ئەو شێعرانەی لە گیرفاندا هەڵناگیرێن
ئەو شێعرانەی لە گیرفاندا هەڵناگیرێن

رەهبەر مەحموودزادە
حوزوور یان ئامادەبوون بە پێی تێفکرینێکی تایبەتی، بنەمای ئەو مێتافیزیکەیە کە فەلسەفەی بەشەری، لە کەوناراوە تا چاخی مۆدێڕن، پشتی پێ بەستووە و بەڵگەی بۆ نەویستووە. لە ناو ئەم چوارچێوە بنەمایییە دایە کە سێبەری ئاخافتن بەسەر نڤیساردا کشاوە و ڕەنگی پێوە نەهێشتووە.
دیارە یەکەم چەمک کە کەوتە بەر نەشتەری بنەماشکێنی دریدا، بڕوای "سەرەتیی ئاخافتن" بوو که وەکوو سەمبۆلی مێتافیزیکی حوزوور لێک هەڵوەشێندراوە و لەبەر یەک رەوییەوە.
لەم وتارەی بەردەست دا، تەمای قسەکردن لەسەر دریدا و فەلسەفەکەیمان نیە. بەڵکوو دەمانهەوێ لەبەر تیشکی بۆچوونەکانی پاشپێکهاتەخوازی، بابەتێک لە پانتایی شێعردا بخەینە بەرباس و لێکۆڵینەوە کە تا ئیستا شەبەقی لێدوانێکی تێرو تەسەل، ڕەنگی لەسەر نەداوەتەوە و سیوادی روونکردنەوەیێکی تیۆریکی لێ نەبۆتەوە.
ئەگەر سیمای خوێندەوارێکی کلاسیکی کوردی نیوسەدە لەمەوبەرمان لەبەرچاو بێ کە بە زانستێکی حوجرەییەوە، سەدان پارچە شێعری تەڕی شاعیرانی کوردی لەبەرە و بە بۆنەیێکی تایبەت یان بێ موناسەبەتێکی شیاو، لە مەجلیس و دیوەخان دا، دەیانڵێتەوە و لەهەمان کاتیش دا، بیر لە توێژەرەوەیێکی مۆدێڕنی شێعری نوێ بکەین کەگەرچی سەراوان و بناوانی خوێندنەوە حیرفەییەکانی، شێعری نوێ یان مەسەلەکانی پێوەندیدار بەم بەستێنەیە، بەڵام کەم واهەیە چەند شێعری نوێی درێژ یان تەنانەت کورتی بە ڕێک و رەوانی لەبەر بێ، دەتوانین بە ئەنجامگیرییەکی سادە بگەین:
شێعری ئەوڕو، فارس گوتەنی "جیبی" واتە گیرفانی نین و ناکرێ لە یادەوەری مرۆفێکی نێونجی دا، هەڵگێڕ و وەرگێڕیان پێ بکرێ. بەڵام شێعری کلاسیک و بەشێکی بەرچاوی شێعری نوێش، گیرفانین و کەندو کۆسپێکی ئەوتۆ، بۆ هەڵگرتنیان، نایەتە سەر ڕێگامان.
دیارە پاساوی ئەم پێودانگە بۆ شێعری کلاسیک، فاکتوڕەکانی کێش و سەروایە کە زۆرجار وەکوو کۆد و ڕەمزی یاریدەدەر، کاری وەبیر هێنانەوە، ئاسان دەکەنەوە. بەڵام ئەم دۆخە، واتە بیرهێنانەوەی سانا، سنووری شێعری کلاسیک و تەنانەت شێعری کێشداری غەیری کلاسیکیش دەبەزێنێ.
بۆ نموونە شێعرێکی ئیماژی یان وێنەیی، باوەکوو کێشداریش نەبێ، دەچێتە خانەی ئەو شێعرانەی ناوی شێعری گیرفانیمان لهسهردانان.
