چینی نێونجی، ژێرخانی په‌ره‌ستاندنی سیاسی
چینی نێونجی، ژێرخانی په‌ره‌ستاندنی سیاسی
دکتۆر مورته‌زا مه‌ردیها
وه‌رگێڕانی ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده
ته‌عبیری چینی سێ و خۆ به‌ستنه‌وه به‌و چینه وه‌کوو دیاری‌که‌ری جێگه و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌ست‌نیشان‌که‌ری سنووری تواناییه‌کان و شێوه‌ی پێوه‌ندییه‌کان و وێناکه‌ری پێکهاته‌ی گشتی و هێڵه سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌وێتی، له ناو به‌شێکی به‌ربڵاوی کۆمه‌ڵگادا، بابه‌تێکی له‌مێژینه‌یه. ڕمێنی ئه‌م ته‌عبیره ته‌نانه‌ت له‌ناو ئه‌و که‌سانه‌ی له خوارترین ئاسته‌کانی په‌روه‌رده‌ش بێ‌به‌رین، به شیوه‌یه‌کی فره‌پات به‌ر چاو ده‌که‌وێ و جاری وایه وه‌ک وڵامێکی سه‌ره‌کی، مه‌ته‌ڵی ئه‌و پرسیاره جۆراوجۆرانه هه‌ڵده‌نێ که له هۆیه‌کانی پشێوی و ئاڵۆزیی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو چینه‌کانی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌کۆڵنه‌وه. به‌ڵام له‌ناو فه‌رهه‌نگی ڕه‌مه‌کی‌دا قسه و باسێک له‌مه‌ڕ دوو چینه‌که‌ی تر له گۆڕێ‌دا نییه. که‌چی ته‌عبیری چینی سێ، ده‌بووایه سه‌رنجی مرۆڤ بۆ ئه‌و لایه ڕابکێشێ که لانی که‌م ده‌بێ پێ‌وشوێنی دوو چینی تریش بکه‌وێ واته : چینی یه‌ک و چینی دوو.
دابه‌ش‌بوونی چینه‌کان به سێ به‌ش له ئێرانی که‌ونارادا، به‌ناوبانگه. له‌م دووره دیمه‌نه‌دا، باره‌گای پادشا، ده‌وڵه‌مه‌ند و وه‌جاق‌زاده‌کان و مووبه‌دانی زه‌رده‌شتی، که به هه‌رێمی " فڕی یه‌زدانی" یا شه‌به‌قی مه‌له‌کووتیی پادشا، حیسێب ده‌کران چینی یه‌که‌میان پێک ده‌هێنا. باز‌رگان و خاوه‌ن مڵک و که‌للاکانی سوپا و میرزا و کارمه‌ندان، چینی دووه‌میان پێک ده‌هێنا. باقی جه‌ماعه‌ته‌که که برێتی بوون له جووتیاران و دوکاندارانی هورده فرۆش و ته‌ته‌ره‌کان و په‌ک‌که‌وته و سواڵکه‌ران، له چینی سێ دا جێگیر ده‌بوون.
دابه‌ش‌کردن و هه‌ڵاواردنێکی له گوێن ئه‌مه، به سووکه جوداوزییه‌که‌وه له رۆژهه‌ڵات ( هیندستان و چین) و له ڕۆژئاوا ( یۆنان و ڕۆم) ـ یش له گۆڕێ‌دا هه‌بووه و داڕشته‌ی چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی پێک‌هێناوه. ( هه‌ڵبه‌ت گێڕانه‌وه‌یه‌کی تریش له‌م دابه‌ش‌کردنه هه‌بووه. به گوێره‌ی ئه‌م دابه‌ش‌کردنه، سیاسه‌توانه‌کان، چینی یه‌ک، پیاوانی ئایینی چینی دوو و باقی خه‌ڵکه‌که چینی سێیان پێک ده‌هێنا)
له ئه‌ورووپای چاخی ناوه‌ڕاست‌دا، چینی یه‌ک و چینی دوو، پیاوانی ئایینی و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان بوون که به میرات‌گرتن بایه یا به ده‌ست‌خستن مافی تایبه‌تیان به‌رده‌که‌وت. گشت ئه‌و خه‌ڵکه مافنگییه‌ی دیکه‌ش که له‌و مافه تایبه‌تییانه بێ‌به‌ری بوون، به چینی سێ حیسێب ده‌کران.
