رۆشنبیری کوردی و سازدانی گوتاری ناوین
رۆشنبیریی کوردی و سازدانی گوتاری ناوین

رەهبەر مەحموودزادە
1ـ زاراوەی «غیابی گوتار» یەکەم جار لە چوارچێوەی پەیڤی فیمینیستەکاندا، بە شێوەیەکی تیۆریک، خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. بەلام ئەو چەمکە بەربڵاوە کە ئەم زاراوەیە دەیگرێتە خۆی، هەر لەسنووری پەیڤی فیمینیسمدا نامێنێتەوە و بە شێوەیەکی مەنتیقی، پەلهاوێژی دەکا بۆ هەموو ئەو هەرێمە فیکرییانەی تێیاندا، «گوتاری تایبەت بە کەمایەتییەکان»، مەوزووعییەتی هەیە.
فیمینیستە لیبڕاڵەکان، لەسەر ئەم بڕوایەن پێکهێنانی دەرفەت و دەرەتانی وەک یەک بۆ ژنان ـ لە چاو پیاوان ـ لە زەمینەکانی پیشەیی و ئابووری و سیاسیدا، مافی یەکسان بە شێوەیەکی یەکجارەکی بۆ ژنان دابین دەکا و ستەمی مێژوویی، لەسەر ئەم بەشە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، دەستڕێتەوە
بەڵام فیمینیستەکانی ڕادیکاڵ، ئەم بۆچوونە ڕەت دەکەنەوە و لەسەر ئەم بڕوایەن کە تا ئەو کاتەی گوتاری پیاوسالارانە، بەئاشکرا و نائاشکرا، کار دەکاتە سەر زمان و زەینییەت و بۆچوونەکانی ڕەسمی و غەیرە ڕەسمیی ناو کۆمەڵی مرۆڤایەتی، دابین کردنی دەرەتانی یەکسان بۆ ژنان، هەرگیز ناگا بە ئەنجامی وەدیهاتنی مافی خوازراو و دوایی ئەوان، بەڵکووو دەسپێکی بزووتنەوەی ژنان دەبێ بیرازکردنی زەمینەی پێکهێنانی گوتارێکی غەیری پیاوسالارانە و بڵاوکردنەوەی ئەم گوتارە لە کۆمەڵگادا بێ. بەم پێیە باڵی ڕادیکاڵی فیمینیستەکان، داواکاریی ژێرسازی بزووتنەوەی ژنان، بە بزاڤێکی ڕۆشنبیریی خاوەن گوتار دەکەن و چالاکی حقوقی و سیاسی ڕووت بەجووڵانەوەیەکی وەڵامدەر نازانن.
بە پێی بەروبووەکانی ئەم باسە، لەگەڕیانی بەرەوڕوبوونەوەی پەراوێزی بەهێند نەگیراو و ناوەندی خۆ بەزلزان لە جڤاتەکانی سەردەمی مۆدێرندا، ئەو کەرەستەیەی کۆمەڵگای بۆکەنار ڕادراو دەبێ پێی تەیار بێ ـ لەبناغەییترین ئاستی ئەم پڕۆژەی بەرەوڕووبوونەوەیەدا ـ چەک و چۆڵ و شتومەکی تری مادی نییە، بەڵکوو گوتارێکی هەمە لایەن ـ ە کە کۆمەڵی پەراوێز بتوانێ تەواوی ڕوخساربەندییەکانی زانایی خۆی تێدا بەڕێوەببا و، بەرە بەرە بپەڕژێتە سەر بەدەستەوەدانی مۆدێلێک بۆ نەخشکێش کردنی هێڵەکانی ـ بگۆڕ یان نەگۆڕی- شوناسی تایبەتی خۆی.
وەک دیارە ناوکی ئەم باسە، مەسەلەی گوتارە، بەڵام خودی ئەم مەسەلەیە لە چ باسێکی تیۆرێکدا شەقڵ دەگرێ و ڕایەڵکەی پێوەندییەکانی ئەم باسە، کامە دەستە لە چەمکە بناغەیییەکان دەگرێتە خۆی؟ بەکورتی «گوتار» چۆن پێناسە دەکەین و هێڵی پێوەندییەکانی لەگەڵ مەبەستەکانی تر چۆن وێنا دەکەین؟
گوتار (discourse) لە تەعبیرە جوداوازەکان دا، پێناسەی جیا جیای بۆ کراوە. بەبڕوای ئێمیل بنوەنیست (1903-1976) گوتار، بەشێکی زمانە کە پێوەندی بەقسەبێژ و شوناسەکەی (identity) و هەڵکەوتی کاتی و شوێنی ئەو هەیە. لەم بۆچوونەدا گوتار بریتییە لە لایەنی کۆمەڵایەتی و شوناسسازی زمان.