لەم دوو نموونە شێعرەی خوارەوە، ئاخۆ کامەیان شێعری هەڵگرتن یان گیرفانییە و کامەیان شێعری ڕاگرتن یان ناگیرفانییە؟
نموونەی یەکەم:
وڵاتی تۆ پێکەنینە
شاری منیش، چاوی تۆیە
گەر نیشتمانیشم ون کرد ناپەشۆکێم
ئامێزی تۆ
ولاتێکی سەربەخۆیە(1)
نموونەی دووهەم:
کەگەڵا تەعبیرێک لە ناوادەی وەرز
سات...چ زوڵاڵێک لەمن
کەوەریم
تاکووچە فەرمووی پاییزی پیرۆز
کە ژیان تەعبیرێک لە کۆچ
....تا گەڵا
هەر دەبێ ناوادەی پیرۆزی ژیان بم
لەوەرین
کەفەرمووی پاییز و
من جەنگەڵ
لە کۆلان(2)
لە نموونەی یەکەم دا، شێعر، تەنانەت بە بێ بوونی ئەم سەروایەش کە لە دەستەواژەکانی "چاوی تۆیە" و "سەربەخۆیە"دا هاتووە، لە سۆنگەی وێنەیێکی ناسک و گردوکۆوە، چەسپانی خۆی لە مێشکماندا دەستەبەر دەکا. بەڵام شێعری دووهەم، هەر لە ڕێوە، ڕێگای سڵی و سرکی دەگرێتە بەر.
لە ڕاستیدا، شێعری گیرفانی یان شێعری هەڵگرتن، بە شێوەیێکی نەدیو و نابەرهەست لە سەر بنەمای جۆرێک حوزوور و ئامادەبوون دامەزراوە، بە چەشنێک، ئەوکاتەی کەسێک شێعری شاعیرێک لەبەر دەڵێتەوە، خەریکی مۆدێلسازی حوزووری شاعیری خاوەن شێعرە. یان بە واتایێکی تر، خەریکە ئامادەبوونی شاعیر بە شێوەیێکی مەجازی، لەکاتی گوتنی شێعردا، بەرهەم دههێنێتەوە. کەچی لەو شێعرانەدا کە هەر بە تەنیا بۆیان هەیە بە شێوەی نڤیسار لەبەر دەستمان دابن، چەمکی "غیاب" یان نائامادەبوون، تۆختر دەنوێنێ.
کەوایە ئەگەر ئەو قان و باڵادەستییە کە تائیستا لە سۆنگەی چەمکی حوزوورەوە دراوە بە ئاخافتن، سەرڕێژی کردبێ بۆ هەرێمی شێعری گیرفانیش، تێکشکانی سەروەریی مێتافیزیکی حوزوور، هەربەم پێیە، ئیتر سەرەتی بێ ئەملاوئەولای شێعری گیرفانیشی لەناو بردووە و دەرفەتێکی ڕەخساندووە بۆ خوردبوونەوە لەو شێعرانەی لەجیاتی لەبەر کردن، هەوڵێکی تر دەخوازن، واتە هەوڵی ڕاڤە و لێکدانەوە و ماناخوڵقێنی و دووبارە نووسینەوە و تێپەڕاندن لە سنوورەکانی دیاریکراوی نیەتی نووسەر.
دیارە ئەم چەشنە پۆلین کردنە، واتە ناودێرکردنی هەندێک شێعر بە شێعری گیرفانی و هەندێکی تریش بە شێعری ناگیرفانی، ناودێر کردنێکی بایەخدەرانە نیە و نیازی هەڵکێشانی یەکێک و کێشانە ژێری ئەویتر، ـ ههر نەبێ جارێ ـ لەگۆڕێدا نیە، بەڵکوو وەسفێکە کە سەرەداوی باسێکی بەروبوو درێژمان دەداتە دەست و یاریدەمان دەکا هەتا ڕووبەری ئەو شێعرانەی چێژیان لێ وەردەگرین و دەتوانین لەگەڵیاندا بکەوینە سات و سەودا، هەراوتر بکەین. ئەو خانەبەندی کردنە فێرمان دەکا لەگەڵ هەر شێعرێک، بە شێوەی خۆی مامەڵە بکەین و لەخانەی تایبەتی خۆیدا جێگیری بکەین.
ئەگەر ئەم ڕاستییەمان سەڵماندبێ کە ئاکامی خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی، ئەو چێژەیە کە بەرهەمی دههێنێ، دەبێ دان بەو راستیەش دابهێنین کە چێژی خوێندنەوە بە گوێرەی جوداوازی دەقەکان، بۆ چەند ڕەهەندی جوداجودای نالێکچوو، پەل دههاوێژێ. مەرجی تلاسا نەبوون لە رێگایێکی مام ناوەندی، بەرەسمی ناسینی گشت ئەو چێژانە و بایەخپێدانی بەقەدەر حاڵیانە.