له چاخی مۆدێڕن‌دا ئه‌و دابه‌ش‌کردنه نه‌ختێک گۆڕانی به‌سه‌ر داهات. چینی یه‌ک زۆرتر به‌و که‌سانه گوترا که ده‌سته‌ڵات یا سامانێکی زۆریان له ده‌ست‌دا بوو. چینی نێونجی نوێش له داوێنی چینی سێ ـ وه سه‌ری هه‌ڵدا و به‌م شێوه‌یه تێکه‌ڵه‌یه‌ک له ده‌سته‌ڵات، سامان و پرێستیژ پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵکیان دیاری ده‌کرد. که‌وایه پێکهاته‌ی چینایه‌تی هه‌رگیز داڕشته‌ی کۆمه‌ڵگای به‌جێ نه‌هێشت. جواداوازییه سه‌ره‌کییه‌که له‌وه‌دا بوو به‌ره به‌ره له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بابه‌تی خوداداو و زاتی و میراتی و شتی له‌چارنه‌هاتوو، پێگه‌ی چینایه‌تی دیاری بکه‌ن ، بابه‌تی به هه‌ڵکه‌وت، وه‌ده‌ست‌هێنراو(اکتسابی) و له‌فه‌وتان‌هاتوو دیاری‌یان ده‌کرد. به‌م شێوه‌یه بابه‌تی وه‌ک پشت و ڕه‌گه‌ز، ڕه‌سه‌نایه‌تی بنه‌ماڵه، هه‌ڵبژێردرانی ئاسمانی یا به‌پێچه‌وانه نزمایه‌تی زاتی و تووک‌لێکراوی، بنه‌مای تیۆری و ڕاده‌ی سه‌لمێندرای به‌ربڵاوی خۆیان له‌کیس دا و ئه‌گه‌رچی به شێوه‌یه‌کی نابه‌رهه‌ست‌تر و شاردراوه‌تر هه‌رنه‌بێ له نه‌ستی خه‌ڵکی ڕه‌مه‌کی‌دا مانه‌وه و جاری واش بوو له‌ناو هێندێک تاقمی دیاری‌کراودا، به شێوه‌ی ئایدۆلۆژیک کاره‌ساتی جه‌رگبڕیان خولقاند، به‌ڵام به‌گشتی ده‌ست‌ڕۆیشتوویی‌ی به‌ربڵاو و بێ‌ئه‌م لاو ئه‌ولای خۆیان وه‌کوو ڕاستییه‌کی به‌ڵگه‌نه‌ویست به‌ته‌واوی دۆڕاند. له‌وه پاش ئه‌گه‌رچی شوێنی پادشا هه‌ر له ناو چینی یه‌ک‌دا پارێزرا به‌ڵام ئیتر خه‌ڵک له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه نه‌بوون شتێکی غه‌یری به‌خت و هات یا که‌سایه‌تیی به‌هێز و توانای تاکه‌که‌سی یا تێکه‌ڵه‌یه‌ک له‌م دووانه، پادشایان کردبێ به پادشا. هه‌ر به‌م شێوه‌یه جێی کرێکاران و جووتیارانیش به‌گشتی له‌ناو چینی سێ‌دا بوو به‌ڵام وانه‌بوو خه‌ڵک پێیان وابێ شتێکی غه‌یری بێ‌به‌ختی یا ته‌وه‌زه‌لی بووه به له‌مپه‌ری هه‌ڵکشانی ئاپۆره‌ی ناو چینی سێ. به ده‌ربڕینێکی تر هه‌ر وه‌ک له چیرۆکی به‌ناوبانگی پینه‌چی و ئه‌نووشیره‌وانیش دا باسی لێ کراوه، که‌سێک ئه‌گه‌ر له‌هه‌وه‌ڵه‌وه سه‌ر به چینی یه‌ک نه‌بووبایه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌سمایه‌یه‌کی هێنده‌ی گه‌نجی میریشی وه‌سه‌ر یه‌ک نابا یا منداڵه‌که‌ی بۆ فێربوونی زانست و به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری وڵات به‌هره‌یه‌کی له‌بن‌نه‌هاتووشی هه‌بووبایه، چنگی له عاسمانیش دابا، ڕێگای چینی یه‌کی پێ نه‌ده‌درا. که‌چی له‌م سه‌دانه‌ی دوایی‌دا هه‌بوونی تاقه یه‌کێک له‌و هۆکارانه (پاره، زانست و چازانی) به‌قاعیده ده‌توانێ ڕێگای هه‌ڵکشان بۆ چینه‌کانی سه‌رتر خۆش بکا ـ هه‌ڵبه‌ت وا نییه پازدانی له‌م چه‌شنه هاسان و به لێشاویش بێ ـ
به‌م شێوه‌یه دابه‌ش‌بوون به‌سه‌ر ئه‌و سێ چینه‌دا که جاری وایه ده‌گاته پێنج چینیش و هێندێک جاری تر هه‌ر کام له‌و سێ چینانه به‌سه‌ر سێ چینی دیکه‌دا دابه‌ش ده‌بنه‌وه، (به شێوه‌یه‌ک که بۆ نموونه کرێکارێکی چازان، سه‌ر به سه‌رترین ئاستی چینی سێ‌یه، له‌حاڵێک‌دا کرێکارێکی تازه‌کار سه‌ر به ئاستی نێونجی ئه‌و چینه‌یه و سواڵکه‌ر و دزیش سه‌ر به خوارترین ئاستی چینی سێ‌یه) ویڕای هه‌ندێک جوداوازی ده‌سته‌ڵاتی خۆی له‌م سه‌رده‌مه‌ش‌دا هه‌ر پاراستووه.