لە پەیڤی میشێل فۆکۆدا (1926-1984) مانای گوتار، بەچەمکی «ئەپیستمە»وە دەبەسترێتەوە. ئەپیستمە یان ڕوخساربەندیی زانین، چەشنێک زانست نییە، بەڵکووو ئەو کۆمەڵە پێوەندییەیە کە لە سەردەمێکی تایبەتدا، لە نێوان زانستەکان و لە ئاستی یاساکانی گوتاریدا هەیە.
گوتار، چ بە مانا شوناسسازەکەی و چ بەمانا دەسەڵاتسازەکەی، ئەو پانتا زمانییەیە کە بەجێیە دەنگی ئاشکرا بوون و دۆزرانەوەی یاسا شاردراوەکانی، یەکەوڕێ گوێی کەمایەتییەکان بزرنگێنێتەوە.
ئەگەر کەمایەتییەکان، تووشی پەتای «غیابی گوتار» بوونە، لەولاوە دەبینین کۆمەڵگاکانی زۆرینە خاوەنی سامانێکی فیکری و زمانین کە دەکرێ بە «داپەستراوی گوتار» ناوی ببەین. بەم شێوەیە دەبینین دیالۆگی نێوان زۆرایەتی و کەمایەتی یان دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات کە هەمان دیالۆگی نێوان کۆمەڵگای خاوەن گوتار و کۆمەڵی بێبەری لە گوتارە، لە ڕاستیدا، بریتییە لە تاکبێژیی خاوەن گوتار و دووپاتکردنەوەی بەستەزمانانەی هەمان تاکبێژی لە لایەن کۆمەڵی بێبەری لە گوتار و ورەگرتنی شوناسی بێگانە و توانەوە لە ناو دەسەڵاتی ئەودا. کەواتە تەنیا ئەو دوو لایەنە دەتوانن پێکەوە دیالۆگ ساز بکەن کە هەردووکیان لە باری داپەستراوی گوتارەوە خاوەنی سامانێکی کەم و زۆر وەک یەک بن. گوتار سازی گەرچی نابێ وەکو پڕۆژەیەک چاوی لێ بکرێ کە هەموو بەشەکانی بە موهەندیسییەکی تایبەتی وەک موهەندیسی کۆمەڵایەتی یان فەرهەنگی بەڕێوە دەچێ، بەڵام بەم حاڵەشەوە ناتوانێ پێوەندی بەویست و خواست و ڕادەی وشیاری و ڕۆشنبیری کۆمەڵەوە نەبێ.
2ـ با لە ئاقاری چەمکی گوتارەوە، قەڵەمبازێک بدەین بۆ دەڤەری باسی «شوناس». چۆنیەتی شەقڵ گرتنی شوناس، هۆکارەکانی مێژوویی و فەرهەنگی و سیاسی ئەم پڕۆسەیە و قەیرانی شوناس و گۆڕان و دینامیک بوونی پارامێترەکانی شوناس، لە ئاراستە جوداجوداکان دا، بەشێوەی جوداوازەوە خراونەتە بەر سەرنج و تیۆریان بو داڕێژراوە. ئاخۆ ئەم بابەتە چۆن دەبەسترێتەوە بەمەسەلەکانی ئەدەب و ڕەخنە و نووسین و وەرگێڕان؟
د. عەبدولکەریمی سرووش، ڕۆشنبیری بەناوبانگی ئێرانی بۆ نیشاندانی پێوەندی پتەوی نێوان شوناس و زەینییەت، ئەم تیۆرییە دەردەبڕێ:
«زەینییەتی ئاڵۆز، دەبێتە هۆی شەقڵ گرتنی هۆویەتی ئاڵۆز و بە پێچەوانە،شۆناسی هەراوو پتەو و ڕێکوپێک، بەرهەم هاتووی زەینییەتێکی ڕێکوپێک و نیزام- دارە»[1]
ئەگەر ئەو زاراوانەی لە ئاخاوتن یان لە نووسیندا بەکاریان دههێنین، بخەینە بەر سەرنج، دەبینین بە دوو دەستە دابەش دەبن واتە تێرمەکانی بەرهەست و تێرمەکانی تیۆریک. وشەکانی دەشت و کێو و سارد و گەرم، دەلالەت بۆ شتی بەرهەست دەکەن. بەڵام تێرمەکانی ئەتۆم، ئەلکترۆن، دیاردەناسی، پێکهاتەخوازی و... بەتیۆری و زەمینەی زانستی تایبەت بەخۆیانەوە پێناسە دەکرێن.[2]