ئەو چێژەی شێعری "جوانی ئافرەت" -ی گۆران پێمان دەبەخشێ، "چێژێکی رۆمانتیکە"، بەڵام ئەو چێژەی "خەوە بەردینە"ی سوارە بەرهەمی دههێنێ، "چێژێکی ڕاڤەکارانە"یە.
پەتای "پیربوونی چێژ" ئەو ئاهۆ پیسەیە کە ناهێڵێ تەواوی ئەو کەسانەی دەپێشدا بە خوێندنەوەی جوانی ئافرەت نەشئە بوونە، ئێستا، هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ ڕەوتی شێعری ئەوڕۆ بێنەپێش و نێوقەدی چێژی ڕاڤەکارانە، هێندەی کۆتەرەی چێژی رۆمانتیک –بگرە زیادتریش- زل ببینن.
ئەو پێش نموونەیە (3) (Prototype) کە بە شێوەی مۆدێلسازی حوزووری شاعیر، چەمکی ئامادەبوون بەرجەستە دەکاتەوە، لەناو خانهی شێعری کلاسیکدا دەدۆزرێتەوە، بەڵام شێعری پێش مۆدێرن، هەربەم شێوە مۆدێلسازییە، ناوێستێ و بە نموود و ڕواڵەتی تریشەوە، گوزارش لە ژێرخانی هەراوی "حوزوور" دەکا.
ئەدەبی فۆلکلۆری و لەسەرووی هەمووشیانەوە حەیران، لەباری پێکهاتەو ناوەرۆکەوە وەها ڕێک دەخرێ کە ئامادەبوونی خۆشەویستێک مۆدێلسازی بکا.
کەرەستەی ئەم پرۆسەیە برێتییە لە ڕەچاوکردنی گۆشەنیگای دووهەم کەسی تاک. واتە ئەو کاتەی کوڕە حەیران وەدەنگ دێ، خەریکی دووبارە بەرهەم هێنانەوەی حوزووری کچە حەیرانە، یان پە پێچەوانە، کچە حەیران لەکەش و هەوایێکی داخراوو نەخوازراودا، بە وەدەنگ هاتنی خۆی، ئامادەبوونی کوڕە حەیران بەرهەم دههێنێتەوە:
نموونەی 1
ئەمن دەڵێم کەپرێکت بۆ دروست دەکەم لە گوڵێ،
لە سوورەگوڵێ
دارەڕا لە ڕەشەڕیحانێ
هەڵاشی داوێمێ لە سۆسنێ، هەڵالێ، گیابەند و گیاخاوی کوێستانی
خانووێکت بۆ دادەنێم بنچینی لە زێڕێ
پەنجەرانی تێدەبڕم لە رووی شیوبای
ئامان نازدار حەیران ئەگەر هاتیە سەیرانێ، شەوێ دە نیوە شەوێ دا
بۆنیان بڕوا بۆ ماڵی دە دەرو جیرانان (4)
*نموونەی 2
کیژ دەڵێ: هەتیوە لاوە دە چ بکەم دنیایە شەرت و وەفای بۆ کەس نیە
دەبڵا تێکەڵ کەین خەت و خاڵی گەردنێ
هەزاری وەکوو من و تۆ مردووە، ماڵت خەرابێ بە بێ مەخسوود و بە بێ مرادی
مردن بە وێ داخێ، بەوێ کەسەرێ. (5)
بهو پێیە وەک ئەنجامگیرییەک، دەڵێین لەگوتنەوەی شێعری کلاسیکدا، بە مۆدێلسازی ئامادەبوونی ئەو کەسەی شێعرەکەی گوتووە، چەمکی حوزوور بەرجەستە دەبێتەوە، بەڵام لە شێعری فۆلکلۆریدا، بە مۆدێلسازی ئامادەبوونی ئەو کەسەی شێعرەکەی بۆ گوتراوە، هەمان مەبەست بەرجەستە دەبێتەوە.
کەواتە با بەزیاد کردنی چەند مەبەستی تازەوە، پۆلین کردنەکەمان، دووبارە ڕێک خەینەوە:
-شێعری مۆدێرن، لەچاو شێعری پێش مۆدێرن، شێعرێکی لە هەڵگرتن نەهاتووە.