مانه‌وه‌ی ئه‌م پێکهاته چینایه‌تییه وه‌کوو ڕه‌گه‌زێکی سه‌ره‌کی و شوێن‌دانه‌ر و ڕه‌نگه جودانه‌کراوه‌ی ژیانی به‌کۆمه‌ڵ، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی له زانستی کۆمه‌ڵناسی‌دا به‌شێکی ته‌سه‌لی بۆ ته‌رخان بکرێ. له‌به‌رئه‌وه‌ی بابه‌تی ئه‌م باسه بابه‌تێکی قووڵ و به‌ربڵاوه، باسه‌که لکی جۆراوجۆری لێ بووه‌ته‌وه، له باسی مێژوویی و فه‌لسه‌فی له‌باره‌ی کێشه‌ی چینه‌کان له کۆمه‌ڵگا کۆنه‌کانه‌وه هه‌تا باسی ماریفه‌ت‌ناسی له‌باره‌ی راست بوون یا وه‌همی بوونی چه‌مکی چینه‌کان و له باسی تیۆریی پێوه‌ندیدار به پێوه‌ر و ڕێسای دیاری‌کردنی چینه‌کانه‌وه هه‌تا لێکۆڵێنه‌وه‌ی ئه‌زموونخوزانه و شیکاریی ماتماتیکیی ئامار و ژماره‌کان که ده‌ری ده‌خه‌ن له پێشکه‌وتوو‌ترین وڵاته‌کانی جیهانی ئه‌مڕۆش‌دا هه‌ر وه‌کوو جاران هه‌تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ئه‌وه منداڵی گه‌وره‌کانن ده‌بنه‌وه به گه‌وره (منداڵانی چینی سه‌رتر شانسێکی زیادتریان بۆ چوونه زانستگا هه‌یه و به‌م شێوه‌یه له ڕێگای ده‌ست‌خستنی زانست و چازانی و به‌هۆی خاوه‌ن بوونی پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و پێوه‌ندیی له‌بار ـ له سۆنگه‌ی به‌سترانه‌وه‌یان به چینی سه‌رتر ـ بۆ گرتنه‌وه و پڕکردنه‌وه‌ی شوێنه باشه‌کانی تایبه‌ت به چینی سه‌رتر به‌ختێکی باشتریان هه‌یه) له‌ناو ئه‌م باسانه‌دا ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به پێکهاته‌ی سیاسیی کۆمه‌ڵگاوه هه‌یه، پێوه‌ندیی چینی نێونجی له‌گه‌ڵ گۆڕانکارییه سیاسییه‌کانه. عاده‌ته‌ن ئه‌وانه‌ی باسی دێموکراسی و به‌سترانه‌وه‌ی به چینی نێونجی ده‌که‌ن، چاویان له ڕوودانی مێژوویی‌ی ئه‌و دۆخه له ڕۆژئاوا و له کۆمه‌ڵگایه‌کی پێشکه‌وتووی پیشه‌سازی‌یه. ڕاپه‌ڕینی پیشه‌سازی، که بوو به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی بورژووازی و چینی نێونجی نوێ، ئه‌ندیشه‌ی دێموکراسیشی له مانا تازه‌که‌ی خۆی‌دا له‌گه‌ڵ خۆی هێنا. باز‌رگان و سه‌نعه‌تکا‌ره‌کان بۆ هه‌ڵاتن له پاڵه‌وپه‌ستۆی حکوومه‌ت، لایه‌نگرییان له که‌م کردنه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی زاڵ و به‌ده‌سته‌ڵات گه‌یشتنی سیستمی نوێنه‌رایه‌تی کرد. به‌ڵام ده‌کرێ له مانایه‌کی به‌ربڵاوتردا و واوه‌ی سنووره‌کانی مێژوویی و جوغرافیایی، له‌و پێوه‌ندییه بکۆڵینه‌وه.
وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و تێبینییه ده‌رده‌بڕم که ئه‌و پێناسانه‌ی له‌م وتاره‌دا هاتوونه گۆڕێ، به‌گوێره‌ی سروشتی باسه‌که، مه‌زه‌نده‌یی و ناده‌قیقن، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌که‌ین که چینی سه‌روو خاوه‌نی سه‌رمایه‌ی داپه‌ستراون و چینی خوارووش ئه‌و که‌سانه‌ن که که‌م‌وزۆر بۆ دابین کردنی بژیوی خۆیان تێماون و چینی نێونجیش به‌و که‌سانه ده‌گوترێ که بۆ به‌ڕێ چوونی ئاسایی گرفتیان نییه به‌ڵام نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئاستی وه‌سه‌ریه‌ک نانی سه‌رمایه‌ی قه‌به‌ش. له‌م پێناسانه‌دا هۆکاری پرێستیژی کۆمه‌ڵایه‌تی که جاری وایه ناڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندی به ده‌سته‌ڵاتی ئابووری و سیاسییه‌وه په‌یدا ده‌کا، وه‌به‌ر چاو نه‌گیراوه. ئه‌گه‌ر ئه‌م پێناسانه به گشتی بسه‌لمێندرێن، وا دێته به‌رچاو چینی نێونجی کارتێکردنێکی زیادتری له‌سه‌ر گۆڕانکارییه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌بێ: چینی سه‌روو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌زمی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی به پارێزه‌ری جێگه و پێگه‌ی له‌باری خۆی ده‌زانێ و هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێوه‌گلانی پرۆسه‌ی وه‌سه‌ر یه‌ک نانی سامان و ده‌سته‌ڵاتی که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و سامانه، که‌م وا هه‌یه ده‌رفه‌تی بیری چاکسازیی پێ بدا، سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر وه شوێن گۆڕینی پێکهاته‌ی سیاسیی کۆمه‌ڵگا نه‌که‌وێ و ته‌نانه‌ت به‌ره‌نگاریشی بێته‌وه.(به گوێره‌ی ئامار، چینه سه‌رتره‌کان زۆرتر لایه‌نگری باڵه خۆ پارێزه‌کانن)
چینی خواروو به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی زیادترین سوودی له‌و گۆڕانکارییانه به‌ر ده‌که‌وێ، به‌ڵام به هۆی نوقم بوونی له گێڕه و کێشه‌ی دابین کردنی لانی که‌می بژیوی خۆی، به شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی له ده‌ست‌وێ‌ڕاگه‌یشتنی بنه‌مای تیۆری و ده‌رفه‌تی کرده‌کی بۆ چاکسازی بێ‌به‌ری‌یه. به‌ڵام چینی نێونجی له‌لایه‌که‌وه له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی له‌قه‌ده‌ر ده‌وڵه‌مه‌نده، که‌ڵکه‌ڵه‌ی تێر کردنی خۆی و دابین کردنی پێداویستییه‌کانی ته‌نگی پێ هه‌ڵنه‌چنیوه و له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی له‌قه‌ده‌ر [چینی سه‌روو] هه‌ژاره و ده‌ستی ناڕوا به شێوه‌ی بێ‌سنوور سامان وه‌سه‌ر یه‌ک بنێ و ده‌ربه‌ست له خزمه‌تی ئابووری‌دا نییه و هه‌ربۆیه مه‌جالی بیر کردنه‌وه‌ی هه‌یه، و له لایه‌کی تره‌وه به هۆی پیشه‌گه‌لی فه‌رهه‌نگی و ئیدارییه‌وه که زۆرتر له‌ناو ئه‌م چینه‌دا چڕ بووه‌ته‌وه، بیهه‌وێ و نه‌یهه‌وێ سه‌روکارێکی زیادتری له‌گه‌ڵ بیرۆکه‌ی چاکسازی و پێویستیی ئه‌و تێفکرینه هه‌یه. به گوته‌یه‌کی تر ئه‌و بۆچوونه‌ی له سه‌ره‌تای ئه‌و کتێبه هاته گۆڕێ و باسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد کۆمه‌ڵگاکان به‌ره‌نگاری به‌ربه‌سته‌کانی ڕابواردن و چێژوه‌رگرتن [له ژیان] ده‌بنه‌وه و له ئاکام‌دا ئه‌و به‌ربه‌ستانه تێکه‌وه ده‌پێچن، لێره‌دا به‌م شێوه‌یه وه ڕاست ده‌گه‌رێ که چینی نێونجی لێهاتووییه‌کی زیادتری بۆ ڕێ‌پێشان‌دان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕه‌وتی لابردنی ئه‌م له‌مپه‌رانه هه‌یه.