بەم پێیە، تەواوی ئەو تێرمە تیۆریکانەی بەهۆی وەرگێڕانەوە، لە فەرهەنگ و فەلسەفەیەکی تایبەتەوە، دەگوێزرێنەوە بۆ ناو فەرهەنگێکی تر، ئەگەر وێڕای تیۆری و پێناسە بەربڵاوەکانی خۆیانەوە، نەگوێزرێنەوە، ئاڵۆزییەکی زۆر لە زەینییەتی گشتی و بەکۆمەڵی کەلتووری وەرگێڕدا ساز دەکەن و هەر لە ئاکامی ئەم زەینییەتە ئاڵۆزەشەوە، زەبرێکی گورچکبڕ لە شوناسی تایبەتی پێوەندیدار بەو فەرهەنگە دەوەشێنن و بە ئاشکرا تووشی قەیرانی دەکەن و ئەگەریش لەمەوپێش ئەو قەیرانە هەبووە، بەشێوەیەکی چەند قات، پەرەی پێ دەدەن.
دیارە چەمکە قووڵەکانی فەلسەفی لە زاتی خۆیاندا، تەمومژاوین، کە بەشێوەیەکی ناپسپۆڕانەش وەردەگێڕدرێن، یان قسەیان لێ دەکرێ، بەجارێک سەقەت دەبن و کەڵکی فیکرییان پێوە نامێنێ و ئەم ڕەوتەش دەگا بە ئەنجامی لە نێوچوونی هاوسەنگی و راوەستاویی لە پانتای فەرهەنگ و شوناسدا.
رۆشنبیری و بیری کورد بە گشتی و ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا، لەم لایەنەوە هەم خزمەتی پێکراوە و هەم سیمای داڕووشاوە و تووشی ئازار و ئاڵۆزی بووە. ئاخۆ خاڵە بە هێز و لاوازەکانی ڕۆشنبیری کوردی، بەگشتی لە پانتای گوتارسازیدا، چی بوونە و چۆن ڕسکاون؟
3ـ یاکوبسن، لە دەستەبەندی کردنی شێوەکانی وەرگێڕاندا، سێ جۆری وەرگێڕان لێک هەڵدههاوێرێ:
ئـ. وەرگێڕانی ناو زمانی واتە ڕاڤەی سیستمێکی زمانی بەکۆمەڵە نیشانەیەکی تری سەر بە هەمان زمان. دەتوانین بۆ خۆمان بوۆ ئەو چەشنە وەرگێڕانە، نموونەی گۆڕینی دەقی کۆن «مەسحەفا ڕەش» بۆ سەر زمانی کوردی ئەوڕۆ بهێنینەوە.
ب. وەرگێڕانی نێوان زمانی، یان ئەوەی بەگشتی نێوی وەرگێڕانی لەسەر دادەندرێ. واتە گۆڕینی نیشانەکان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر.
پ. وەرگێڕانی نێوان نیشانەیی واتە ڕاڤەی سیستمێکی زمانی بە سیستمێکی تری نیشانەیی وەکوو دروستکردنی فیلمی سینەمایی لە شوێنەوارێکی ئەدەبی.[3]
دەستەبەندی کردنەکەی یاکوبسن لێرەدا کۆتایی پێدێ. بەڵام ئێمە دەتوانین هەر لەسەر بناغەی کاری ئەو بە هێنانەگۆڕی باسی «جوداوازی گوتارەکان» پەرە بەم پۆلێنکردنە بدەین و ئاماژە بە چەشنە وەرگێڕانێک بکەین کە دەکرێ بەوەرگێڕانی «نێوان گوتاری» ناودێر بکرێ؛ واتە ڕاڤەی ئەو تێڕوانین و تیۆرییانەی لە ناو چوارچێوەیەکی زمانی تایبەتدا شەقڵیان گرتووە، بەشێوەی گواستنەوەیان لە گوتارێکی خاوەن کۆ – ڕێسای تایبەتی خۆیەوە بۆ گوتارێکی دووهەم یان ناوین بەکۆ- رێسایەکی جوداوازەوە.