-خودی شێعری پێش مۆدێرنیش، لەم رۆچنەیەوە، دوو لکی لێ دەبێتەوە و دوو سروشتی جوداواز بەڵام وێکچوو، بۆ خۆی دابین دەکا.
-بەڵام بەگشتی شێعر، بەمانا ژانرییەکەی خۆی، بەنیسبەتی نەوعی چیرۆک، ژانرێکی گیرفانیترە.
-لە ئاستێکی تردا، هەر ئەم دابەشکردنە، لە پانتای چیرۆکیشدا، بە گوێرەی دوو ڕوانینی جوداواز بۆ ئەم ژانرە، دووبارە وه ڕاست دەگەڕێتەوە، بەم چەشنە کە بە پێی بۆچوونی "ئیدگار ئالەن پۆ" گەڵاڵەی چیرۆک دهبێ خاوهنی ئهو تایبهتمهندییه بێ که بکرێ له دهوریمێزی شێوخواردن دا، بۆ کات رابواردن، بگێڕدرێتەوە.
واتە مەرجی ڕێک و پێکی گەڵاڵەی چیرۆک، گیرفانی بوونیهتی، کەچی لەو لاشەوە چیرۆک بە مانا چێخۆفییەکەی، خاوەنی گەڵاڵەیێکی ئەوتۆیە کە گێڕانەوەی لە پشت مێزی شێوخواردن دا، کارێکی دژوارە، واتە چیرۆکی چێخۆفی چیرۆکێکی ناگیرفانی یە.
ئەم خانەبەندی کردنە، هەر بەم شێوەیە، دەتوانێ نەوع و نووسراوەی تریش بتەنێتەوە. بەڵام وەک دیارە مەبەستی سەرەکی ئێمە لەم وتارە، هێنانە بەرباسی مێکانیسمی گیرفانی بوونی شێعرە. کەواتە با جارێ خۆمان لە خانەکانی تری ئەدەب، کلا بکەین و بگەڕێینەوە سەر ئەم پرسیارە کە شێعر، چۆن هەڵگیران و مانەوەی خۆی لە یادەوەری مرۆڤدا دەستەبەر دەکا؟
ئەگەر بە ئاراستەیێکی "تەقلیل گەرانەوە" بڕوانینە دەقێکی ئەدەبی پێش مۆدێرن، دەبینین ئەو پێکهاتەیە کە ئەو دەقە بەرهەم دههێنێ، بارتەقای داپۆشینی "دوانەیێکی لێکدژ" بەرتەسک دەبێتەوە، واتە ناوکی ئەو پێکهاتەیە، برێتی یە لە دوو جەمسەری مانایی دژ بەیەک، بەڵام توکمە و تێک ئاڵقاو، وەکوو چاک و خراپ، بەرز و نەوی، پاکژ و کرێژ، کز و بە هێز و چی و چی.
کە ئەوەمان زانی با چیتر درێژدادڕی نەکەین و شێلەگەمان هەر لەو دەراوبدەین: شێعری گیرفانی، ڕێسای هەڵگیرانی خۆی لە سۆنگەی ئەم ناوکە دوو جەمسەرەوە مسۆگر دەکا و بە بەرهەم هێنانی چەمکی "تەقارون" و بهرانبهرکێ، خۆی بۆ لە بەرکردن، ئێسک سوک و لەبەردڵان نیشان دەدا.
بۆ نموونە با لە تێکهەڵەنگووتنی دوو دژە جەمسەری بەرزی و نزمی و هەڵۆئاسایی و قەل سیفەتی، لەو شێعرەدا خورد بینەوە:
حەیفە کوێستان بەو سەرە بەرزانەوە هەرتەم نەبێ
ئەو تەمە پیرۆزە، سایەی لەو سەرانە کەم نەبێ
خۆ بەزێڕ نایگۆڕمەوە دەشتی وڵاتی خۆم بەڵام
من سەرم تێدا دەچێ جێگام ئەگەر حەستەم نەبێ (6)
هەروەها بڕوانینە دژوەستانی دوو چەمکی ئەقڵ و ئەوین لەم شێعرەدا.
