکەی بەکارهێنانی ئەدەبی فۆلکلۆری، مەسنەوی‌یە بەناوبانگەکەی مەلا‌غەفووری دەبباغی‌یە کە تێیدا زۆر مەسەلی باوی سەرزارای خەڵک، بە شێعر هۆندراوەتەوە.

 

(٧)

لە کۆتایی‌دا ئەگەر کەسێک لێمان بپرسێ شێعری قوتابخانەی موکریان بە چ تایبەتمەندیگەلێکەوە پێناسە دەکرێ و کامە شێعر لە کامە شاعیر دەکرێ وەکوو نموونەی بەرچاوی شێعری ئەم قوتابخانەیە باسی لێوە بکرێ، وەڵامی ئەم پرسیارانە چۆن دەدەینەوە؟

دیارە ناکرێ نموونەکان لە شێعری شاعیرێک‌دا کورت کەینەوە. لە مێژووی قوتابخانەی موکریان‌دا. شێعری بەنێوبانگ و شوێن‌دانەر زۆرن. "زستان"ی سەیفی قازی "بەرەو موکریان"ی هەژار، "خاسەکەو" ی سەید کامیل ئیمامی، "بەهاری کوردستان" ی هێمن و زۆر شێعری‌تریش بۆ ئەوە دەبن وەکوو نموونەی بەرچاوی شێعری قوتابخانەی موکریان چاویان لێ‌بکرێ. بەڵام بۆ ناسینی ئەم قوتابخانەیە، چاوگێڕانێکی مێژوویی بەسەر شێعری شاعیرانی ئەم قوتابخانەیە بەکەڵکە. گوتمان شوێن‌ وەرگرتن لە زمانی نالی‌یەوە هەتا کەڵک‌وەرگرتن لە زمانی خەڵکی ئاسایی و زمانی فۆلکلۆر، ڕێچکەیەک بووە شاعیرانی ئەم قوتابخانەیە پێی‌دا رۆیشتوون. بەڵام دەبێ بزانین ئەمە نیوەی ئەو ڕەوتەیە لەم قوتابخانەیەدا تێپەڕ کراوە.

بۆ وێنا کردنی چۆنیەتی ئاڵ‌وگۆڕەکان لە نێوەی یەکەمی ئەم رەوتەدا، دەکرێ دوو نموونەی زۆر بەرچاو لە شاعیرێکی تەمەن‌درێژ و پڕبەرهەمی ئەم مەکتەبەر واتە سەید کامیل ئیمامی (ئاوات) بهێنینەوە:

قوربانی تۆزی رێگەتم ئەی سروەکەی سەحەر

ئەی شارەزا و بەڵەد بە هەموو کێو و دەشت‌ودەر

کاتی گزینگ چیا بە نەسیمت مونەووەر

رەنگین دەبێ لە تۆقی سەری‌ڕا هەتا کەمەر

پێویست ناکا بڵێم ئەم زمانە چۆن لە ژێر کارتێ‌کردنی خەست و خۆڵی زمانی نالی دایە. بەڵام هەر شاعیری ئەم شێعرە، ساڵانێک دواتر شێعری خوارەوە دەنووسێ. بۆ خۆتان دەتوانن مەزەندەی ئەوە بکەن ئاوات لەم شێعرەی‌دا چاوی لە کامە شاعیر و لە کامە شێعر بووە.

بێری چوونە مەڕ دۆشین             بە پەنجەی نەرم و ڕەنگین

یەک خاتووزین یەک شیرین         شیرین‌تر بوون لە هەنگوین

خەجێ و مەجێ و فاتمۆکێ        دەرکەوتن بۆ مەندۆکێ

بە هەڵپەڕکێ و پێکەنین             چوون بۆ مەندۆکان چنین

شوێن پێی "بەهاری کوردستان" ی هێمن، لەم شێعرەدا بە ئاشکرایی بەدی دەکرێ. (هەڵبەت بەم نموونە هێنانەوەیە لە شێعری سەید کامیل ئیمامی، نابێ مامۆستا ئاوات بە شاعیرێکی لاسایی‌کەرەوە بزانین. ئەو دان‌وستانانە لە شاعیرانی ناو بازنەیەکی ئەدەبی‌دا دیاردەیەکی ئاسایی‌یە. بۆ نموونە قافیە و کێشی هەندێک شێعری ئاوات، وەک دیارە زۆرجار دڵی هێمنی بردووە. هێمنی لاو لە شێعری "یادگاری شیرن"دا لە ژێر کارتێ‌کردنی شێعری "ئارەق ڕشتن"ی ئاواتە. هەروەها ئاوات دوو پارچە شێعری جودای هەردووک بە ناوی " چ بکەم" هەیە کە کاریان کردووەتە سەر غەزەلە بەناوبانگەکەی هێمن واتە "بارگەی یاران" کە لە دەورانی پیری‌دا هۆندوویەتەوە. نموونەی‌تریش لەم دەستە لە گۆڕێ‌دا هەیە.)