دیاریکردنی چەند هەرێمێکی زمانی وەکو پانتای گوتاری ناوین، مەرجێکی پێویستی بڵاوبوونەوەی کاڵاکانی فیکری و ڕۆشنبیری لە ناو خەڵکدان. دەتوانین لەم بارەوە، بەراوردێک لە نێوان لقەکانی جوداوازی چالاکی بەشەری بکەین:
لە ڕوانگەی سیاسەتەوە، چینی ناونجی ناو کۆمەڵ، وەکوو هۆی سەرەکی گواستنەوەی دەسەڵات لە حکوومەتی پاوانخواز، بۆ حکوومەتی دێموکرات چاوی لێ دەکرێ، واتە هەتا چینی نێونجی لە باری حەشیمەتەوە بەشێوەیەکی دڵخواز هەڵی نەدابێ، زەمینەیەکی لەبار بۆ سەقامگیر بوونی دێموکراسی پێک نایە. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، وەچەکانی نێونجی ڕەهەندی گواستنەوەی فەرهەنگ لە وەچەکانی بەساڵداچوو، بۆ وەچەکانی لاوترن. هەر بەم پێیە لە بواری ئەندێشە و ڕۆشنبیرییەوە، بڵاوبوونەوەی گوتارەکانی ناوین، دەتوانن بەرە بەرە چەمکی نوێ و بۆچوونی مۆدێرن لە ناو پانتا فیکرییەکان بتەننەوە و ببنە هۆی توێکڵ دەرکردن و تازە بوونەوەی چوارچێوەکانی ڕۆشنبیری.
لێرەدا با ئەو باسە بێنینە گۆڕێ کە بەرهەمەکانی ڕۆشنبیری چۆن جێگای خۆیان لە ناو خەڵکدا دەکەنەوە و شوێنی پێویست دادەنێن؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەکرێ سێ قۆناغی بەرهەمهێنان و بڵاوکرنەوە و دەکار کردن بۆ باسەکانی تیۆریک دەستنیشان بکەین.
کاڵاکانی فیکری و ڕۆشنبیری لە ئاستی یەکەمدا لە لایەن ڕۆشنبیرانەوە و لەناو چوارچێوەیەکی گوتاریی هەڵبڕاو لە گوتاری خەڵکی ڕەشۆکیدا بەرهەم دێن. دیارە لۆژیکی تایبەتی باس وخواسەکانی فیکری و فەلسەفی داوای ئەم چەشنە گوتارە دەکا. لەم ناوەدا خوێندەوارانی باڵا کە لە باری ژمارەوە، چەند قاتی ئەو ڕۆشنبیرانەن کەداهێنانی تیۆریک دەکەن، بەڵام زۆر کەمتر لەو خەڵکەن کە کاڵا فیکرییەکان دەکار دەکەن، لە ئاستی دووهەمدا بە شێوەیەکی ڕێک وپێک باسەکانی تیۆری لە گوتارێکی قورسەوە، وەردەگێڕن بۆ گوتارێکی ناوین و دەیگەیێنن بۆ ئاستی سێهەم و لەبەر دەستی دەکارکەرانی ئەم کاڵا فیکرییانە، واتە زۆرینەی خەڵکی دەنێن.
ڕۆشنبیری کوردی، لەو جێگایانەدا، کە لە ئاستی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی فیکری و لە کاری وەرگێڕانی نێوان گوتاریدا سەرکەوتووە، توانیوێتی کارکردی ئیجابی و شوێندانەرانەی خۆی هەبێ و لەو جێگایانەشدا کە لە کاری وێناکردنی چوارچێوەی گوتارەکانی ناوین و کارکردن لە ناو ئەم چوارچێوەیەدا بێدەسەڵات بووە، بۆتە هۆی شێواندنی زەینییەتی خۆی و خەڵکی و تەریک خستنەوەی بەرهەمە ڕۆشنبیرییەکان و هەر بەم هۆیەشەوە ڕەنج بەخەسار بووە. بێگومان ئێمە لە پانتای بیری کوردیدا، هەردووک نموونەمان پێ شک دێ.
