مانه‌وه و گێڕانه‌وه
مانه‌وه و گێڕانه‌وه
فه‌لسه‌فه‌ی گێڕانه‌وه له ڕوانگه‌ی عه‌باس مه‌عرووفییه‌وه
وه‌رگێڕانی ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده
به‌شی یه‌که‌م ـ واقیعی داستانی
واقیعی داستانی[1]، بیره‌وه‌ری ده‌ست‌تێ‌وه‌ردراوی واقیعی مه‌وجووده. نووسه‌ر به چاوی خۆی ڕووداوه‌که نابینێ و نایگێڕێته‌وه، به‌ڵکوو به کامێرایێکی تایبه‌تی ده‌په‌رژێته سه‌ر نه‌خشاندنی وێنه و ڕووداو و که‌سایه‌تییه‌کان.
به ده‌سته‌وه گرتنی کامێرا، یه‌کێک له ته‌کنیکه سه‌ره‌کییه‌کانی نووسینی چیرۆک و ڕۆمانه و نه‌زانینی ئه‌م ته‌کنیکه کارێکی سانا ده‌کا به کارێکی نه‌لواو. واقیعی مه‌وجوود ده‌بێ ده‌ستی تێ وه‌ردرێ. واقیعی مه‌وجوودی هه‌ر ڕووداوێک، ماده‌ی خاو و هه‌ڵرژاوی بابه‌تێکه که نووسه‌رێکی لێزان وه‌کوو چیرۆکێک ده‌یگۆڕێ و ده‌یگوورێنێ. نووسه‌ر خه‌یانه‌ت به واقیعی مه‌وجوود ده‌کا هه‌تا ئه‌مه‌گی هونه‌ره‌که‌ی بداته‌وه.
کێشه‌ی زۆریه‌ک له نووسه‌رانی تازه‌کار ئه‌وه‌یه که ناتوانن به دروستی کامێراکه‌یان دابمه‌زرێنن. نازانن شوێنی گونجاوی کامێراکه‌یان له کوێ‌یه، له چ گۆشه‌نیگایێکه‌وه چیرۆکه‌که‌یان ده‌ست پێ بکه‌ن و کێ وه‌ک گێڕه‌ره‌وه دیاری بکه‌ن. نازانن نابێ یاریده‌ی کامێراکه‌یان بده‌ن. ئه‌و نووسه‌وه تازه‌کارانه به‌و خولیایه‌ی هه‌موو شتی بن به‌ڕه بێننه سه‌ر به‌ڕه، ئه‌وه‌ی له چاوی کامێراکه‌یان نه‌دیو ماوه‌ته‌وه، ئاشکرای ده‌که‌ن. که‌چی نابێ هه‌موو شت له‌قاو بده‌ن.
چۆنیه‌تی به‌ده‌سته‌وه گرتنی کامێرا
ئه‌گه‌ر له کونی کلیلێکه‌وه بکه‌وینه گێڕانه‌وه‌ی چێرۆکه‌وه، له‌چاو ئه‌وه‌ی نیگای کامێراکه به‌سه‌ر ته‌واوی ژووره‌که‌دا بڵاو که‌ینه‌وه، به‌رهه‌مێکی یه‌کجار به‌هێزترمان ده‌بێ و هه‌ر کاتێک ده خۆمان ڕا دیت کامێرای چیرۆک‌نووسیمان له‌ناو کونی کلیل‌دا تاقه‌ت بکه‌ین، ده‌بێ بتوانین ئه‌وه‌نده‌ش به خۆمان بوه‌ستین و ددان به جه‌رگمانه‌وه بگرین که له‌و گۆشه‌نیگایه لانه‌ده‌ین و پێی وه‌فادار بمێنینه‌وه و نه‌هێڵین هۆکاری دیکه له ده‌ره‌وه‌ی کامێراکه‌مانه‌وه خۆ ده ڕووداوه‌کان هه‌ڵقوتێنن.
زۆربه‌ی چیرۆک‌نووسان به هۆی خراپ دامه‌زراندنی کامێراوه، ناتوانن له بابه‌تێکی باش ته‌نانه‌ت چیرۆکێکی مام‌ناوه‌ندیش بخولقێنن. که‌چی ئه‌گه‌ر چیرۆکی "دوو ئیسکی‌باز"ی هێمینگوه‌ی بخوێنینه‌وه، تێ‌ده‌گه‌ین گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆکه به هه‌ر کامێرایێکی تر، یا به هه‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌کی تری جگه له‌وه، به‌رهه‌مێکی شاکاری له‌بار ده‌برد و سه‌قه‌تی ده‌کرد.
هێمینگوه‌ی و دوو ئیسکی‌بازه‌که
دوو ئیسکی‌باز له کێوه‌کانی ئاڵپ دێنه خوار و له حاڵێک‌دا برسیه‌تی هێرشی بۆ هێناون و ڕێگایان به‌ره‌و رێستۆرانێک خوار کردووه‌ته‌وه، به‌سه‌ر قه‌برستانێک‌دا ده‌که‌ون و ده‌بینن سێ که‌س خه‌ریکی ناشتنی ته‌رمێکن؛ لادێیی‌یه‌ک و قه‌برهه‌ڵقه‌نێک و قه‌شه‌یێک. ئیسکی‌بازه‌کان ده‌گه‌نه رێستۆران و زۆریان برسی‌یه. کابرای قاوه‌چی دێته لای مێزه‌که‌یان و وێڕای ئه‌وه‌ی خواردن و خواردنه‌وه‌یان بۆ دێنێ، خه‌به‌ر و باسی ناشتنی ژنه لادێییه‌که‌شیان بۆ ده‌گێڕێته‌وه و هه‌رجاره‌ی به‌شێک له ده‌نگ‌وباسه‌که دێنێ.
له‌م چیرۆکه‌دا نه شوێنی کامێراکه ده‌گۆڕێ و نه کامێرای لاوه‌کی بۆ یاریده‌دانی گێڕانه‌وه‌که که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گیرێ. هه‌رچی هه‌یه له واقیعێکی ئارام‌دا ده‌چێته پێش.