بۆ نموونه له ڕاپه‌ڕینی مه‌شرووته دا چینی یه‌ک (شازاده‌کان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان) دژ به ڕاپه‌ڕین وێستان. له‌و لاوه حه‌فتا له سه‌دی حه‌شیمه‌تی وڵات که له به‌شی کشت‌وکاڵ‌دا خه‌ریک بوون و له چین سێ دا جێگیر بوون، ته‌قریبه‌ن ده‌ورێکی ئه‌وتۆیان له ڕاپه‌ڕین‌دا نه‌بوو. قورسایی باری ڕاپه‌ڕین له‌بنه‌ڕه‌ت‌دا له‌سه‌ر شانی چینی نێونجیی ئه‌وکات بوو که برێتی بوون له مامۆستایانی ئایینی و بازارییان و ڕووناک‌بیران. ڕاپه‌ڕینی ساڵی 57یش ئه‌گه‌رچی به‌شێکی زۆر و زه‌به‌ندی چینی سێی هه‌ژاند و وزه‌ی شاردراوه‌ی ئه‌م به‌شه‌ی ته‌قانده‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و پاڵ پێوه‌نانه‌ش، ڕێبه‌ڕایه‌تی و به ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه به هۆی چینی نێونجی نوێوه کرا که برێتی بوو له مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی زانستگا، کارمه‌ندان، بازرگانه‌کان و سه‌نعه‌تکارانی مام‌ناوه‌ندی. ئه‌و قسه‌یه به هیچ کلۆجێک به‌م مانایه نییه له‌ناو ئه‌وانه‌ی ڕاپه‌ڕینینان به ئه‌نجام گه‌یاند، که‌سانی سه‌ر به چینی یه‌ک و چینی سێ نه‌بوون و هه‌روه‌ها به‌و مانایه‌ش نییه پێناسه‌ی چین له ڕێگای پیشه‌وه ده‌کرێ. چین و له ناو چینه‌کانیش‌دا چینی سێ، به سێ پێوانه‌ی ده‌سته‌ڵاتی ماڵی، ده‌سته‌ڵاتی سیاسی و پرێستیژی کۆمه‌ڵایه‌تی پێناسه‌ی بۆ ده‌کرێ که له ده‌وره‌ی مێژوویی و له کۆمه‌ڵگاکانی جۆراوجۆردا له‌ناو پیشه‌ی جۆراوجۆردا وه ڕاست ده‌گه‌ڕێ. گرینگ ئه‌وه‌یه ئابووری به هیچ کام له‌و دوو مانایانه، چینی نێونجیی ناخاته پاشقولی خۆیه‌وه. به‌م شێوه‌یه سه‌ره‌تایی ترین کۆمه‌ڵگاکان، ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ن گوورانی چینی نێونجیان به خۆوه نه‌دیوه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بڵێین مێژووی فه‌رهه‌نگ و شارستانیه‌تیی نوێ، برێتی‌یه له مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و هه‌راش بوونی چینی نێونجی، به‌هه‌ڵه نه‌چووینه. له سه‌ره‌تایی‌ترین پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی‌دا که بۆ نموونه که‌سێک خاوه‌ن کۆیله‌یه و سه‌د که‌سیش کۆیله‌ن، له‌گه‌ڵ ساکارترین شێوه‌ی حکوومه‌ت‌دا به‌ره‌وڕووین. سه‌رهه‌ڵدانی شارنشینی و به شوێن ئه‌و دا ئاماده بوونی ڕه‌گه‌زه‌کانی په‌روه‌رده و بازرگانی و پیشه‌سازی ـ که له ژیانی گوندی‌دا نه‌بوون ـ ده‌کرێ وه‌ک پێشباری پێک‌هاتنی چینی نێونجی و بناغه‌ی شارستانیه‌تی پێشکه‌وتوو چاوی لێ بکرێ. هه‌ر به‌م شێوه‌یه گیانی سه‌رمایه‌داری و ڕاپه‌ڕینی زانستی که له ڕۆژئاوا له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌دا به‌شێوه‌ی هاوته‌ریب ده‌ستیان پێ کرد و له سه‌ده‌کانی دواتردا به گوڕتر بوون، بوون به هۆی په‌ره گرتنی چینی نێونجی نوێ له ڕۆژئاوا ( بۆرژووازی بازرگانی و پیشه‌سازی سه‌ره‌تایی) که پاڵ‌پشتی سه‌ره‌کی شارستانیه‌تی نوێ بوون.