کارل پۆپێر (1903-1994)، بابەتی هەڵسووڕان لە دەرەوەی گوتارە دژوارەکان دەبەستێتەوە بە باسی کۆمەڵگای کراوە و دێموکراسی. پۆپێر لەم بارەوە دەڵێ:
بەبڕوای من ئەە یەکێک لە گەورەترین و خێراترین بەرپرسایەتییەکانی زانایانە و ڕەنگە تەنانەت لە هەمووشیان گەورەتر بێ چونکە ئەم ئەرکە «واتە نووسین و پەیڤین بەزمانی ناتێکچندراو» پێوەندی بە مانەوەی کۆمەڵگای کراوە و دێموکراسییەوە هەیە. ئەگەر زانست ببێتە پاوانی کۆمەڵێکی داخراو لە پسپۆران، کۆمەڵگای کراوە، «واتە کۆمەڵگایەک نەک هەر بۆ تەحەممولی بۆچوونەکانی جودابیرانە، بەڵکوو بۆ رێزلێنانیشیان» و دێموکراسی «واتە شێوەیەکی حکوومەت کە تەرخان کرابێ بۆ پاراستن و چاوەدێری لە کۆمەڵگای کراوە» ناتوانێ ڕەگاژۆ بکا و پێ بگا[4]
4ـ هەروەک چۆن دژوار نووسین دەبێ سنووری بۆ دابنرێ، سادەنووسینیش خاوەنی سنووری تایبەتی خۆیەتی. بۆچی ئێمە ناتوانین شێوەی سادە نووسین بۆ قەوارەدان بە هەموو جۆرە باس و بابەتێک بەکاربێنین؟
با گەڵاڵەی وڵامەکەمان، لەو ڕستەوە دەست پێبکەین: (پێداویستی تێک هەڵچوون لەگەڵ تێگەیشتنی باو، بەکێشەهاتن لەگەڵ گوتار و زمانی تێگەیشتنی باوە)
نیزامی دەلالەتی و چوارچێوەیەکی گوتاریی دەستنیشان کراو، هەر بۆی هەیە نیزامی فیکری تایبەت بەخۆی دابهێنێ. سیستمی ئەندێشەیی نۆیژەن، دامەزراو لەسەر گوتارێکی نوێژەنە. هۆی ئەم پێوەندییە ئەوەیە کە زمان هەرگیز لەباری ئایدۆلۆژیکەوە، بێ لایەن نییە. واتە ئایدۆلۆژییەکانی جوداواز، بەنهێنی بەڵام بە قووڵی، نەخش و نیگاری تایبەت بە خۆیان لە ناو پێکهاتەی زمانی باوی خۆیان هەڵدەکەنن و ئاخێوەران بە دەکارکردنی ئەم زمانە زەینییەتیان بە پێی ئەو ئایدۆلۆژییەی لە ناو زمانیاندا هەڵکەندراوە، شەقڵ دەگرێ. یەکێتی سێ کوچکەی زمان _ ئایدۆلۆژی _ زەینییەت، دەبێتە هۆی سروشتی و بەڵگە نەویست نواندنی ئەو تێڕوانینە دەستکردانە کە لە نیزامێکی دەلالەتی جوداوازدا، بە شێوەیەکی بەڵگە نەویست، چاویان لێ ناکرێ. کەواتە ناکرێ بەهۆی گوتاری تایبەت بە تێڕوانینێکەوە، گریمانەکانی تایبەت بەهەمان ئەو تێڕوانینە ڕەت بکەینەوە. (کاترین بلزێی)، نووسەری کتێبی (عمل نقد) (critical practice) لەم بارەوە دەڵێ:
نووسراوەی نووسەرانی پاش _ سۆسۆری وەکو لوویی ئالتووسێر، ڕۆلان بارت، ژاک دریدا و ژاک لاکان، گەرچی لە زۆر بارەوە، جوداوازییان هەیە، بەڵام لە باری دژواربوونەوە، وەکوو یەکن و ئەو دژوار بوونەش هەر بەتەنیا بەهۆی تامەزرۆییەکی نەخۆشئاسا بۆ تەمومژ و تاریکایی نییە. بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ گریمانە و بایەخەکانی باو، ناکرێ بەهوێ گوتارێکەوە بەڕێوەبچێ کە لەبەر سادە بوون، دووبارە هەمان ئەو گریمانە و بایەخانە بەرهەم دههێنێتەوە[5].