قاوه‌چی ده‌گێڕێته‌وه: "کابرای لادێیی که چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر له تۆف‌وبه‌ند و سه‌هۆڵ‌به‌ندانی زستان‌دا ژنه‌که‌ی مردووه، له‌به‌ر گیرانی ڕێگاوبان [ناعیلاج] ته‌رمی ژنه‌که‌ی ده‌باته عه‌مباری ماڵه‌که‌ی و له‌سه‌ر ته‌ختێکی درێژ ده‌کا. به‌ڵام هه‌رجاره‌ی ده‌چێته عه‌مباره‌که، ته‌رمه‌که له‌گه‌ڵ ده‌رگای عه‌مباره‌که تێک هه‌ڵده‌نگوون و کابرا، کێشه‌ی بۆ ساز ده‌بێ. کابرای لادێیی بڕیار ده‌دا جێگای ته‌رمه‌که بگۆڕێ. به‌ڵام که زه‌ینی ده‌داتێ ده‌بینێ [له‌و به‌سته‌ڵه‌که‌دا] ته‌رمی ژنه‌که‌ی به ته‌خته‌ی ژێرییه‌وه نووساوه [و لێوه‌نابێ]. ناعیلاج ته‌خته‌که به ته‌رمه‌که‌وه له لای ده‌رگا به دیواره‌وه هه‌ڵده‌په‌سێرێ. زاری ژنه مردووه‌که وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌هۆی سه‌رسوڕمانه‌وه لێک داپچرابێ وایه."
ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌موو له گونده‌که لێی ئاگادار بوونه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه که ڕوومه‌تی مه‌یته‌که سووتاوه و داپڵۆخاوه. کابرای قاوه‌چی په‌یتا په‌یتا ده‌ڵێ "ئه‌و دێهاتییانه حه‌یوانن!"
به‌ڕاستی چی ڕووی‌داوه؟ کابرای لادێیی ته‌رمه‌که‌ی به دیواره‌وه هه‌ڵپه‌ساردووه و هه‌رجاره‌ی ده‌چێته عه‌مباره‌که بۆی هه‌ڵناسوورێ فانووسه‌که‌ی هه‌ڵاوه‌سێ، چونکه ئه‌و بزماره‌ی فانووسه‌که‌ی پێ هه‌ڵده‌واسی ئێستا که‌وتووه‌ته پشت مه‌یته‌که‌وه. زاری مه‌یته‌که‌ش لێک داپچڕاوه. کابرای لادێیی ناعیلاج ده‌بێ فانووسه‌که به ددانی ژنه‌که‌یه‌وه هه‌ڵاواسێ. ڕووداوه‌که ئاوا ساکاره.
ئه‌و به‌رهه‌مه هه‌ر به‌م ته‌کنیکه ساکاره‌وه له زمان قاوه‌چییه‌وه بۆ دوو ئیسکی‌بازه‌که ده‌گێڕدرێته‌وه. ئه‌م دووانه خه‌ریکی نان خواردنن و کابرای قاوه‌چی هه‌رجارێکی شتێکیان بۆ دێنێ، پشکێک له‌و ڕووداوه سه‌یره‌ش له‌گه‌ڵ خۆی دێنێ.
که‌س خه‌تابار نییه، نه قاوه‌چی نه ئه‌و ژنه‌ی ناوه‌خت مردووه و نه لادێیی ماخۆمرده. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه چیرۆکه‌که‌ی هێمنگوه‌ی ده‌خولقێ. وه‌ک ئه‌وه‌ی خودا له کاری خوڵقان دابێ و نه‌بووبێ به قازی و هه‌ر به‌ته‌نیا گێڕه‌ره‌وه‌ی راستییه‌ک بێ که له‌به‌ر واقیعێکی مه‌وجووده‌وه هه‌ڵگیرابێته‌وه.
قوربانی و قاره‌مان
په‌رداخ کردنی [که‌سێتی] قوربانی کاتێک دژوار ده‌بێ که که‌سایه‌تی قوربانی نه‌بووبێ به دژه قاره‌مان. خولقاندنی که‌سایه‌تی قاره‌مانیش زۆر سانایه، وه‌ک چۆن مێژوونووسان له که‌سایه‌تییه‌کی مێژووییه‌وه قاره‌مانێکی نه‌ته‌وه‌یی دروست ده‌که‌ن و خه‌ڵکیش له ڕاپه‌ڕینێک‌دا په‌یکه‌ره‌ی قاره‌مانه نه‌ته‌وه‌ییه‌که ده‌کێشنه خوار. که‌سایه‌تییه‌کی داستانی که قه‌ت خوو و خده‌ی قاره‌مانانی نه‌بێ به هیچ شۆڕش و ڕاپه‌ڕینێک داناڕووخێ.
ئێرنێست هێمینگوه‌ی و کێوی سه‌هۆڵ
چیرۆکی هێمینگوه‌ی وه‌ک کێوی سه‌هۆڵ وان که له حه‌وت به‌ش شه‌ش به‌شیان له‌ئاو دابێ و خوێنه‌ر هه‌ر به‌ته‌نیا یه‌ک له حه‌وتیان به‌دی بکا، به‌ڵام سه‌رله‌به‌ریان تێ‌بگا و وه‌باڵیان بۆ بکێشێ. [دابین کردنی] زانیاریی شاردراوه‌ی نێوان دێڕه‌کان ده‌سته‌ڵاتێکی تایبه‌تی هێمینگوه‌یه. خوێنه‌ر دێڕه‌کانی چیرۆک ده‌خوێنێته‌وه به‌ڵام وا هه‌ست ده‌کا له شوێنێکه‌وه زانیاری زیادتر ده‌فیچقێننه ناو خوێنییه‌وه و هه‌ر بۆیه چیرۆکه‌کانی هێمینگوه‌ی له‌بیر ناچنه‌وه. [وه‌ک] چیرۆکی یه‌کێک له که‌م‌ئه‌ندامانی شه‌ڕ که به گۆچانی بن‌هه‌نگڵییه‌وه و لاقێکی بڕاوه به شه‌قامێکی دوورودرێژدا وه‌ڕێ که‌وتووه هه‌تا میداڵیای پله یه‌کی قاره‌مانه‌تی‌ی شه‌ڕ بفرۆشێ و ژه‌مه‌نانێکی ده هه‌ناوی کا، به‌ڵام جامخانه‌ی دوکانه‌کانی ئه‌وێ پڕه له‌و میداڵانه و قاره‌مانی تێشکاو بۆی هه‌ڵناسووڕێ ئه‌و میداڵه بکا به نان یا ئاو.