مەبەستێکی زۆر گرینگ کە دەمهەوێ بیخەمە ڕوو و داکۆکی لەسەر بکەم ئەمەیە کە شێوازی شێعری قوتابخانەی موکریان، هەر لە مەودای نێوان ئەم دوو جەمسەرە دیاری کراوە کە بۆ نموونە لە شێعری سەید کامیل‌دا دیتمان قەتیس نامێنێتەوە. ئەمە نیوەی ئەو مەودایەیە کە دەبوایە خستبامانە ڕوو. شێوازی شێعریی لەم قوتابخانەیەدا لە دوایین هەنگاوەکانی‌دا لە وێستگەی شێعری وەک بەهاری کوردستانی هێمن‌دا ناوێستێ. هێمن لە زۆریەک لە غەزەلەکانی‌دا بە سەنتێزێکی زۆر پوخت و پاراو لە میراتێکی یەکجار پاراوی شێعری کوردی و فارسی دەگا. ئەو سەنتێزە پوخت و پاراوە لە غەزەلی وەک "بەرەو ئاسۆ"، "عیشق و ئازادی"، "فرمێسکی ڕنوو" و "بارگەی یاران" دەبیندرێن. لە غەزەلە کۆنترەکانیش دەتوانین ئاماژە بە "بۆسەی رۆژگار"، "چارەنووسی شاعیر"، "ماچی شیرن"، "هێلانەی بەتاڵ"، "گلێنەی شاعیر"، "شەوگاری تەنیایی" و "پەیامی ڕانەگەیەندراو" بکەین.

وەکوو بەڵگە هێنانەوەیەک بۆ ئەم بۆچوونە، بۆ نموونە لە شێعری "بارگەی یاران" دا دەبینین لە لای وشە و تەعبیری کلاسیکی وەک سەروی رەوان، دۆخ و خەدەنگ، روحی رەوان و... دا، وشە و تەعبیری خۆماڵی و کوردانەی وەک رەوتی کەوان، پڕمەی بۆر و بدەوان، زەبری ئاوزەنگی و... دەدیترێ.

لە شێعری ئاواتیش‌دا بێجگە لە نموونە زۆر بەنێوبانگەکانی "شەو" و "شاری دڵ" شێعرێکی وەک "شای شامات" نموونەی ئەم سەنتێزەیە:

من هاتم و تۆ ڕۆیی، تۆ ڕۆیی و من هاتم

زانیوتە بە قەولی وان تۆ لۆتی و من لاتم

تۆ راوچی و من هەوچی، با پێکەوە حازر بین

گوێ مەگرە قسەی خەڵکی، وەک من بە کەڕاهاتم

شایی دەوێ ئەو سەیرە دەس‌بگرە مەڵێ لەنگم

هەڵپەرکەیەکی بگرین تۆ دەس‌گرە من پاتم

گەر چا بێ کەلای من سینەش کە سەماوەر بێ

شیرینە وەکوو قەندە ‌هەڵبەست و مەقالاتم

ئاوات لەم شێعرەی‌دا گەرچی ئیلهامی لەو شێعرەی مەولەوی رۆمی وەرگرتووە کە بەم بەیتە دەست پێ‌دەکات:

 

من بیخود و تو بیخود، ما را کە برد خانە

من چند تو را گفتم کم خور دو سە پیمانە [7]