کەچی ئەو نووسەرە، سەرەڕای ئەو بۆچوونە، دەڵێ من خۆم هەوڵی ئەوە دەدەم تا ئەو جێگایەی مەنتیقی گوتاری نووسەرانی پاش – سۆسۆری هەڵدەگرێ و سیمای داناڕووشێ، تێڕوانینەکانیان، سادە بکەمەوە. کەواتە وەکوو ئەنجامگیرییەک دەتوانین زۆر ڕوون و بێ گرێ و گۆڵ، چوارچێوەکانی گوتاری ناوین دیاری بکەین:
گوتاری ناوین، ئەو گوتارەیە لە دوو لایەنەوە سنووری بۆ داندراوە واتە سنووری دژوار نووسین، تێنەپەڕاندن لە چوارچێوەکانی وەرگێڕانی نێوان گوتارییە و سنووری سادە نووسین، خۆ پاراستن لە کەوتنە ناو چوارچێوەیەکە کە بۆی نییە گوتارێکی مۆدێرنی لێ بەرهەم بێ.
5ـ جوداوازی دانان لە نێوان دوو چەمکی «کارکردن لە ناو» گوتارێکی تایبەت و «کارکردن بەهۆی» گوتارێکی تایبەت، دەمانگەیێنێ بە ئەنجامێکی بەکەڵکیتر و دەرگای باسێکی پێویستی ترمان بۆ دەخاتە سەرپشت.
کارکردن لە ناو پەیڤێکی تایبەت، ناتوانێ لە ئاکامی بەرهەم هێنانەوەی گریمانە و بایەخە باوەکانی ئەو گوتارە بترازێ. بەڵام کارکردن بە هۆی پەیڤێکەوە، بەمانای هەڵهێنجان و کەڵک وەرگرتن لە زەرفییەتەکانی زمانیی گوتارێکی تایبەتە، بێ ئەوەی خۆمان بخەینە ناو قەفەسی بیر و بۆچوونەکانیەوە.
بۆ نموونە ئەو پەیڤەی حەسەنی قزڵجی تێیدا نووسیوە، سیستمێکی دەلالەتییە کە بۆ تێڕوانینێکی «مارکسیستی و ڕادیکاڵ و نەتەوە خوازانەی سەدەی بیستەمی مرۆڤی کورد» ساز دراوە. ئەگەر نوسەرێک بە تێڕوانینێکی «کوردی و لیبڕاڵی و غەیری ئایدۆلۆژیکی سەدەی بیست و یەکەمی» بیهەوێ تەواو لە ناو گوتاری قزڵجیدا هەڵسووڕێ، ناتوانێ بەتەواوی پابەندی بۆچوونەکانی خۆی بێ. بەڵام هەمان ئەو نووسەرە، بۆ سازدانی هەرێمێکی زمانی لەبار بۆ گوتاری خۆی، دەتوانێ کەڵک لە زەرفییەتەکانی گوتاریی، زمانی قزڵجی وەرگرێ.