شێوازی هێمینگوه‌ی به ته‌عبیری نه‌جه‌فی ده‌ریابه‌نده‌ری تراویلکه‌یه‌کی خلیسکه که زۆریه‌ک له لاساکه‌ره‌وانی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه. به‌ڵام هێشتا که‌س نه‌یتوانیوه وه‌ک خۆی لاسای بکاته‌وه. هێمینگوه‌ی وه‌ک ڕێبوارێکی بێده‌نگ وایه که به‌لای چیرۆک‌دا تێ‌ده‌په‌رێ و شوێنه‌واری خۆی وه‌ک نووسه‌ر له چیرۆک ده‌ستڕێته‌وه. هه‌رچی زیادتر ده‌نووسێ نووسینه‌که‌ی ساکارتر ده‌بێته‌وه. یه‌کێک له کورت‌ترین چیرۆکه‌کانی جیهان هی ئه‌وه؛ چیرۆکێکی وا که له‌بیر ناکرێته‌وه:
" کاتژمێر شه‌ش‌ونیوی به‌یانی شه‌ش وه‌زیری کابینه‌یان له‌به‌ر دیواری خه‌سته‌خانه‌یێک تیرباران کرد. چه‌ند شوێن له حه‌سارێ ئاوی تێ‌دا ڕاوه‌ستابوو. له‌سه‌ر فه‌رشی حه‌سار گه‌ڵای ته‌ڕی مردوو بڵاو ببوونه‌وه. بارانێکی به غوڕه‌م ده‌باری. گشت په‌رده‌کانی خه‌سته‌خانه‌یان به بزمار کوتابوو. یه‌کێک له وه‌زیره‌کان نه‌خۆشیی که‌وتوویی هه‌بوو. دوو سه‌رباز هێنایانه خوارێ و به‌ناو بارانه‌دا بردیان. هه‌وڵیان دا له پێش دیواره‌که به‌سه‌رپێوه ڕایگرن. به‌ڵام کابرا له نێو ئاوه‌که‌دا دانیشت. پێنجه‌که‌ی دیکه زۆر به هێمنی له پێش دیواره‌که ڕاوه‌ستان. ئاخیری ئه‌فسه‌ره‌که به سه‌ربازه‌کانی گوت له‌خۆڕا حه‌ول نه‌ده‌ن به‌سه‌ر پێوه ڕایگرن. کاتێک هه‌وه‌ڵ ته‌قه‌کانیان کرد دانیشتبوو و سه‌ری له‌سه‌ر ئه‌ژنۆی دانابوو."
نه‌جه‌فی ده‌ریابه‌نده‌ری وه‌رگێڕی ده‌ست‌ڕه‌نگینی به‌رهه‌مه‌کانی هێمینگوه‌ی [بۆ سه‌ر زمانی فارسی] له پێشه‌کی‌ی "پیره‌مێرد و ده‌ریا"دا ده‌نووسێ: ئه‌وه‌ی ئه‌و ته‌وسیفه ڕه‌سه‌ر ده‌خا ون بوونی نووسه‌ر له مه‌یدانه. نه ڕوون‌کردنه‌وه‌یێک، نه ڕا ده‌ربڕینێک، ته‌نانه‌ت نه هێنانی ئاوه‌ڵ‌ناو یا ئاوه‌ڵ‌کردارێک که ته‌عبیر له ڕوانگه و زه‌ینییه‌تی نووسه‌ره‌که‌ی بکا. نزیک‌ترین وشه‌کان له ئاوه‌ڵناوه زه‌ینییه‌کان، "ته‌ڕ" بوونی گه‌ڵا مردووه‌کان و "به‌غوڕه‌م" بوونی بارانه‌یه، که بابه‌تگه‌لێکی ته‌واو عه‌ینین.
ئه‌م به‌شه به ڕسته‌یه‌کی سه‌رسوڕهێنی ئێرنێست هێمینگوه‌ی کۆتایی پێ ده‌هێنم:
"هه‌رچی زیادتر به‌ناو نووسین‌دا ڕۆده‌چی زیادتر به‌ته‌نێ ده‌مێنییه‌وه."