ئه‌م چینه نوێیه به مه‌به‌ستی پارێزگاری کردن له خۆی له به‌رانبه‌ر کرده‌وه‌ی سه‌ره‌ڕۆیانه و جاری وایه هه‌وسارپچڕاوی چینی سه‌رده‌ست ـ که تایبه‌تمه‌ندییه‌که‌ی بڕیتی بوو له چڕ بوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات و سامان له ده‌ستی‌دا و قه‌بزه کردنی حاکمییه‌تی سیاسی ـ بیری له داهێنانی که‌ره‌سته‌یه‌کی ئه‌وتۆ ده‌کرده‌وه بتوانێ له به‌رانبه‌ر هێرشی ماڵ‌وێرانه‌که‌ردا وه‌ک به‌ربه‌ستێکی قایم ڕابوه‌ستێ. بیر کردنه‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌ی له‌م چه‌شنه، له‌گه‌ڵ بۆچوونی هه‌ندێک له ڕووناک‌بیران له‌مه‌ڕ شێوه‌کانی ده‌سته‌به‌ر کردنی مانه‌وه‌ی شارستانیه‌تی و پشتیوانی کردن له چینه‌کانی ژێرده‌ستی کۆمه‌ڵگا هاوجووت بوو.
به‌م شێوه‌یه دێموکراسی به جودا کردنه‌وه یا باشتره بڵێین دابه‌ش کردنی ده‌سته‌ڵات، سیستمی نوێنه‌رایه‌تی و حکوومه‌تی یاسای به‌ستراوه به ده‌نگی زۆرینه و پاراستنی مافی که‌مایه‌تییه‌کان، به ده‌ستی چینی نێونجی بناغه‌ی داندرا. کارتێکردنی چینی نێونجی له‌سه‌ر دێموکراسی هه‌ر به‌وه‌نده کۆتایی پێ نایێ، ئه‌و چینه به هۆی تایبه‌تمه‌ند‌ییه‌کانی، شیاوترین توخمی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سیستمی دیموکراتیک له‌به‌رده‌ست‌دا بوو. به‌و ده‌لیلانه‌ی پیش‌تر باسمان کردن، چینی سه‌رده‌ست و چینی ژێرده‌ست، هه‌ردووکیان به شێوه‌یه‌کی دژواز ـ به گشتی و به هه‌ندێک هه‌ڵاوارده‌وه ـ به‌شێکی زۆر که‌متریان له ڕه‌وتی بیرکردنه‌وه به‌گشتی و له بیرۆکه‌ی چاکسازی به‌تایبه‌تی به‌ر ده‌که‌وت. هه‌ر بۆیه نه‌ک هه‌ر نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراو و به‌رێوه‌به‌رانی هێزی ئیجرایی و قه‌زایی و مه‌ئموورانی پایه‌به‌رز، بگره ته‌نانه‌ت ده‌نگ‌ده‌رانی وشیار و بڕیارده‌ریش به‌گشتی سه‌ر به چینی نێونجین ـ هه‌ڵبه‌ت باسی ئه‌و ده‌نگده‌رانه ناکه‌ین که له دێموکراسییه ناته‌واو و نه‌به‌گه‌کان دا به هه‌زار به‌ڵێنی و ته‌ماع وه‌به‌رنان و ده‌ست‌تێ‌وه‌ردانی لایه‌نه‌کان، به بێ ئاگاداری و وشیاریی ته‌واو ده‌نگی خۆیان ده‌هاوێنه ناو سندووق ـ
له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ده‌توانین ئه‌و ڕاستییه بسه‌لمێنین که په‌ره‌ستاندنی چینی نێونجی ڕێگاخۆش‌که‌ری په‌ره‌ستاندنی سیاسی‌یه و به‌پێچه‌وانه به‌رته‌سک بوونه‌وه‌شی هانده‌ری چڕ بوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات و داپه‌سترانی هێزی سیاسی‌یه. ئه‌گه‌ر بێت‌و له کۆمه‌ڵگایه‌ک‌دا چینی نێونجی وه‌لابندرێ، چینی خواروو که خاوه‌نی دوو تایبه‌تمه‌ندیی بێ‌به‌ری بوونی ڕێژه‌یی له په‌روه‌رده و بارهێنانی زانستی و تێوه‌گلانی له ململانێی مانه‌وه(تنازع بقا) ی ئابووری‌یه له به‌رانبه‌ر چینی سه‌رده‌ست‌دا که ئه‌ویش خاوه‌نی دوو تایبه‌تمه‌ندیی گشتیی مه‌یل بۆ په‌ستنه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات و چڕ کردنه‌وی سامانه، کۆڵه‌وار و بێ‌ده‌ره‌تان ده‌مێنێته‌وه. بێ‌به‌ری بوون له په‌روه‌رده، فه‌رهه‌نگی چینی خواروو ڕاوه‌ستاو و نه‌زۆک و ده‌روون‌ته‌وه‌ر بارده‌هێنێ و له‌ولاشه‌وه ململانێی مانه‌وه بڕست له هۆگرییه غه‌یره ئابوورییه‌کانی ده‌بڕێ. به‌م شێوه‌یه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر چینی سه‌رده‌ست مه‌یلی بۆ پاوان کردنی ده‌سته‌ڵاتیش نه‌بێ، جگه له‌مه ڕێگایه‌کی تر نامێنێته‌وه، چونکه دابه‌شینه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات پێویستی به‌و چینه نێونجییه هه‌یه که په‌روه‌رده‌ی زانستی و ده‌ست‌ڕۆیشتنی ئابووری، مه‌جالی بیرکردنه‌وه و هه‌ڵبژاردنی پێ ده‌دا.