کەواتە دەکرێ دوو جۆرە هەڵوێستی ناو – گوتاری (درون گفتمانی) و دەرە- گوتاری (برون گفتمانی) لێک هەڵاوێرین. هەڵبەت لە هەڵوێستی جۆری دووهەمیشدا، وانییە خاوەنەکەی لە دەرەوەی هەر چەشنە گوتارێک، سیستمی ڕوانینی خۆی بەرهەم بهێنێ. دابەشکردنی ئەو هەڵوێستانە، دابەشکردنێکی ڕێژەیییە. واتە ئەو کەسەی لە بەرانبەر گوتارێکدا خاوەنی هەڵوێستێکی دەرەگوتارییە، سەبارەت بە پەیڤێکی تردا، بێگومان هەڵوێستێکی ناوگوتاری هەیە. فۆکۆ و دریدا، هەر کامە بە شێوەی خۆیان، رەخنە لە گوتاری گشتی مۆدێرنیتە دەگرن، بەلام لە ئاکامدا گوتارێکی فۆکۆیی یان دریدایی بەرهەم دههێنن و تێیدا هەڵدەسوورێن
مەبەستی من لە هێنانە بەرباسی ئەو بابەتە،ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی سازدانی کارلێک کردن و پێوەندی ئیجابی نوسەرانی مۆدێرنی کورد لەگەڵ بیرمەندانی هەڵکەوتەی نەریتخوازە. نووسەری ئەمڕۆی کورد – لەبەر ئەو هۆیانەی باسمان کردن- ناتوانێ هەڵوێستێکی ناو- گوتاری لە بەرانبەر پەیڤی کارپێکراوی کەسانێکی وەکو هەژار و هێمن و قزڵجی ڕەچاو بکا. بەڵام ئەگەر نەتوانێ بەڕەچاوکردنی هەڵوێستێکی دەرە-گوتاری، زیرەکانە بەسەر سامانی زمانی نووسەرانێک وەک ئەو ناوانەی گۆرین یان کەسانێکی وەک مەسعوود محەممەد و شوکر مستەفا دا زاڵ بێ، بێگومان لە کاری پێکهێنانی گوتارێکی ناوین و لە دامەزراندنی سیستمێکی بیریی بۆ مرۆڤی کوردی ئەوڕۆ سەرناکەوێ. هەربۆیە ئەوەندەی پێویستە نووسەرانی لاوی ئێمە، بۆچوونەکانی بارت و باختین و هایدگێر و گادامێر و ... بخوێننەوە و دووبارەیان بکەنەوە و فێریان بن و دەکاریان بکەن، ئەوەندەش پێویستە خۆیان بەخوێندنەوە و دەکارکردنی بەلێشاوی ئەو نووسراوانە ڕابهێنن کە سامانە زمانی و گوتارییەکانی کوردییان تێدا پەستراوەتەوە.
6ـ با جارێکی تر، سەر لە بەری وتارەکەمان بەسەر کەینەوە. باسەکەمان لە مەسەلەی «غیابی گوتار»ەوە دەست پێکرد، غیابی گوتار، ئەو بارودۆخەیە کە بیرمەندی کورد لەوێوە دەستی پێکردووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێستا لەو دۆخەی تێپەڕاندووە. تەنانەت دەکرێ بلێین ئەو دەستپێکردنە، لە لایەن نووسەرانی سوننەتی کوردەوە بەڕێوە چووە.
بەراوردکردنێکی ئەو زمانە کوردییەی فیکر و فەلسەفەی نوێی پێ دەنووسرێ لەگەڵ زمانی شێعری و ڕۆمانتیکی نیو سەدە لەمەوبەر، بۆچوونی تێپەڕاندن لە دۆخی گۆرین، پشت ئەستور دەکا.
گوتاری ڕۆشنبیری کوردی دەبێ کۆمەڵەی پەیڤە جۆراوجۆرەکانی فەلسەفی و کۆمەڵناسی و سیاسی و ڕەخنەیی و ئیدی بگرێتەوە و لە هەر کام لەم زەمینانەدا، پسپۆران ئەو گوتارە دەوڵەمەند کەن.
بەڵام هەڵسووڕان لە پانتای گوتاردا، مەترسییەکانی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەگەر ئەو چالاکییە بەڕێک وپێکی و بە پێی بەرنامە و تیۆری بەڕێوە نەچێ، تەنانەت زیانەکانی تا ئەو جێگایە پەرەدەستێنێ کە شوناسی نەتەوەیی تووشی ئاڵۆزی بکا. بۆ بەرگری کردن لەو خەسارە، تیۆرییەک پێشنیار کراوە کە ئەو هیوایەی بۆ دەکرێ بمانگەیەنێ بەهەرێمە بێ زەڕەکانی چالاکی زمانی.