به‌شی دووه‌م ـ چیرۆک واته دۆزینه‌وه
ئه‌ده‌بی داستانی به شێوه‌ی ئیستقرای ریازی ده‌گوورێ. واته به شێوه‌ی دۆزینه‌وه‌ی لادێ به لادێ، گرتنه‌وه‌ی سه‌نگه‌ر به سه‌نگه‌ر و هه‌نگاو هه‌ڵهێنانه‌وه له پاژه‌وه بۆ گشت. چیرۆک‌نووس بێژه‌ری هه‌واڵ نییه هه‌تا ڕاست‌بێژانه ده‌قی هه‌واڵه‌کان به خه‌ڵک ڕابگه‌یێنێ و به گه‌ڵاڵه کردن به‌سه‌ریان‌دا تێ‌بپه‌ڕێ. کۆمه‌ڵناس و فیلسووفیش نییه. ئه‌گه‌ر سه‌ره‌ده‌ره‌یه‌کیش له ده‌روون‌ناسی ده‌رده‌کا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئاگاداری پێکهاته‌ی که‌سایه‌تییه‌کانی به‌رهه‌مه‌که‌ی بێ، ده‌نا خواهه‌ڵناگرێ ده‌روون‌ناسیش نییه. چیرۆک‌نووس ئه‌وه‌نده شلک و بگۆڕه بتوانێ خه‌ریکی تماشا کردنی که‌سایه‌تییه‌کانی بێ و بزانێ چ کارێکی ورووژێنه‌ر ده‌که‌ن یا چ قسه‌یه‌کی تازه له ده‌میانه‌وه دێته ده‌ر. به‌رگه گرتنه‌که‌ی بارته‌قای به‌رگه‌گرتنی خودایه، خۆی چاو و گوێ و زمان و ئاوه‌ز ده‌دا به خولقێندراوه‌کانی و دوایه‌ش هه‌ر خۆی به سه‌رسوڕمانه‌وه ده‌ڕوانێته قسه و ئاکاری ئه‌و بوونه‌وه‌ره دوو پێیه.
چیرۆک واقیعێکه که گه‌یشتبێته هه‌رمان. هێمینگوه‌ی ده‌ڵێ :" نووسه‌رێکی چاک، وه‌سف ناکا به‌ڵکوو ده‌خولقێنێ... كێ کۆترێکی که‌وی فێری هه‌ڵفڕین ده‌کا؟
بنیادنانی په‌خشانی ساکار
هێمینگوه‌ی ناسراوترین نووسه‌ری سه‌ده‌ی بیسته و بنیادنه‌ری شیوازێکی نوێ و په‌خشانێکی ساکار له ئه‌ده‌بی ئه‌مریکایه. ئه‌و بۆ چیرۆک نووسین حه‌یاتی له خۆی ده‌بڕی، واته وه‌ها کاری له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌که‌ی ده‌کرد وه‌ک ئه‌وه‌ی بیه‌وێ پشوو له خۆی ببڕێ. خۆی ده‌ڵێ: " هه‌میشه ئه‌و کاره‌ی دوێنێ کردوومه ده‌ستی تێ وه‌رده‌ده‌مه‌وه. کاتێک به‌رهه‌مه‌که ته‌واو بوو سروشتی‌یه جارێکی دیکه پێی‌دا ده‌چمه‌وه. وه‌ختایه‌ک تایپه‌که‌ش ته‌واو ده‌بێ جارێکی تر ئه‌م هه‌له‌م بۆ ده‌ره‌خسێ گۆڕانکارییه‌ک له‌م ده‌قه تایپ‌کراوه پاک‌وخاوێنه‌ش‌دا بکه‌م. دوایین ده‌رفه‌ت ئه‌و کاته‌یه که خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی نوسخه‌ی چاپخانه ده‌بم. که‌یفخۆشم ئه‌و گشت ده‌رفه‌تانه‌م بۆ هه‌ڵده‌که‌وێ."
ئێرنێست هێمینگوه‌ی نووسه‌رێکه خاوه‌نی شێوازی داهێنه‌رانه‌ی تایبه‌ت به خۆیه‌تی. هێمینگوه‌ی کاتێک ناوی که‌سایه‌تیێک ده‌هێنێ پێی سه‌یره تۆ چۆن نایناسی! هێمینگوه‌ی ته‌نانه‌ت شه‌قام و شار و کۆڵان و قاوه‌خانه‌ش وه‌ها ده‌نه‌خشێنێ وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ک بزانن باسی چ ده‌کا. ئه‌ده‌بی داستانی‌ی جیهان، دوای هێمینگوه‌ی گۆڕانی به‌سه‌ر داهات. ئه‌و که داره‌داره‌ی له بازنه‌ی ئه‌ده‌بی مالکۆم کاولی‌ی پاریس‌دا کردبوو وه‌ها له شه‌قه‌ی باڵی دا که بازنه ئه‌ده‌بییه‌کان چاویان له ته‌شقی عاسمانان بڕی هه‌تا سه‌رسوڕمان له‌و به‌رزه‌فڕییه بزه بخاته سه‌ر لێوانیان.
ئارچیبالد مه‌ک‌لیش ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ی بۆ هێمینگوه‌ی هۆنیوه‌ته‌وه:
له بیست ساڵییه‌وه پێشمه‌رگه‌یه‌کی خاراو
له بیست و پێنج، نێوبانگی وڵاتانی ته‌نییه‌وه
له ته‌مه‌نی سی مامۆستایه
بۆ چاخی خۆی شێوازێکی
له داری گوێز تراشی
یه‌کێک له ده‌سته‌ڵاته سه‌یره‌کانی هێمینگوه‌ی ئه‌وه‌یه عاده‌ته‌ن له ئاوه‌ڵ‌ناو و ئاوه‌ڵ‌کردار که‌ڵک وه‌رناگرێ. که‌چی ئه‌وه‌ی حه‌زی لێ بێ ڕۆی ده‌نێ. ئه‌وه زه‌حمه‌ت نییه نووسه‌رێک که ده‌یه‌وێ باسی که‌سێکی تووڕه بکا بڵێ تووڕه‌یی به سیمایه‌وه دیار بوو یا به تووڕه‌ییه‌وه هاته ژوور... ئه‌وانه هاسانن، به‌ڵام...
ئه‌م وشه کڵێشه‌ییانه به‌کاری خوێنه‌ری ئه‌مڕۆ نایێن. نووسه‌ر ده‌بێ ده‌ره‌قه‌تی ئه‌وه بێ حاله‌ته‌کانی مرۆڤ به شێوه‌ی تایبه‌تی خۆی نه‌خش بکا.