ئه‌گه‌ر چینی سه‌رده‌ست، چینه‌کانی تر له نێوان دابه‌ش کردنی ده‌سته‌ڵات و دابه‌ش کردنی سامان‌دا سه‌رپشک بکا، چینی سێ مه‌یلی له دابه‌ش کردنی سامانه که‌چی چینی دوو دابه‌ش کردنی ده‌سته‌ڵاتی به‌لاوه په‌سندتره. به ده‌ربڕینێکی تر ئه‌م چینه بایه‌خ بۆ ئازادی داده‌نێ و ئازادی به که‌ره‌سته‌ی گه‌یشتن به هاوسه‌نگیی ئابووری ده‌زانێ، که‌چی چینی خواروو ئاماده‌یه له‌به‌رانبه‌ر دابین بوونی پێداویستییه ئابوورییه‌کانی ده‌ست له مافه سیاسییه‌کانی خۆی هه‌ڵبگرێ. چینی سێ به په‌سترانه‌وه‌ی سامان له ده‌ستی چینی یه‌ک ته‌نگه‌تاوه و چینی نێونجیش به چڕ بوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات له‌و چینه‌دا ته‌نگه‌تاوه. هه‌ر به‌م هۆیه، چینی نێونجی که به‌قاعیده و به گوێره‌ی خووی خۆی به شوێن چاکسازی پێکهاته‌ی سیاسییه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر له‌م رێگایه‌دا هیچی بۆ نه‌چێته سه‌ر، ناعیلاج وره وه‌به‌ر چینی سێ ده‌نێ و هانی ده‌دا ڕاپه‌ڕینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رپا بکا. له‌م ناوه‌دا هانه‌ی سه‌ره‌کی چینی سێ بۆ ئه‌و ڕاپه‌ڕینه گۆڕینی شێوه‌ی دابه‌شینی سامانه و ئه‌گه‌ر داوایه‌کیش بۆ گۆڕینی پێکهاته‌ی سیاسی له گۆڕێ‌دایه هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌یه. خاڵی سه‌رنج‌ڕاکێش ئه‌وه‌یه ته‌نانه‌ت له ڕاپه‌ڕینێکی وه‌ک ڕاپه‌ڕێنی [57]ی ئێرانیش‌دا که له به‌ڕواڵه‌ت له ڕووی تێکه‌ڵاو بوونی له‌گه‌ڵ هانه‌ی غه‌یری مادییه‌وه، جێگه و پێگه‌یه‌کی تاتبه‌تی هه‌یه، یه‌کێک له سه‌ره‌کی‌ترین ئامرازه‌کانی هارووژاندنی چینی خواروو، زه‌ق کردنه‌وه‌ی دابه‌شینه‌وه‌ی نابه‌رانبه‌ری سامان له حکوومه‌تی پێشوو و پێشان‌دانی دووره‌دیمه‌نی فه‌رعانی له حکوومه‌تی دواتر بووه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه توێژه‌کانی خوارتر مه‌یلێکی زیادتریان بۆلای سۆسیالیزم هه‌یه و توێژه‌کانی سه‌رتریش عه‌وداڵی لیبرالیزمن. ئه‌وانه هه‌ردووکیان به شوێن عه‌داڵه‌ته‌وه‌ن، به‌ڵام یه‌کێکیان زیادتر عه‌داڵه‌ت له دابه‌شینه‌وه‌ی سامان‌دا ده‌بینێته‌وه و ئه‌وی دی زۆرتر له دابه‌شێنه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی دا ده‌دۆزێته‌وه. یه‌کێکیان مه‌ترسییه‌کانی دابه‌شینه‌وه‌ی نایه‌کسانی سامان زه‌ق ده‌کاته‌وه و ئه‌وی تر له‌سه‌ر خه‌ساره‌کانی دابه‌ش کردنی نابه‌رانبه‌ری ده‌سته‌ڵات پێ داده‌گرێ.