ناوئاخنی ئەو تیۆرییە، بریتییە لە پێناسەکردنی هەرێمێکی گوتاری بەربەند کراو بەدوو سنووری تایبەت و، دەوڵەمەندکراو بەهەڵوێستێک. سنووری سەرووی ئەودەڤەرە بە پێی تیۆری وەرگێڕانی نێوان گوتاری و سنووری خوارووی بە پێی بۆچوونی بارگاوی بوونی پەیڤە جوداوازەکان لە ڕووی ئایدۆلۆژیکەوە، وێنا کراون. لە نێوان ئەو دوو سنوورەدا، مەودایەکی ئاسۆیی پێک دێ. بەلام ڕەچاوکردنی هەڵوێستێکی دەرە-گوتاری بۆ هەڵێنجانی زەرفییەتی بەکەڵکی زمانی پێش مۆدێرن، حەرەکەتێکی ئەستوونی بۆ قووڵایی سامانی زمانی و فیکری کوردی پێک دههێنێ.
گرینگی وەرگێڕانی نێوان گوتاری ئەو کاتە دەردەکەوێ کە قەناعەت بەو ڕاستییە بێنین، ئەمڕۆ تەنانەت تێفکرینیش سروشتێکی تەرجەمەیی هەیە. چونکە چوارچێوە گشتییەکانی عەقڵانییەتی نوێ، لە لایەن ناوەندەکانی شارستانیەتی جیهانی مۆدێرنەوە دیاری کراون و ئێمە پێمان خۆش بێ یان نا لە دەرەوەی ئە چوارچێوە گشتییانەدا خاوەنی سیستمێکی فیکری تایبەتی نین. لە ڕاستیدا عەقڵانییەتی ئەوڕۆ، هەر بەتەنیا موڵکی ڕۆژئاوا نییە، بەڵکوو موڵکی تەواوی مرۆڤایەتییە.
مرادی فەرهادپوور، لە بارەی کۆمەڵە وتارێکی نووسراوی خۆی ئاوا دەڵێ:
«گیانی زاڵ بەسەر ئەم وتارانە، گیانی وەرگێڕانە... وەرگێڕان نەک هەر هانە و سەرچاوە، بگرە ڕەوشت و ڕێسای نووسینی ئەم وتارانەی پێک هێناوە. من زۆر داکۆکیم لەسەر ئەوە کردووە کە لە دەورەی هاوچەرخدا، وەرگێڕان- بە بەربڵاوترین مانای وشەوە – تاقە شێوازی ڕاستەقینەی تێفکرینمانە»[6].
مانای وشەو زاراوەکان:
بیرازکردن: تەخت کردن، زەمینە خۆش کردن
روخساربەندیی زانایی: صورتبندی دانایی- اپیستمە
شوناس: هویت
داپەستراویی گوتار: تراکم گفتمان
شەقڵ گرتن: شکل گرفتن
پێکهاتەخوازی: ساختارگرایی
بەرهەم هێنان: تولید
بڵاوکردنەوە: توزیع
دەکار کردن: مصرف
[1] عبدالکریم سروش، اخلاق خدایان، چاپ اول، تهران، طرح نو، ص 157-174
[2] سهرچاوهی پێشوو
[3] بابک احمدی، ساختار و تاویل متن، چاپ اول، تهران، نشر مرکز، ص 72
[4] جرمی شییرمر، اندیشه سیاسی کارل پوپر، ترجمه عزتالله فولادوند. چاپ اول، تهران، طرح نو، ص15
[5] کاترین بلزی، عمل نقد، ترجمه عباس مخبر، چاپ اول، نشر قصه تهران، ص17
[6] مراد فرهاد پوور، عقل افسرده، چاپ اول، تهران، طرح نو، ص 15
خێوهت وێبلاگێکی دوو زمانهی کوردی و فارسی یه. ئامانجه سهرهکییهکهی توێژینهوهی هزر و ئهدهبی هاوچهرخه. ئهم خێوهته له هۆبه و ههواری سازگاری بیر و ئهندێشهی کوردیدا ههڵدراوه.لهم خێوهتهدا گرینگیی به بابهتی پێوهندیدار به ڕهخنهی ئهدهبی و زمانهوانی و فهلسهفه دهدرێ. خێوهت هێمایێکه بۆ کۆچ کردن؛ کۆچ کردنی بهردهوام له ههرێمێکی تێفکرینهوه بۆ ههرێمێکی تر.بهردهنگی خێوهت ههموو ئهو کهسانهن که له جوغڕافیای ههراوی تێفکریندا خۆیان به ههوارچی دهزانن نهک به پهیکهرهیێکی چهقیو.