هه‌واڵ عاده‌ته‌ن گشتی‌یه. هه‌واڵی پاشه‌کشه و شکست هێنان له شه‌ڕ دا به ڕسته‌یێک ده‌رده‌بڕدرێ و خه‌ڵکیش له ڕادیۆ ده‌یبیسن یا له ڕۆژنامه ده‌یخوێننه‌وه. به‌ڵام ئه‌م هه‌واڵانه نابن به چیرۆک. هێمینگوه‌ی پاشه‌کشه و شکست هێنان به هۆی قوڕوچڵپاو و چه‌رخی دروومان و بارانه‌وه ده‌نه‌خشێنێ. ئه‌و ڕاپۆرتی شه‌ڕ نانووسێ به‌ڵكوو چیرۆک و ڕۆمان ده‌خولقێنێ:
"شه‌وێ جه‌ماعه‌تێکی زۆر له لادێییه‌کان له جاده‌کانی ده‌شته‌وه تێکه‌ڵی کاروان بوون. له‌ناو کاروان‌دا عاره‌بانه‌کان شت‌ومه‌کی ماڵانیان ده‌کێشاوه. ئاوێنه له توێی دۆشه‌کان‌دا شه‌به‌قیان به‌ره‌و سه‌رێ ده‌هاویشت و مریشک و مراوی به عاره‌بانه‌کانه‌وه هه‌ڵاوه‌سرابوون. له‌سه‌ر عاره‌بانه‌که‌ی پێش ئێمه چه‌رخێکی دروومان بارانه‌ی به‌سه‌ردا ده‌باری. لادێییه‌کان به‌نرخ‌ترین شت‌ومه‌که‌کانیان له‌گه‌ڵ خۆیان ڕه‌کێش کردبوو. له‌سه‌ر هێندێک له عاره‌بانه‌کان ژنان تێک خزابوون و ئه‌وانه‌ی دیش به‌دیار عاڕه‌بانه‌کانه‌وه به پێیان ده‌ڕۆیشتن. ئێستا له کاروان‌دا چوارپێیه‌کان به ده‌م ڕۆیشتنی کاروانه‌وه له بن عاره‌بانه‌کان‌دا غاریان ده‌دا. جاده بووبوو به قوڕ. جۆگه‌کانی ته‌نیشت جاده ئاوی زۆرتریان نه‌ده‌برد و له‌وبه‌ری ئه‌و دارانه‌ی له ته‌نیشت جاده دا ریز بووبوون، قوڕ و لیته‌که له‌وه زیادتر بوو بواری په‌ڕینه‌وه بدا به پیاو. له ماشێن دابه‌زیم و نه‌ختێک به جاده‌دا ڕۆیشتم. به‌دوای شوێنێک‌دا ده‌گه‌ڕام بکرێ له وێوه پێش خۆم به‌دی بکه‌م و بتوانم لاڕێیه‌کی ئه‌وتۆ بدۆزمه‌وه به‌ناو ده‌شت‌دا تێ‌بپه‌ڕێ. ده‌مزانی ئه‌و ناوه لاڕێی زۆره به‌ڵام نه‌مده‌ویست به‌سه‌ر ڕێی وا دا بکه‌وم نه‌مانگه‌یێنێته چ جێیان." (به‌شێک له "ماڵاوایی له چه‌ک")
جووڵه
هێمنگوه‌ی ده‌ڵێ: " جاری وایه چیرۆکه‌که ده‌زانم و جاری وایشه له کاتی نووسین‌دا ڕۆی ده‌نێم و نازانم چی لێ وه‌ده‌ر ده‌که‌وێ. هه‌ر چه‌نده‌ی ده‌چمه پێش‌تر گه‌ڵاڵه‌ی پێشووم گۆڕانی به‌سه‌ر دا دێ. جووڵه چیرۆک دروست ده‌کا."
"به‌ر له‌وه‌ی که‌واکه‌م بکه‌مه به‌رم، ئه‌ستێره په‌ڕۆکانم له قۆڵه‌که‌ی کرده‌وه و له‌گه‌ڵ پاره‌که‌م ده گیرفانم نان. پاره‌که‌م ته‌ڕ بووبوو به‌ڵام که‌لکی پێوه مابوو. ئه‌ژماردم، سێ هه‌زار لیر و شتێک بوو. جلکه‌کانم ته‌ڕ و نووسه‌ک بوون و من ده‌ستم له قالبم ده‌خشاند هه‌تا خوێنم له گه‌ڕیان نه‌که‌وێ. ئاره‌ق‌گیرێکی په‌شمینه‌م هه‌بوو و پێم وانه‌بوو سه‌رمام لێ دا، به‌و مه‌رجه‌ی بجووڵێم. له جاده‌دا ده‌مانچه‌که‌یان لێ دزی‌بووم و من به‌رگه‌که‌یم له ژێر که‌وام شارده‌وه. به ته‌نیشت جۆگه‌له‌که‌دا هه‌ڵکشام، ڕووناک بووبووه‌وه و ده‌شت ته‌ڕ و نزم و به‌دووم ده‌هاته به‌رچاو. کێڵگه‌کان ڕووت و ته‌ڕ بوون. له دووره‌وه بورجی ناقووسم به‌دی ده‌کرد که له‌ناو ده‌شتایی‌دا به‌رز بووبووه‌وه. چوومه ناو جاده و چه‌ند چه‌کدارێکم دی که له پێشه‌وه ده‌هاتن. پازدم دایه قه‌راغ جاده..." (به‌شێک له ماڵاوایی له چه‌ک)
کۆتایی‌ی ڕاوچی‌ی مه‌زن
ده‌کرێ کتێبی "ماڵاوایی له چه‌ک" بکه‌ینه‌وه و بیخوێنینه‌وه؛ له هه‌ر شوێنێکی دڵمان ده‌یگرێ. وێنه و دیمه‌نه‌کان به زیندوویی له‌به‌ر چاومانن. مرۆڤه‌کان زیندوون، خۆشه‌ویستن و زیادتر له‌مانه مرۆڤن. مرۆڤ کاتێک کتێبه‌کانی هێمینگوه‌ی ده‌خوێنێته‌وه تامه‌زرۆیه بزانێ ئه‌م ڕاوچییه مه‌زنه چۆن کۆتایی‌ی پێ هات. به‌یانه‌ی ڕۆژێکی هاوین له ساڵی 1961دا، هێمینگوه‌ی له خه‌و ڕاست بووه‌وه. به‌ڕواڵه‌ت باش بوو و به‌ڵای لێ نه‌بوو. له پێپیلکانی ماڵه‌که‌ی چووه خوارێ و تفه‌نگه گران‌باییه‌که‌ی ڕاوی هه‌ڵگرت. که‌س نه‌یده‌زانی چ ده‌قه‌ومێ. هه‌ر ئه‌وه‌نده بوو ده‌نگی ته‌قه‌یه‌ک به‌رز بووه‌وه. کاتێک هاوسه‌ر‌ی به‌هه‌ڵه‌داوان و به هاڵۆزی گه‌یشته سه‌ری، که‌وته سه‌ر ته‌رمی هێمینگوه‌ی. لێو و چه‌نه‌گه و به‌شێک له گۆناکانی ساغ مابوونه‌وه به‌ڵام باقی سه‌ر و ڕوومه‌تی بڵاو بووبوو. ژنه‌که‌ی پێی وابوو به هه‌ڵکه‌وت گولله‌ی له ده‌ست ده‌رچووه. به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵکه‌وته ده‌بێ هه‌ڵکه‌وتێکی ده‌گمه‌ن بووبێ. چونکه هه‌موو هێماکان وایان ده‌رده‌خست گولله‌که له زاری هێمینگوه‌ی خاڵی کراوه.