هەردەبوو رۆژی هەوەڵ من دوو دڵم بێ و یەک زمان
تا لە ماڵێک دا ئەڤین و ئاوەزم نەبنە هەوێ(7)
ئاکامی باسەکە:
ئەلف: دەقی ئەدەبی بە بێ تیۆری ناخوێندرێتەوە، تەنانەت ئەو کەسانەی پێیان وایە بە شێوەیێکی ئاسایی و بێ هیچ واستەیەک دەقێکی ئەدەبی دەخوێننەوە، بێ ئەوەی خۆیان پێ بزانن کۆمەڵێک تیۆریی ئامادەیان لە مێشک دا هەیە.
ب: خوێندنەوەی دەقەکانی جوداواز، کەرەستەی جوداواز واتە بۆچوونی هەمەچەشن دەخوازن. ئەگەر
قەرارە هەر بە تەنیا یەک جۆرە شێعر بخوێنینەوە و چێژی لێ وەرگرین، دەتوانین ههر شێعری گیرفانی به ڕهسمی بناسین و خۆمان له جۆری تری دەقی شێعری نەبان بکەین.
پ: بەڵام جاری وایە تەنانەت لە یەک دیوانە شێعردا، دەکرێ دوو جۆر دەق دەستنیشان بکەین کە هەر کامەیان بکهوێتە خانەیێکی جودا لە خانەی ئەویتریان، وەک ئەم دوو شێعرە جوداوزە:
ماڵم نییە
وەرە ئاوارەییمەوە
لەکەس ناچم
وەرە نێو تەنیاییمەوە
لە هیچ کەسیش ترسم نیە
وەرە نێوە ئازادیمەوە(8)
تۆ هاتی: کوندە پەپوو تووشی دوو دڵییەکی سەیر بوو
تۆ هاتی: ئیشراق خەونی بە پلەی لە تیشک تیشک ترەوە بینی
ئیمە سوورتر بووین لە ئارامی ئەم زریایە بکۆڵینەوە
بۆنی فرۆی ئەم هاتنەی تۆ
چی نەوڕەس بوو کردییە
خۆرهەڵاتی باغ... باکووری ئاو...
باشووری دڵ... خۆرئاوای مەرگمان(9)
لێرە دا ژیرانەترین ستراتێژی خوێندنەوە، بریتی یە لە تەیار بوون بە کەرەستە جوداوازەکانی خوێندنەوەی شێعر.
پەراویزەکان:
1و2- شێعری یوونس رەزایی-ن
3- زمانناسان بۆ ئەوەی لە پێناسەکردنی شتێکی تایبەت، ناچار نەبن زانیاری پێوەندیدار بە زەمینەکانی غەیری زمانی بدەنە دەست، بە شێوەیێکی ڕاستەوخۆ نموونەیێک لەو شتە دههێننەوە و پێی دەڵێن "پێش نموونە". بۆ نموونە بۆ پێناسە کەردنی "باڵدار"، بۆ ئەوەی خۆیان لە قەرەی زاراوەگەلی ئاژەڵناسی و ... نەدەن، "چۆلەکە" یان "کۆتر" یان باڵدارێکی لەم دەستە وەک پێش نموونە دەناسێننن.
4- ئەحمەد بەحری – گەنجی سەربە مۆر – ل193
5- هەمان سەرچاوە، ل 167
6و7- شێعری خاڵیدی حیسامی- ن
8و9- شێعری م-ساماڵ-ن.
خێوهت وێبلاگێکی دوو زمانهی کوردی و فارسی یه. ئامانجه سهرهکییهکهی توێژینهوهی هزر و ئهدهبی هاوچهرخه. ئهم خێوهته له هۆبه و ههواری سازگاری بیر و ئهندێشهی کوردیدا ههڵدراوه.لهم خێوهتهدا گرینگیی به بابهتی پێوهندیدار به ڕهخنهی ئهدهبی و زمانهوانی و فهلسهفه دهدرێ. خێوهت هێمایێکه بۆ کۆچ کردن؛ کۆچ کردنی بهردهوام له ههرێمێکی تێفکرینهوه بۆ ههرێمێکی تر.بهردهنگی خێوهت ههموو ئهو کهسانهن که له جوغڕافیای ههراوی تێفکریندا خۆیان به ههوارچی دهزانن نهک به پهیکهرهیێکی چهقیو.