   بەڵام وەها تەعبیر و وشەی کوردی ئاوێتەی ئەم کێش و کەشە خواستراوە دەکا (بە تایبەتی لە دوو بەیتی دوایی‌دا و لە باسی هەڵپەرکێ و قەند و چایەکەدا) کە لە رەوتی بە خۆماڵی‌کردنی ئەم کێش و کەشەدا بە ئاشکرا سەردەکەوێ. پێوەندی ئەم شێعرەی ئاوات لەگەڵ شێعرەکەی مەولەوی وەک پێوەندی شێعری "ناسۆری تەشەنا"ی هێمن (وەرە مەیگێڕ دەمەوێ ئەوشۆ غەمی دڵ کەم کەم/ لووزەوم بەردە سەرێ نامەوێ جورعەی کەم کەم) لەگەڵ ئەم شێعرەی سەعدی‌یە کە خاوەنی راوێژێکی حیماسی تەغەززوللی‌یە (بە جهان خرم از آنم کە جهان خرم از اوست/ عاشقم بەر همە عالم کە همە عالم از اوست) لەبیرمان بێ قوتابخانەی موکریان دوایین قوتابخانەی شێعری نەریتی کوردی‌یە کەواتە شاعیرانی ئەم قوتابخانەیە لە سەر شانی کەڵەشاعیرانی کورد و فارس راوەستاون. چ نموونەیەک لە "ناڵەی جودایی"، باشتر ئەم سەنتێزە باس‌کراوەمان پێ‌نیشان دەدا؟ هێمن لەو شێعرەدا وەک چۆن کەڵک لە کێش و ناوەرۆکی شێعری سەرەتای مەسنەوی مەولەوی وەردەگرێ و چەند بەیتێکیشی لێ تێهەڵکێش دەکا وەک (هر کسی کو دور ماند از اصل خویش/ باز جوید روزگار وصل خویش)، هەر ئاواش ئاوڕ لە ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی دەداتەوە و حاڵی خۆی لە تاراوگەدا لەگەڵ حالی پڕ لە پەژارەی قارەمانە فۆلکلۆرییەکان بەراورد دەکا و لە مەم‌وزین و لاس‌وخەزال را پێدادێ، هەتا دەگاتە شەم و شەمزین و خەج و سیامەند و برایمۆک و پەری‌خان.

لاسە شۆڕێک بووم غەنیمی دوژمنان

ئێستە ئەنگواوم بە تیری چڵکنان

مانگی کانونێ بە چلوان دەرکرام

وەک برایم لەو وڵاتە ڕاونرام

 

له‌ناو شێعری هێدیش‌دا زۆر شێعری ئه‌وتۆ هه‌ن که‌ ده‌کرێ وه‌کوو سه‌نتێزێکی سه‌رکه‌وتووی شێعری کلاسیک و ئه‌ده‌بی فۆلکلۆریی چاویان لێ بکرێ:

ته‌ماشای هه‌نیه‌ت هه‌تاو نه‌کرده‌

بۆنی ئه‌گریجه‌ت شه‌ماڵ نه‌برده‌

له‌و هه‌موو وێنه‌ی وه‌ستای وێنه‌گه‌ر

هه‌ر تۆی بێ‌و‌ێنه‌ لێ هاتوویه‌ ده‌ر

ئه‌و کاته‌ی هێڵی به‌ برۆت دادێنا

هه‌ر زانستێ بووی به‌کاری ‌هێنا

تا زه‌رده‌ گوڵی گۆنات ده‌نگێوێ

چیمه‌ن سه‌د کاسه‌ خوناو ده‌پێوێ

بۆخۆتان دەتوانن مەزەندەی ئەوە بکەن شێعرێکی وا توانیبێتی ئەدەبی کلاسیکی فارسی و کوردی و ئەدەبی فولکلۆری لە ناو یەک بۆتەدا قاڵ کاتەوە رووی لە چ ئاسۆیەک بووە و لە چ وێستگەیەک‌دا وێستاوە.



[1] مامۆستا هێمن، هەواری خاڵی، سەرجەمی نووسینی هێمن، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوی ئاراس، هەوڵێر، ٢٠٠٣، ل ٣٥.

[2] سەیفولقوزات، دیوانی سەیفولقوزات، گردەوەکۆیی ئەحمەد قازی، ١٣٦١، ل١٩.

[3] سه‌رچاوه‌ی ژماره‌ 1، ل 85

[4] سه‌رچاوه‌ی ژماره‌ 1، ل 274

[5]  ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده‌، پێکهاته‌ی به‌یتی کوردی، ئینتشاراتی سه‌لاحه‌ددین ئه‌ییووبی، ل 120

[6]  به‌یتی فه‌قیری، ئاماده‌ کردنی ئیبڕاهیم ته‌قی سوڵتانی، سروه‌ ژماره‌ 138، ل 48

[7] ئەم شێعرە زیادتر بەم شێوەیە لەسەر زاری خەڵکە: (من مست و تو دیوانە... ) بەڵام مامۆستایان بەدیعوززەمانی فرووزانفەر و شەفیعی کەدکەنی بە شیوەی (من بیخود و تو بیخود) یان ساخ کردووەتەوە.