به‌شی سێیه‌م ـ ڕاست‌نوێنی، ڕاستۆکیی وشه‌کان
ئه‌وه‌ی چیرووک‌نووسه، دره‌نگ یا زوو رۆژێک دادێ به‌سه‌ر ئه‌م ڕاستییه حاشاهه‌ڵنه‌گره‌دا بکه‌وێ که ئه‌وه‌ی خوێنه‌ران پێمل و عه‌وداڵی خۆی ده‌کا خه‌یاڵه‌که‌یه‌تی نه‌ک گێڕانه‌وه‌یه‌کی وا که راستۆکانه بێ و کوت‌و‌مت له‌به‌ر ڕووداوێک هه‌ڵگیرابێته‌وه. زۆریه‌ک له چیرۆک‌نووسانی لاو له‌سه‌ر ڕاستۆکی و ده‌ستپاکی پێ ده‌چه‌قێنن و له بیریان ده‌چێته‌وه که ڕاستۆکی و ده‌ستپاکی ته‌نیا بۆیان هه‌یه گوته‌یه‌ک هه‌رماو بکه‌ن، ده‌نا نووسه‌ر نا‌توانێ ئه‌مینێکی باش بێ و نهێنی‌پارێزێکی باشیش نییه.
له بیرمه دوای ئه‌وه‌ی [له به‌ندیخانه‌دا] ده‌یانپشکنیم، خێرا وێ‌ده‌که‌وتم پشکنینه‌وه‌که‌م به هه‌موو ورده‌کارییه‌کانه‌وه بۆ نووسه‌ران و شاعیرانی هاوچه‌رخ ده‌گێڕاوه و ده‌شمزانی پشکێنه‌ره‌کانم بیستۆکیان بۆ داناوم، ئه‌و به‌رسه‌رهاتانه‌م به ته‌له‌فوون بۆ دانشوه‌ر و سپانلوو و بێهبه‌هانی و گوڵشیری و شاملوو و عیبادی و موسه‌ددیق و خه‌ڵکی دیکه ده‌گێڕاوه. جارێکیان کابرای پشکێنه‌ر پێی گوتم "هه‌تیوه بۆ هه‌رچیت پێ ده‌لێم ده‌چی بۆ ئاواڵه‌کانت ده‌گێڕیه‌وه؟" گوتم "ئه‌من عه‌یبێکی گه‌وره‌م هه‌یه؛ زاربه‌هاوارم، نهێنی‌پارێزێکی چاک نیم. قسه‌م ده زاری‌دا ڕاناوه‌ستێ." گوتی:"ئه‌دی بۆ مێشی ده‌که‌یه گامێش؟ بۆ شتێکیشی پێوه‌ده‌نێی جا ده‌یگێڕییه‌وه؟" گوتم "ئاخر ئه‌من چیرۆکنووسم، خه‌یاڵه‌که‌شمی تێهه‌ڵکێش ده‌که‌م" ئامانجم هه‌ر ئه‌وه بوو شتێکی نهێنی له نێوان خۆم و پشکێنه‌ره‌کانم نه‌هێڵمه‌وه و گه‌رایه‌کی تایبه‌تی له نێوان ئێمه‌دا نه‌گوورێ. گه‌ره‌کم بوو لێیان تێ‌په‌ڕم. ئه‌گه‌ر چیرۆک‌نووس نه‌بامایه له په‌سیوێکی تاریک و تنۆک‌دا تێ‌دا ده‌چووم و که‌سیش نه‌یده‌توانی ده هاوارم بێ. ده‌مویست بمێنمه‌وه هه‌تا شایه‌تی له‌سه‌ر ڕاست‌بێژیی وشه‌کان بده‌م. به‌سه‌ر دۆخێکی ئه‌وتۆدا که‌وت‌بووم وام هه‌ست ده‌کرد شه‌هرزادێکی حه‌کایه‌ت‌بێژ له ناخم‌دا ته‌مایه‌تی ڕامبگرێ، له لایه‌که‌وه حه‌کایه‌تم بۆ بکا و له لایه‌کی تریشه‌وه به‌ڵاگێره‌وه‌م بێ.