خاڵی گرینگ ئه‌وه‌یه هه‌ر دوو گۆڕانکاری، ناچاره‌کی به هۆی چینی نێونجییه‌وه جێ‌به‌جێ ده‌کرێن به‌و جوداوازییه‌ی له یه‌کێکیان‌دا ورووژاندن و وه‌خۆخستنی چینی خواروو ( به تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌کیی ناقایل بوون به هه‌ژاری) و ته‌قاندنه‌وه‌ی هێزی گه‌وره‌ی پاشه‌که‌وتی ئه‌و چینه پێویسته و له‌وه‌ی دیکه‌یان ئه‌و پێویستییه له گۆڕێ‌دا نییه. له هه‌ر دووکیان‌دا نییه‌تی سه‌ره‌کیی چینی نێونجی برێتی‌یه له چاکسازی سیاسی و له ڕێگای ئه‌ویشه‌وه چاکسازی کۆمه‌ڵایه‌تی و حقووقی و دواجار پێشکه‌وتوویی‌ی ئابووری و فه‌رهه‌نگی‌یه. گشت ئه‌و بابه‌تانه، جگه له چۆنیه‌تی دابه‌ش کردنی داهاتی گشتی و چاره‌سه‌ر کردنی قه‌یرانه ئابوورییه‌کان، له زه‌ینی چینی سێ، ونه یا باشتره بڵێین له‌قه‌ده‌ر ونه. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر ئه‌و هانه‌یه‌ش به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی وه حه‌ول و ده‌ولی بخا. له نه‌بوونی چینی نێونجی‌دا، چینی خواروو وه‌ک پاپۆڕێک وایه که له‌به‌ر نه‌بوونی فه‌رمان و سوکانه‌وه، سروشتی و عاقڵانه ئه‌وه‌یه باده‌وانه‌کانی بکێشێته خوار و سه‌وڵه‌کانی وه‌لا بنێ و خۆی ئه‌سپه‌رده‌ی نه‌رمه شه‌پۆله‌کانی چاره‌نووس بکا، ده‌نا ترسی له‌ناچوون و هیلاکی پێش‌وه‌ختی له‌گۆرێ‌دایه.
چینی نێونجی، به هۆی پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی، سۆز و عاتفه‌ی چینی سێ وه‌ک که‌ره‌سته‌ی گوشار و عه‌قل و ئاوه‌زی چینی یه‌کیش وه‌کوو هۆکارێکی به‌رژه‌وه‌ندی‌خواز ده‌کار ده‌کا و به‌م شێوه‌یه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ڕوو له گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کا و هه‌ر بۆیه‌شه له پرۆسه‌ی په‌ره ئه‌ستاندنی سیاسی و دابه‌شینه‌وه‌ی له‌بارتر و وردبینانه‌تری ده‌سته‌ڵاتی سیاسی و سه‌قامگیر کردنی دێموکراسی‌دا، ـ دێموکراسی وه‌ک مێتۆدیکی وا که ڕێگای به‌شداری کردنی زۆرتری خه‌ڵک له ده‌سته‌ڵاتداریه‌تی خۆش ده‌کا ـ ، ده‌وری چینی نێونجی حاشای لێ ناکرێ.
خێوه‌ت وێبلاگێکی دوو زمانه‌ی کوردی و فارسی یه. ئامانجه سه‌ره‌کییه‌که‌ی توێژینه‌وه‌ی هزر و ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخه. ئه‌م خێوه‌ته له هۆبه و هه‌واری سازگاری بیر و ئه‌ندێشه‌ی کوردی‌دا هه‌ڵدراوه.له‌م خێوهتهدا گرینگیی به بابه‌تی پێوه‌ندیدار به ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و زمانه‌وانی و فه‌لسه‌فه ده‌درێ. خێوه‌ت هێمایێکه بۆ کۆچ کردن؛ کۆچ کردنی به‌رده‌وام له هه‌رێمێکی تێفکرینهوه بۆ هه‌رێمێکی تر.به‌رده‌نگی خێوه‌ت هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ن که له جوغڕافیای هه‌راوی تێفکریندا خۆیان به ههوارچی ده‌زانن نه‌ک به پهیکهرهیێکی چه‌قیو.