ڕاست‌نوێنی
ئه‌ی. ئێڵ. دۆکترۆف نووسه‌ری ئه‌مریکایی خولقێنه‌ری ڕۆمانی "ڕه‌گتایم" هه‌وڵ ده‌دا ڕوونی کاته‌وه بۆچی به‌رهه‌می خه‌یاڵکرد و داستانی له کتێبی مێژوو ڕاسته‌قینه‌تره. جا ده‌نووسێ " [جیهانی چیرۆک] جیهانێکه خودا بۆ درۆزنانی ڕۆناوه و ئێمه‌ی نووسه‌ریش درۆزنی زگماکین. به‌ڵام خه‌ڵک ده‌بێ بڕوامان پێ بکه‌ن. چونکه هه‌ر به ته‌نیا ئێمه‌ین که بۆخۆمان ڕاده‌گه‌یێنین پیشه‌مان درۆهه‌ڵبه‌ستنه. که‌وایه ئه‌وه ئێمه‌ین که ڕاست‌بێژین." به‌ڵام دۆکتۆرۆف پێمان ناڵێ چۆن ده‌کرێ چاک‌تر درۆیان بکه‌ین. ئه‌و، فێڵ و فه‌نده‌کانی درۆی گه‌رمه‌ته‌ندوور فێری نووسه‌رانی تازه‌کار ناکا، به‌ڵام هه‌ر له‌و ڕۆمانه‌ی ڕه‌گتایم‌دا یه‌ک به قه‌وه‌تی خۆی حه‌ول ده‌دا تا گشت درۆکانیمان وه‌ک به‌ڵگه‌نامه‌ی گرینگی مێژوویی و ڕاسته‌قینه به‌سه‌ر دا قاڵ کاته‌وه. سه‌یر ئه‌وه‌یه بۆشی ده‌چێته سه‌ر. ئه‌م نووسه‌ره زۆر که‌سایه‌تیی ناسراو له زیگمۆند فرۆیده‌وه بگره تا گه‌پجاڕی به‌ناوبانگ هێری هۆدینی و فۆرد ده‌سمایه‌داری ناوبه‌ده‌ره‌وه و هه‌تا مامێ و تاتێی کۆمۆنیست و زۆر که‌سی تریش به شایه‌ت ده‌گرێ هه‌تا چیرۆکی بنه‌ماڵه‌ی باوکه بڵێته‌وه و به‌سه‌رهاتی سه‌فه‌ره‌که‌ی بۆ قوتبمان پێ بسه‌لمێنێ.
باوکه که کارخانه‌ی ئاڵاسازی هه‌یه ئاخیره‌که‌ی ئاڵاکه‌ی له قوتب‌دا به‌رز ده‌کاته‌وه هه‌تا ئاڵای ئه‌مریکا له قوتبیش‌دا نیگای خه‌ڵکی بڕنێته‌وه. گشت ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی قه‌راره له کۆتایی‌دا بگێڕدرێته‌وه، چیرۆکی دڵداری ساڕا ئه‌و کچه به‌حه‌یا و شه‌رمێونه له‌گه‌ڵ کوولهاس واکێره. ده‌ڵێی هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه شایه‌تی بۆ یه‌کتر ده‌ده‌ن و وه‌باڵ بۆ یه‌کتر ده‌کێشن هه‌تا چیرۆکی دۆکتۆرۆف له بڕوای خوێنه‌ردا تۆمار بکرێ؛ تۆمار بکرێ، ببێته بیره‌وه‌ری یا ته‌نانه‌ت ببێ به به‌شێک له بیرگه. هێری هۆرینی به‌نباز به نمایشتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی ده‌بێ ئاماده بێ هه‌تا له شوێنێکی تردا برای چووکه‌ی دایکه له به‌ر دۆڵابی سه‌رده‌سته‌ی فێمینسته‌کانه‌وه له که‌لێنی ده‌رکێوه ته‌ماشای قالبی ڕووتی وی بکا و ده‌ست ده خۆی وه‌ردا و دوایێ وه‌ک بێ‌هۆشان له‌سه‌ر عه‌رزی تخێڵ بێ. ڕه‌نگیشه دۆکتۆرۆف ته‌مای بێ ژیانی پڕ له چه‌رمه‌سه‌ری تاتێ و مامێ بگێڕێته‌وه. تاتێ پیشه‌ی ئه‌وه‌یه له قه‌راغی شه‌قام دابنیشێ و به مقه‌ست کردنی مقه‌ببای ڕه‌ش، وێنه‌ی نیوه ڕوخساری خه‌ڵکی ده‌ربێنێ و به‌سه‌ر کاغه‌زێکی سپییه‌وه‌ی بنووسێنێ و بیداته ده‌ستیان و پاره‌یه‌کیان لێ بستێنێ؛ کارێک که له‌سه‌ر دیواری چین جه‌ماعه‌تێکی زۆر له‌و نیوه‌ڕوخسارکێشانه‌ی شاری پێکه‌ن پێیه‌وه سه‌رقاڵن. مامێش کرێکاری دروومانه. باوه‌شێک قوماش ده‌باته‌وه ماڵێ و هێنده لاقی له‌سه‌ر چه‌رخی دروومانه‌که‌ی داده‌گرێ هه‌تا کاره‌که ته‌واو ده‌بێ و ده‌یداته‌وه به خاوه‌نه‌که‌ی. باری گوزه‌ر‌انی ئه‌و خێزانه باش نییه و مامێ دایمه ده‌چێ کۆڵێک کار ده‌باته‌وه و ده‌یداته‌وه به دروومانخانه‌که. خاوه‌ن‌کاره‌که پیاوێکی حیزه و هه‌تا ده‌چێ ده‌ستێک ڕه مه‌مکی مامێ ده‌خشێنێ. خێزانی تاتێ و مامێ کاتێک له‌به‌ر یه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێ که ئیتر مامێ له ده‌ست‌ڕێ‌خشاندنی خاوه‌ن‌کاره خوێڕییه‌که‌ی ڕاهاتووه و ئه‌وجار بۆخۆی ده‌چێ هه‌تا خۆی بداته به‌ر ده‌ستی خاوه‌ن‌کاره‌که‌ی. دوایێ خوینه‌ر خۆی به شوێن تاتێ و مامێ‌دا ده‌گه‌ڕێ و شوێن‌پێیان نادۆزێته‌وه. ئه‌وه له ڕێگای کوڕ‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئاڵاسازه‌که‌وه ده‌زانین. ئه‌خر کوڕه‌که ناسیاری کچی تاتێ و مامێ‌یه.
دۆکتۆرۆف بۆ ده‌ربڕینی راست‌بێژانه‌ی درۆ زله‌کانی ئه‌وه‌ی له ده‌ستی دێ ده‌یکا، ته‌نانه‌ت چاو له ده‌نگ‌وباسی چکۆڵه‌ی ڕۆژنامه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌میش ناچووقێنێ. له کۆتایی‌دا ڕۆمانێکی سه‌رنج‌ڕاکێش به پێکهاته‌یه‌کی تۆکمه و به‌رچاو و ڕوانینێكی قووڵ بۆ ئه‌مریکای سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م له به‌رده‌ستی خوێنه‌ر ده‌نێ. به‌ڵام ئایا نووسه‌ر مێژوونووسه؟
ئایا نووسه‌ر مێژوونووسه؟
به هۆی ڕۆمانی ڕه‌گتایمه‌وه ئه‌م ئه‌سڵه هه‌تاهه‌تایه هه‌ڵوه‌شایه‌وه که مێژوو ده‌توانێ ڕاستیی ژیانی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگا ده‌ربخا. هه‌ر به‌ته‌نێ به‌رهه‌می خه‌یاڵکرد ده‌توانێ ڕاسته‌قینه‌ی ژیان ده‌ربخا. ئه‌مه‌ش سه‌رناگرێ مه‌گین به ڕاست‌نوێنی هه‌ر شتێکی نووسه‌ر ده‌یهه‌وێ تۆماری بکا. دۆکتۆرۆف ده‌ڵێ:" ئێمه به پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌توانان پێشان پیشه‌که‌مان قبووڵ ده‌که‌ین و دوایێ تێ‌ده‌کۆشین لایه‌نگران بۆخۆمان بدۆزینه‌وه. ئه‌وه‌ی ئێمه ڕزگار ده‌کا و شه‌رعییه‌تمان پێ‌ده‌دا هه‌وڵ و تێ‌کۆشانمان بۆ گرده‌وه‌کۆیی و پێشان‌دانی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه ساختانه‌یه که له گشت جیهان‌دا پێی ده‌ڵێن خه‌ون. چونکه یه‌که‌مین به‌ڵگه‌نامه‌ی ساخته له‌ڕاستی‌دا برێتی‌یه له خه‌ونی ئێمه.
به‌شایه‌ت گرتن
کاری چیرۆک‌نووس ڕاست‌بێژی و شێواندنی به‌رهه‌م نییه، به‌ڵکوو ئه‌و ده‌بێ بتوانێ هه‌ر شتێک به خوێنه‌ره‌که‌ی بسه‌لمێنێ و واقیعێکی په‌رژوبڵاو بکا به به‌رهه‌مێکی دڵ‌ڕفێن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م کاره وا سووک و هاسانیش نییه. له‌ناو ئه‌و ته‌کنیکانه‌ی دواتر فێریان ده‌بین یه‌کێکیان "به شاهید گرتن"ه.
هه‌میشه له چیرۆک‌دا له‌پاڵ گوته و کرده‌وه یا ئاماده‌بوونی که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی، بابه‌تێکی چکۆڵه ده‌بێ ببێ به شایه‌ت و هۆگرییه‌ک له نێوان خوێنه‌ر و نووسه‌ر بته‌نێته‌وه. ئه‌گه‌ر خانووبه‌ره‌یه‌کی سه‌ت نهۆم له چیرۆک‌دا دروست ده‌که‌ین له بیرمان نه‌چێ بوونی ئه‌م خانووبه‌ره‌یه به سندووقێکی پۆستی ڕه‌نگ زه‌رد له پێش خانووبه‌ره‌که پشت‌ڕاست بکه‌ینه‌وه و له‌بیرمان نه‌چێ له حاست ڕاگه‌یێندراوی نێئۆفاشیسته‌کان له‌سه‌ر قالبی سندووقه‌که که‌مته‌رخه‌م نه‌بین. دوایێ ده‌توانین بۆ وێنه‌ی ئه‌م سندووقه و هه‌موو خانووبه‌ره‌که له شووشه‌ی باڵانوێنی گوڵ‌فرۆشییه‌که‌ی ئه‌و به‌ری شه‌قام، بڕوانین.
[1] له باشووری کوردستان وشه‌ی "داستان" له جیاتی "حه‌ماسه" به‌کار ده‌هێندرێ. له‌م وه‌رگێڕانه‌دا مه‌به‌ست له ئه‌ده‌بی داستانی هه‌ر جۆره ئه‌ده‌بێکه که ڕه‌گه‌زی گێڕانه‌وه‌ی تێ‌دا بێ.
خێوه‌ت وێبلاگێکی دوو زمانه‌ی کوردی و فارسی یه. ئامانجه سه‌ره‌کییه‌که‌ی توێژینه‌وه‌ی هزر و ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخه. ئه‌م خێوه‌ته له هۆبه و هه‌واری سازگاری بیر و ئه‌ندێشه‌ی کوردی‌دا هه‌ڵدراوه.له‌م خێوهتهدا گرینگیی به بابه‌تی پێوه‌ندیدار به ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و زمانه‌وانی و فه‌لسه‌فه ده‌درێ. خێوه‌ت هێمایێکه بۆ کۆچ کردن؛ کۆچ کردنی به‌رده‌وام له هه‌رێمێکی تێفکرینهوه بۆ هه‌رێمێکی تر.به‌رده‌نگی خێوه‌ت هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ن که له جوغڕافیای هه‌راوی تێفکریندا خۆیان به ههوارچی ده‌زانن نه‌ک به پهیکهرهیێکی چه‌قیو.